قەبارەی بازرگانیی ئێران لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان مانگانە 150 ملیۆن دۆلار زیادیکردووە
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی ژووری بازرگانیی ئێران-عێراق رایدەگەیێنێت، قەبارەی بازرگانیی ئێران لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان ئەم ساڵ، مانگانە 150 ملیۆن دۆلار زیادیکردووە. دەشڵێت "سەردانەکانی نێچیرڤان بارزانی بۆ تاران زۆر کاریگەرییان دەبێت لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانمان، ئەمە دەبێتە ئاسانکاری بۆ کاروباری بازرگانی."
سەید حەمید حوسەینی، ئەندامی بۆردی ژووری بازرگانیی ئێران - عێراق، ئەمڕۆ میوانی بووڵتەنی ئابووریی رووداو بوو، لەبارەی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان قسەی کرد، حوسەینی باسی لەو چەند سەردانەی ئەم ساڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی بۆ تاران کرد، کە بە رای ئەو "دەبێتە ئاسانکاری بۆ کاروباری بازرگانی."
حوسەینی ئەو کاریگەرییەی بە داتا و ژمارە روونکردەوە "لە ساڵانی رابردوودا، قەبارەی بازرگانیی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران چوار ملیار دۆلار بووە لە ساڵێکدا، بەڵام لە ساڵی 2023 دا کەمبووەوە بۆ 2.4 ملیار دۆلار، بەڵام لە چارەکی دووەمی ئەم ساڵی زایینیدا، ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئێران و عێراق مانگانە 150 ملیۆن دۆلار زیادیکردووە. لە سێ مانگی یەکەمی ئەم ساڵی هەتاویشدا مانگانە بە بەهای زیاتر لە یەک ملیار دۆلار هەناردەمان هەبووە بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق."
سەید حەمید حوسەینی، ئەندامی بۆردی ژووری بازرگانیی ئێران - عێراق زیاتر لەسەر سەردانەکانی نێچیرڤان بارزانی و کاریگەرییان دەوەستێ و باس لە دوایین سەردانی بۆ بەشداری لە رێوڕەسمی سوێندخواردن و دەستبەکاربوونی پزیشکیان لە رۆژی 30ـی تەممووز دەکات و دەڵێت "سێیەمین سەردانی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی لە ئەم ساڵ بۆ ئێران و بەشداریی گەرموگوڕی لە رێوڕەسمی سوێندخواردنی پزیشکیان، ئاماژەن بۆ ئەوەی ئەگەر کێشەیەکی بچووکیش هەبووبێت، لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئێران چارەسەر بوون."
گوتیشی "کردنەوەی پێشانگەی پارێزگای قەزوێن لە هەولێر، هێمای باشی و پتەویی پەیوەندییەکانمانە لەگەڵ هەرێمی کوردستان. دەخوازم سەردانەکانمان زیاتر بکەین بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانمان لە رووی گەشتیاری و بازرگانییەوە."
رۆژی چوارشەممە 31ـی تەممووز، ژووری بازرگانی و پیشەسازیی قەزوێن یەکەمین پێشانگەی بازرگانیی قەزوێنی لە پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر کردەوە. پێشانگاکە بۆ ماوەی چوار رۆژ بەردەوام دەبێت. تۆڕی میدیایی رووداو سپۆنسەری میدیاییەتی. کردنەوەی ئەو پێشانگایە دوای ئەوە دێت کە شاندێکی بازرگانیی قەزوێن لە رۆژانی رابردوودا سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردبوو.
مەهدی عەبدیان، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی قەزوێن لە بووڵتەنی ئابووری میوان بوو، کە محەممەد شێخ فاتیح پێشکێشی دەکات. ئەو باسی لەوەکرد، لە 15 ساڵی رابردوودا سێیەکی هەناردەی پارێزگای قەزوێن بۆ هەرێمی کوردستان بووە.
پارێزگای قەزوێن 3700 کارگەی پیشەسازی تێدایە و نزیکەی 50 هەزار مۆڵەتی پیشەسازی و بازرگانی لەو پارێزگایە وەرگیراوە. سێیەمین پارێزگای پیشەسازیی ئێرانە.
مەهدی عەبدیان گوتیشی: نزیکەی 21 ساڵە بە شانازییەوە لەگەڵ هەرێمی کوردستان کار دەکەم، پار بایی 500 ملیۆن دۆلار کاڵامان هەناردەی عێراق کردووە، کە بایی 300 ملیۆن دۆلاری بۆ هەرێمی کوردستان بووە. تەنیا لە چوار مانگی رابردوودا بایی نزیکەی 120 ملیۆن دۆلار کاڵامان هەناردەی هەرێمی کوردستان کردووە.
پارەی مامەڵەی بازرگانیی نێوان هەرێمی کوردستان و قەزوێن بە گوتەی مەهدی عەبدیان لە رێگەی نووسینگەکانی دراوەوە دەکرێت بە دۆلار و تمەن.
زۆرترین ئەو کاڵایانەی لە قەزوێنەوە هەناردەی هەرێمی کوردستان دەکرێن، بریتیە لە پاککەرەوەکان، بەرهەمی کشتوکاڵی، مادە خاوەکانی پیشەسازی، کەرەستەی بیناسازی، شووشە، پلاستیک و خۆراک.