لە مانگی تەممووزدا نەوت 10 دۆلار و زێڕیش 70 دۆلار بەرزبوونەتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

نرخی نەوت لە مانگی تەممووزدا زیاتر لە 10 دۆلار بەرزبووەتەوە. زێڕیش لەدوای نیسانی ئەمساڵ بەرزترین نرخی تۆمار کردووە و لەو مانگەدا نرخەکەی نزیکەی 70 دۆلار بەرزبووەتەوە.
 
رۆژی دووشەممە، 31-07-2023 نرخی نەوتی برێنت 74 سەنت بەرزبووەوە و هەر بەرمیلێک بە 85.73 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. نرخی نەوتی سووکی رۆژئاوای تێکساسیش 98 سەنت بەرزبووەوە و هەر بەرمیلێک بە 81.56 بەرمیل مامەڵەی پێوەکرا.
 
لە رۆژی هەینییەوە نرخەکانی نەوتی برێنت و نەوتی سووکی رۆژئاوای تێکساس لە بەرزترین ئاست لەدوای مانگی نیسانی ئەمساڵەوە جێگیر بوون، هەفتەی رابردووش بۆ پێنجەمین هەفتەی لەسەریەک بە بەرزبوونەوە کۆتاییان بە مامەڵەکان هێنا.
 
لەسەر ئاستی مانگانەشدا، لە مانگی تەممووزدا نرخی نەوت لەدوای مانگی کانوونی دووەمی ساڵی رابردووەوە لە بەرزترین ئاستیدا بووە.
 
لە سەرەتای مانگی تەممووز تاوەکو شەوی 31ی تەممووز بە کاتی هەرێمی کوردستان، نرخی نەوتی برێنت 16.37٪ و نرخی نەوتی سووکی رۆژئاوای تێکساسیش 14.64٪ بەرزبوونەتەوە.
 
رۆژی سێی ئەم مانگە و لە یەکەمین رۆژی کرانەوەی بازاڕەکاندا لە مانگی تەممووزی 2023،  بەرمیلێک نەوت بە 75.37 دۆلار و، بەرمیلێک نەوتی سووکی رۆژئاوای تێکساسیش بە 70.42 دۆلار بوون. بەم پێیە، نرخی هەر بەرمیلێک نەوت لەم مانگەدا نزیکەی 10 دۆلار بەرزبووەتەوە.
 
هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە کۆتا رۆژی مانگی تەممووزدا کەمیی خستنەڕوو و پێشبینییەکانی راگرتنی زیادکردنی سوودی بانکییە لەلایەن بانکە ناوەندییەکانی جیهانەوە، بەتایبەتی بانکی ناوەندیی ئەمریکا.
 
پێشبینی دەکرێت سعودیە  لە مانگی ئەیلوولیشدا درێژە بە کەمکردنەوەی ئارەزوومەندانەی بەرهەمی نەوتی وڵاتەکەی بە بڕی یەک ملیۆن بەرمیلی رۆژانە بدات.
 
جۆن ئیڤانس، شرۆڤەکاری بازاڕەکان لە دامەزراوەی PVM دەڵێت: "لە رەوشی بازاڕدا ئاماژەی بەرزبوونەوە هەیە؛ شتێک کە سعودیە بەدڵنیاییەوە درێژە بە کەمکردنەوەی بەرهەمی نەوت دەدات". ئیڤانس دەشڵێت، "نەوت بە بەهێزییەوە سەرەتای مانگ دەستپێدەکات بەوەی لەژێر کۆنترۆڵدا ماوەتەوە".
 
رۆژی یەکشەممە بانکی گۆڵدمان ساکس لە نووسراوێکدا رایگەیاند: "لەوای ناوەڕاستی حوزەیرانی رابردووەوە، نرخی نەوت 18٪ بەرزبووەتەوە" 
 
گۆڵدمان ساکس دەشڵێت، زۆریی خواست و کەمکردنەوەی بەرهەمی نەوتی سعودیە، کورتهێنانەکانیان لە بازاڕی نەوت پڕکردووەتەوە، بازاڕیش چیدی رەشبین نییە لەبارەی گەشەکردنەوە."
 
نرخی زێڕ نزیکەی 70 دۆلار بەرزبووەتەوە
 
رۆژی دووشەممە نرخی زێڕ زیاتر لە 12 دۆلار بەرزبووەوە و هەر ئۆنسەیەک بە 1971 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
لەدوای مانگی نیسانەوە، تاوەکو شەوی 31-07-2023 بە کاتی کوردستان، ئەم مانگە باشترین مانگ بووە بۆ نرخی زێڕ و زیاتر لە 2.5٪ بەرزبووەتەوە. 
 
رۆژی 3ی ئەم مانگە و لە یەکەمین رۆژی کرانەوەی بازاڕەکاندا لە مانگی تەممووزی 2023، ئۆنسەیەک زێڕ بە 1903 دۆلار و 25 سەنت بوو؛ لەوکاتەوە هەر ئۆنسەیەک نزیکەی 70 دۆلار بەرزبووەتەوە.
 
هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ لەدوایین رۆژی تەممووزدا، دابەزینی بەهای دۆلار بوو بەرامبەر دراوە سەرەکییەکان.
 
وەزارەتی بازرگانیی ئەمریکا رۆژی پێنجشەممە، 27-07-2023 رایگەیاند، لە چارەکی دووەمی ئەمساڵدا ئابووریی ئەمریکا 2.4٪ گەشەی کردووە، ئەوەش زیاتر بوو لە پێشبینییەکان. هاوکات لە مانگی رابردووشدا هەڵاوسان لەو وڵاتە بۆ 3٪ دابەزی.
 
هەرچەندە رۆژی چوارشەممە، 26.7.2023 بانکی ناوەندیی ئەمریکا 0.25٪ سوودی بانکیی زیادکرد، بەڵام دابەزینی هەڵاوسان و گەشەی ئابووریی ئەمریکا بازرگانانی گەشبین کردووە بەوەی شەپۆلی زیادکردنی سوودی بانکی لەلایەن بانکە ناوەندییەکان، بەتایبەتی بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە، نزیکبووەتەوە لە کۆتایی.
 
رۆبێرت رۆوڵینگ، شرۆڤەکاری بازاڕەکان لە کۆمپانیای Kinesis Money کە تایبەتە بە مامەڵەکانی زێڕ دەڵێت: "بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ لەسەر بنەمای ئەو چاوەڕوانییەیە کە بانکەکانی ناوەندی لە سەرانسەری جیهاندا خەریکە دەگەنە کۆتایی خولی بەرزبوونەوەی رێژەی سوودی بانکییەکانیان".
 
بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەیەوێت هەڵاوسان بۆ 2٪ دابەزێنێت. ئەگەری زیادکردن یان زیادنەکردنی سوودی بانکی لە کۆبوونەوەکانی داهاتووشدا بۆ ئەرێنیبوون و نەرێنیبوونی ئامارە ئابوورییەکان جێهێشت.
 
دابەزینی بەهای دۆلار وادەکات کڕینی زێڕ بۆ ئەو کڕیارانە هەرزانتر بێت، کە بە دراوی دیکە مامەڵە دەکەن.
 
لە ئاداری ساڵی رابردووەوە و بەهۆی کاریگەرییەکانی شەڕی ئۆکراینا و بەرزبوونەوەی هەڵاوسان بۆ بەرزترین ئاستی 40 ساڵی رابردوو [9.1٪ لە مانگی حوزەیران]، بانکی ناوەندیی ئەمریکا 11 جار سوودی بانکیی زیادکردووە کە 10 جاریان لەسەریەک بووە.
 
ئێستا کۆی رێژەی سوودی بانکی لەو وڵاتە 5.50٪ـیە و بەرزترین ئاستە لە 22 ساڵی رابردوودا.