کوژرانی هەنییە لە رۆژێکی "چارەنووسساز" بۆ بازاڕەکان؛ لە دینارەوە تاوەکو زێڕ و نەوت
رووداو دیجیتاڵ
کوژرانی کەسی یەکەمی حەماس لەنێو ئێران، کاریگەریی لەسەر بازاڕەکانی ئێران، هەرێمی کوردستان و جیهانیش دانا. نرخی دیناری دابەزاند و ئۆنسە و مسقاڵی زێڕی بەرزکردەوە. ئەمە هاوکاتە لەگەڵ بڕیارێکی چارەنووسسازی ئەمریکا لەسەر بازاڕەکان.
جگە لە دابەزینی نرخی تمەن بۆ نزمترین ئاستی مانگێک و دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار، کوژرانی ئیسماعیل هەنییە کاریگەریی لەسەر بازاڕەکانی جیهانیش داناوە.
لە نێوخۆی ئێراندا نرخی پشکەکانی بازاڕی بۆرسەی وڵاتەکە بۆ 2 ملیۆن و 68 هەزار و 372 خاڵ. تەنیا ئەمڕۆ 2.5٪ـی نرخەکەی لەدەستداوە.
لە نێوخۆی هەرێمی کوردستانیشدا، هەر دۆلارێک گەیشتە 60 هەزار و 400 تمەن.
جەبار گۆران، گوتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی بە رووداوی گوت، ئەمە نزمترین ئاستی نرخی تمەنە بەرامبەر بە دۆلار.
دیناریش بەدەر نەبوو لە کاریگەریی کوژرانی هەنییە؛ 100 دۆلار بۆ 149 هەزار و 550 دینار بەرزبووەوە.
بەرزبوونەوە یان دابەزینی زیاتری نرخی تمەن و، تاڕادەیەک دیناریش، دەوەستێتە سەر ئاراستەی گرژییەکان.
نەوت
پێش هێرشە درۆنییەکەی دوێنێ شەوی ئیسرائیل بۆ سەر بەیرووت و کوشتنی ئیسماعیل هەنییە لە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ لەنێو خاکی ئێران، نرخی نەوتی برێنت بە 78 دۆلار و نەوتی سووکی رۆژئاوای تێکساس بە 75 دۆلار بوون.
ئێستا، نەوتی برێنت بە 80.15 دۆلار و نەوتی سووکی رۆژئاوای تێکساس بە 76.96 دۆلارن. واتە 2 دۆلار بەرزبوونەتەوە.
نە ئیسرائیل و نە لوبنان بەرهەمێنەر و هاوردەکاری گەورەی نەوت نین، بەڵام بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بەهۆی شەڕەکەوە پەیوەستە بە ئێرانەوە.
ئێران پشتیوانێکی گەورەی حیزبوڵڵای لوبنانە. کوشتنی کەسی یەکەمی حەماسیش لەنێو خاکەکەی، وایکردووە سوپای وڵاتەکە و سەرکردەکانی هەڕەشەی تووند بکەن.
مەترسییەکە لەوەدایە؛ شەڕ فراوان ببێت و ئێران ببێتە بەشێک لێی، ئەوەش مەترسی بخاتە سەر بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوتەکەی.
هەرچەندە ئێران لەژێر گەمارۆی ئەمریکا و رۆژئاوایە، بەڵام بە چاوپۆشیی ئەمریکا، رۆژانە 3 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت. لەو بڕە ملیۆنێک و 500 هەزار بەرمیلی هەناردەی چین دەکات.
ئەو نەوتەی ئێران بەرهەمی دەهێنێت، دەکاتە 3.5٪ـی بەرهەمی رۆژانەی نەوت لەسەر ئاستی جیهاندا.
هەر پچڕانێک لە کەرتی نەوتی ئێران، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان بەرزدەکاتەوە. ئەمەش شتێکە پێش هەر یارێکی ئێران، ئەمریکای نەیاری دژیەتی.
ئەمریکا گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتی جیهانە و ئێستا رۆژانە زیاتر لە 13 ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەمیەتی. بەڵام کێشەکە ئەوەیە گەورەترین بەکاربەری جیهانیشە و رۆژانە 20 ملیۆن بەرمیل نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان هەناردە دەکات.
بەرزبوونەوەی نرخی نەوت زیانی ئابووریی گەورە لە ئەمریکا دەدات، وادەکات تێچووی بەرهەمهێنان لە کارگە و پیشەسازییەکانی بەرزببێتەوە، سەرەنجام دەبێتە بەرزبوونەوەی هەڵاوسان.
لە مانگی رابردوودا هەڵاوسان لە ئەمریکا بۆ 3.0٪ دابەزی. رێژەکە نزمە، بەڵام بۆ ئەو رێژە نزمە، ئەمریکا رێژەی سوودی گەیاندووەتە 5.5٪ کە بەرزترین ئاستی 23 ساڵی رابردووە. واتە هەر شەڕێکی ناوچەیی کە ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی بەرچاو و بەردەوامی نرخی نەوت، ئەمریکا دەگەڕێنێتەوە خاڵی سەرەتا لە کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسان و سیاسەتی نەختینەیی.
بە کاریگەریی شەڕی ئۆکراینا لە حوزەیرانی 2022، هەڵاوسان لە ئەمریکا گەیشتە 9.1٪. ئەمە بەرزترین ئاستی 40 ساڵی رابردوو بوو. هۆکاری سەرەکیی ئەو ئاستەش بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بوو. بۆیە شەپۆلی بەرزکردنەوەی رێژەی سوودیشی دەستپێکرد.
بەرزبوونەوەی نرخی نەوت هەمان مانای بۆ وڵاتانی دیکەی رۆژئاواش هەیە.
ئۆنسە و مسقاڵی زێڕ
پێش هێرشەکەی دوێنێ شەوی ئیسرائیل بۆ سەر بەیرووت، ئۆنسەیەک زێڕ بە 2 هەزار و 381 دۆلار بوو. لەگەڵ هێرشەکە، ئۆنسەیەک زێڕ 25 دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە 2 هەزار و 406 دۆلار.
ئەمڕۆش گەیشتە 2 هەزار و 426 دۆلار. واتە لە دوێنێ شەوەوە هەر ئۆنسەیەک زێڕ بە کاریگەریی رووداوەکان 45 دۆلار بەرزبووەتەوە.
شەڕ و ئاڵۆزییەکان وا دەکەن کڕینی زێڕ زیادببێت، بەوپێیەی بە "پەناگەیەکی ئارام" دەناسرێت کە لە کاتی شەڕ و ئاڵۆزییەکاندا نرخەکەی بەرزدەبێتەوە.
بەدەر لە شەڕ و گرژییەکان، رووداوێکی دیکەش بەڕێوەیە کە دەکرێت کاریگەریی لەسەر زێڕ هەبێت؛ بەرزبوونەوەکە زیاتر بکات، یان سنوورداری بکات؛ ئەویش بڕیاری ئەمشەوی ئەمریکایە لەبارەی رێژەی سوودی بانکی.
ئەمشەو کاژێر 21:00 بە کاتی هەرێمی کوردستان، بانکی ناوەندیی ئەمریکا بڕیاری خۆی لەبارەی رێژەی سوودەوە ئاشکرا دەکات.
زۆرینەی پێشبینییەکان ئەوەن کە ئەمریکا رێژەکە لە 5.5٪ دەهێڵێتەوە، بەڵام چاوی بازرگانان لەسەر گوتاری جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکەکەیە لە کاژێر 21:30.
هەر ئاماژەیەک بە کەمکردنەوەی رێژەی سوود، نرخی زێڕ بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزدەکاتەوە.
هەر بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی نرخی ئۆنسەی زێڕ، کاریگەریی لەسەر نرخی مسقاڵی زێڕ لە هەرێمی کوردستانیش دەبێت.
بە کاریگەریی رووداوەکان، ئەمڕۆ نرخی مسقاڵێک زێڕیش لە هەرێمی کوردستان 5 هەزار دینار بەرزبووەوە.
نرخی فرۆشتنی مسقاڵی زێڕ بەپێی سەندیکای زێڕینگران بەم شێوەیەیە:
مسقاڵێک زێڕ عەیار 24=583,000
مسقاڵێک زێڕ عەیار 22=535,000
مسقاڵێک زێڕ عەیار 21=510,000
مسقاڵێک زێڕ عەیار 18=437,000
فراوانبوونی گرژییەکان بە واتای بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی ئۆنسەی زێڕ و رەنگە دابەزینی نرخی دراوی وڵاتانیش بێت، لەنێویشیاندا دینار.
سیناریۆیەکی لەمجۆرە راستەوخۆ نرخی مسقاڵی زێڕ بەرزدەکاتەوە.
دەبێت بزانین؛ گۆڕانی نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان پەیوەستە بە دوو هۆکار؛ نرخی ئۆنسەی زێڕ لەسەر ئاستی جیهان و نرخی دینار بەرامبەر دۆلار لە بازاڕەکانی نێوخۆ. هاوتەریب لەگەڵ نرخی ئۆنسە لە لایەک و نرخی دینار بەرامبەر دۆلار هەڵبەز و دابەز دەکات.
بۆ بەرزبوونەوەی نرخی مسقاڵی زێڕ، وەک ئێستا هەیە، دەبێت نرخی ئۆنسە بەرزبێتەوە و دیناریش بەرامبەر بە دۆلار دابەزێت. بۆ دابەزینیشی، دەبێت نرخی ئۆنسەی زێڕ دابەزێت و دیناریش بەرزببێتەوە.
نزیکەی مانگێکە مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە کەمتر لە 500 هەزار دینار نەبیندراوە.
رۆژی چوارشەممە 17-7-2024ـیش، گەیشتە 520 هەزار دینار. ئەمە بەرزترین نرخی مسقاڵی زێڕی عەیار 21ـە لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان.
بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی مسقاڵی زێڕ، دەوەستێتە سەر دوو فاکتەر؛ زیادبوونی گرژییەکان و ئاماژەیەکی روونی جیرۆم پاوڵ بە دابەزینی رێژەی سوودی بانکی. پێچەوانەکەشی راستە. لە ئەگەری هێوربوونەوەی گرژییەکان و ناڕوونی لە قسەکانی پاوڵ، نرخی زێڕ ئەگەر داشنەبەزێت، بەرزبوونەوەکەی سنووردار دەبێت.
کەمکردنەوەی رێژەی سوود بە واتای دابەزینی نرخی دۆلار و بەرزبوونەوەی دژەکانی دێت؛ زێڕ، نەوت، دراوە دیجیتاڵییەکان، دراوی وڵاتان و پشکی کۆمپانیاکان.
بڕیارێکی لەم جۆرە وادەکات خەڵکی ئەمریکا دۆلاری زیاتر لە بانکەکان رابکێشن، ئەوەش خستنەڕووی دۆلار زیاد دەکات و نرخەکەی دادەبەزێت.