کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان: عێراق پارەمان بۆ زیاد نەکات، لە دادگەی لەندەن سکاڵا تۆمار دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان دەڵێت، ئەگەر حکومەتی عێراق لەسەر بابەتی خەرجییەکانیان نەگاتە رێککەوتنێکی قایلکەر لەگەڵیان، پەنا بۆ دادگەی نێوەندگیریی لەندەن دەبەن.
رۆژی چوارشەممە 30-08-2023 مایڵز کاگینز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان بە رووداوی گوت، "بۆریی نەوتی نێوان عێراق و تورکیا لەوانەیە بکرێتەوە، بەڵام ئەندامانی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان دەست بە بەرهەمهێنانی نەوت ناکەنەوە تاوەکو رێککەوتنێکی روون لەبارەی ئەو بڕە پارەیەی وەریدەگرن، نەیەتە ئاراوە."
کۆمەڵەکە لە ژمارەیەک کۆمپانیای نێودەوڵەتیی گاز و نەوت پێکدێت کە راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بەشدارییان لە بەرهەمهێنانی نەوتی کوردستاندا هەیە. کۆمپانیای نەرویجی DNO، گەنەڵ ئینێرجیی تورکی، گەڵف کی ستۆن، HKN و کۆمپانیای شاماران ئەندامانی کۆمەڵەکەن.
کاگینز باسی لەوە کرد، لە گفتوگۆکانیاندا لەگەڵ بەغدا پێیان گوتراوە شەش دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک نەوت وەردەگرن؛ جەختی کردەوە کە ئەو بڕە پێویست نییە.
ئەو گوتەبێژەی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان گوتیشی، ئەوان نایانەوێت بابەتەکە ببەنە دادگە، بەڵام ئەگەر نەگەنە رێککەوتنێکی قایلکەر، بابەتەکە دەبەنە بەردەم دادگەی نێوەندگیریی لەندەن.
ئاداری ئەمساڵ، دوای ئەوەی دادگەی پاریس کەیسێکی لە بەرژەوەندیی عێراق کۆتایی پێهێنا، هەناردەی نەوتی کوردستان بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا راگیرا. دادگەکە رایگەیاند، تورکیا بە رێگەدان بە هەناردەی سەربەخۆی نەوتی کوردستان، پێشێلی رێککەوتنی ساڵی 1973ی کردووە.
پێشتر هەرێمی کوردستان لە کێڵگە نەوتییەکانی خۆیەوە 400 هەزار بەرمیل و لە کەرکووکیشەوە 75 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردە دەکرد.
لەبارەی کاتی دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوتی کوردستانەوە گوتەبێژەکە گوتی، کاتێکی دیاریکراوی نییە و داوا لە هەولێر، بەغدا و ئەنقەرە دەکات گفتوگۆی زیاتر لەو بارەیەوە بکەن.
کاگینز گوتیشی، نێوەندگیرەکان هەست بەو زیانە ناکەن بەر کۆمپانیاکان و خەڵک دەکەوێت؛ "دوودڵییەکی زۆریش" دروستبووە.
زۆرینەی داهاتی هەرێمی کوردستان لەسەر نەوتە، لەبەر ئەوە گرتنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان زیانی زۆری بە ئابوورییەکەی گەیاندووە. سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، زیانی وەستانی هەناردەی نەوت تاوەکو ئێستا پێنج ملیار دۆلار بووە.