بانکی ناوەندیی عێراق فرۆشی کاشی زیادکرد و بەهای دینار بەرامبەر دۆلار دابەزی
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ بانکی ناوەندیی عێراق زیاتر لە 46 ملیۆن و 570 هەزار دۆلاری خستە بازاڕەوە، بەڵام بەهای دینار دابەزی و لەکاتی داخستنی بازاڕدا 100 دۆلار گەیشتەوە سەروو 154 هەزار دینار.
رۆژی پێنجشەممە 31-08-2023 حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراوی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ لەکاتی کردنەوەی بازاڕی دراوی هەولێر، 100 دۆلار بە 153 هەزار و 700 دینار بوو، بەڵام لەکاتی داخستندا بەهای دینار دابەزی و 100 دۆلار بە 154 هەزار و 100 دینار مامەڵەی پێوەکرا.
حاجی سابیر دەڵێت، خواستێکی زۆر لەسەر دۆلار هەیە و یادی چلەی ئیمام حوسێنیش کاریگەریی هەبووە، چونکە ساڵانە لە سەروبەندی ئەو یادەدا بازاڕ و کاری کۆمپانیاکان لە ناوچەکانی عێراق سست دەبن یان دەوەستن.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراوی هەولێر دەشڵێت، دۆخی سیاسیی عێراقیش بەگشتی کاریگەریی نەرێنیی هەبووە لەسەر بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار.
ئەمڕۆ بانکی ناوەندیی عێراق 201 ملیۆن و 110 هەزار و 290 دۆلاری خستە بازاڕەوە؛ 154 ملیۆن و 540 هەزار و 290 دۆلاری بە شێوەی حەواڵە و 46 ملیۆن و 570 هەزار دۆلاریشی بەشێوەی کاش بوو.
جەبار گۆران، گوتەبێژی بازاڕی دۆلاری سلێمانی بە رووداوی گوت، ئەمڕۆ لەکاتی کردنەوەی بازاڕدا لە سلێمانی، 100 دۆلار بە 153 هەزار و 850 دینار بوو، بەڵام لەکاتی داخستندا 100 دۆلار بە 154 هەزار دینار مامەڵەی پێوەکرا.
جەبار گۆران دەڵێت، لە هەرێمی کوردستان خواستێکی زۆر لەسەر دۆلار هەیە، بۆیە سەرەڕای زیادکردنی خستنەڕووی دۆلار بە شێوەی کاش لەلایەن بانکی ناوەندییەوە، بەڵام بەهای دینار دابەزی.
جەبار گۆران باس لەوە دەکات، رەنگە هۆکارێکی پشت دابەزینی بەهای دینار ئەوە بێت کە خەڵک، بەتایبەتی ئەوانەی لە کەرتی تایبەت کاردەکەن، لەم سەری مانگەدا و لەکاتی وەرگرتنی مووچەدا، بەشێك لە پارەکانیان بکەن بە دۆلار و پاشەکەوتی بکەن.
گوتەبێژی بازاڕی دۆلاری سلێمانی گوتیشی، ئەگەر بانکی ناوەندیی عێراق بەردەوام بێت لە زیادکردنی خستنەڕووی دۆلار بەشێوەی کاش، بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار بەرزدەبێتەوە، بەڵام رەنگە بە رادەیەکی زۆر نەبێت، بەڵکو تەنیا دوو بۆ سێ هەزار دینار لە بەهای 100 دۆلار دابەزێنێت.
بەبڕوای جەبار گۆران، بۆ بەرزکردنەوەی بەرچاوی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار، دەبێت رێکارەکانی بانکی ناوەندی لە هەرێمی کوردستان جێبەجێبکرێن، وەکو کارتی ئەلیکترۆنی، پێدانی دۆلار بە نرخی فەرمی بە بازرگانان و کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو، ئەوکاتە رەنگە بەهای 100 دۆلار بۆ 145 هەزار و زیاتریش دابەزێت.
بانکی ناوەندیی عێراق رۆژانە 100 دۆلار بە 131 هەزار دینار دەفرۆشێت، بەڵام نەیتوانیوە بەهای دینار لە بازاڕەکاندا بەرامبەر دۆلار جێگیر بکات.