دانەگاز: بەرهەمهێنانی گاز لە کوردستان زیاد دەکەین


رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری پەیوەندیی وەبەرهێنەران لە کۆمپانیای دانەگازی ئیماراتی دەڵێت، پێشبینی دەکەن لە مانگی نیسانی ساڵی داهاتوودا بەرهەمهێنانی گاز لە هەرێمی کوردستان بە بڕی 250 ملیۆن پێ سێجا زیادبکات، ئەمەش دوای کۆتاییهاتنی فراوانکردنی ئێستای کێڵگەی کۆرمۆر.

دانەگاز لە چارەکی کۆتایی ساڵی 2022ـدا توانای بەرهەمهێنانی گازی لە هەرێمی کوردستان بە بڕی 50 ملیۆن پێ سێجا زیادکرد و ئاستی بەرهەمهێنانی گەیاندە 500 ملیۆن پێ سێجا، بەوەش ئاستی بەرهەمی کۆمپانیاکە لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا لە هەرێمی کوردستان 9.5٪ زیادی کرد.
 
کۆمپانیاکە پێشتر ئاشکرای کردبوو کە فراوانکردنی کێڵگەی "کۆرمۆر" 200 ملیۆن دۆلار بۆ داهاتی ساڵانەی کۆمپانیاکە زیاد دەکات، ئەگەر نرخی نەوت لە 70 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک جێگیر ببێت، ئەو بڕەش دەکاتە نزیکەی 40%ـی داهاتی ساڵانەی کۆمپانیاکە.
 
محەممەد موبەیدین، بەڕێوەبەری پەیوەندیی وەبەرهێنەران لە کۆمپانیای دانەگازی ئیماراتی دەڵێت: "زیادکردنی بەرهەمهێنان لە مانگی نیسان دەستپێدەکات، پێشبینیش دەکرێت لە ماوەی نیوەی دووەمی ساڵی 2024 و بە درێژایی ساڵی 2025 کاریگەرییە داراییەکەی ببینین". دەشڵێت، پشکی دانەگاز لە بەرهەمهێنانی گازەکەدا دەگاتە 35%.
 
جگە لە هەرێمی کوردستان، کۆمپانیای دانەگاز لە میسریش گاز بەرهەمدەهێنێت و ئەو وڵاتە 40٪ـی کۆی بەرهەمهێنانی گازی دانەگاز پێکدەهێنێت.
 
قازانجی کۆمپانیای دانەگازی ئیماراتی لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا 7% دابەزیوە و گەیشتووەتە 50 ملیۆن دۆلار، ئەوەش سەرەڕای زیادبوونی قەبارەی فرۆش، بەوپێیەی دابەزینی نرخی فرۆشتنی بەرهەمەکان بە رێژەی 22% لە ماوەی چارەکی یەکەم کاریگەری لەسەر داهاتی کۆمپانیاکە هەبووە. کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوەشکردووە، زیادبوونی بەرهەمهێنان لە هەرێمی کوردستان لە چارەکی یەکەمدا هۆکاربووە لە سنووردارکردنی دابەزینی قازانجی دانەگاز.
 
تێکڕای بەرهەمی گرووپی دانەگاز لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا گەیشتە 62.9 هەزار بەرمیل گاز هاوتای نەوت لە رۆژێکدا کە بەراورد بە هەمان چارەکی ساڵی رابردوو 1% زیادیکردووە، لەکاتێکدا ئاستی بەرهەمی کۆمپانیاکە لە هەرێمی کوردستان 9% زیادیکردووە، بەرهەمی کۆمپانیاکە لە میسر بە 10% کەمبووەتەوە.