سەنتەرێکی ئابووری: لە 3 ساڵدا عێراقییەکان 700 ملیۆن دۆلاریان لە چارەسەریی پزیشکی لە هیندستان خەرجکردووە


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی سەنتەری ئابووریی سیاسیی عێراقی رایگەیاند، لەماوەی سێ ساڵدا زیاتر لە 700 ملیۆن دۆلاری عێراقییەکان بۆ چارەسەریی پزیشکی چووەتە هیندستان. تەنیا ساڵی رابردوو 26 هەزار و 559 کەس بۆ چارەسەریی پزیشکی سەردانی ئەو وڵاتەیان کردووە. 
 
رۆژی سێشەممە، 31-1-2023، ویسام حدمل حلو، سەرۆکی سەنتەری ئابووریی سیاسیی عێراقی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەهۆی نەبوونی نەخۆشخانەی باش و گونجاو و، نەبوونی متمانە بە سیستمی تەندروستیی عێراق، عێراقییەکان ساڵانە سەدان ملیۆن دۆلاریان بۆ وڵاتانی دیکە لە چارەسەری پزیشکیدا دەڕوات."
 
حلو بە پێویستی دەزانێت، حکومەت کار بۆ گەشەپێدان و چاککردنی کەرتی تەندروستی و نەخۆشخانەکان بکات و پڕۆژەکانی ئێستا تەواوبکات. دەشڵێت، ناکرێت وڵاتێکی 42 ملیۆن کەسی نەخۆشخانەی گونجاو و پێویستی تێدا نەبێت و چارەسەریی نەخۆشەکانی تێدا نەکرێت.
 
سەرۆکی سەنتەری ئابووریی سیاسیی عێراقی ئاشکرای کرد، بەپێی ئەو زانیاری و ئامارانەی دەست سەنتەرەکەیان کەوتووە، لە ماوەی ساڵانی 2020، 2021 و 2022؛ 57 هەزار و 275 کەس بۆ چارەسەریی پزیشکی سەردانی هیندستانیان کردووە کە لە نێوان 670 بۆ 700 ملیۆن دۆلاریان خەرجکردووە.
 
ئاشکراشیکرد، لە ساڵی 2020دا 15 هەزار و 596 کەس لە عێراقەوە سەردانی ئەو وڵاتەیان کردووە، لە ساڵی 2021دا 15 هەزار و 120 کەس و پاریش 26 هەزار و 559 کەس.
 
بەشێک لە عێراقییەکان، هیندستان بە شوێنێکی گونجاو بۆ چارەسەریی پزیشکی دەزانن، باڵیوزخانەی ئەو وڵاتەش ئاسانکارییەکی زۆر بۆ عێراقییەکان دەکات و بە کەمتر لە 24 کاژێر ڤیزا دەدات، جگە لەوەش نرخی چارەسەری و نەخۆشخانەکان و مانەوە لەو وڵاتە هەرزانترە بە بەراورد بە وڵاتانی دیکە.
 
سەرۆکی ئەو سەنتەرە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، نرخی ڤیزای هیندستان 83 دۆلارە و بڕی ئەو پارانەی لە ماوەی ئەو سێ ساڵەدا بە ڤیزا دراوە چوار ملیۆن و 753 هەزار و 825 دۆلار بووە، چونکە نەخۆش بە تەنیا ناڕوات و زۆر جار دوو کەس یان بە لانیکەمەوە کەسێکی لەگەڵدا دەبێت.
 
تایبەت بە نرخی نەشتەرگەری و ئەو خەرجییانەشی نەخۆشێکی عێراقی لە هیندستان دەیکات، سەرۆکی سەنتەرەکە روونیدەکاتەوە: "تێچووی نەشتەرگەری لەنێوان 5000 بۆ 8000 دۆلاری ئەمریکی دەبێت، واتە لەگەڵ مانەوە لە هۆتێل و خەرجیی بلیتی فڕۆکە و گواستنەوە و خەرجییەکانی دیکە، هەر عێراقییەک نزیکەی 10 بۆ 15 هەزار دۆلار خەرجدەکات لەو وڵاتە."
 
سەرۆکی سەنتەری ئابووریی سیاسیی عێراقی دەشڵێت، جگە لە هیندستان، عێراقییەکان بڕە پارەیەکی زۆریش لە چارەسەریی پزیشکی لە هەریەک لە ئێران و  تورکیا و وڵاتانی دیکەش خەرج دەخەن، ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە هاووڵاتییان متمانەیان بە دامەزراوەکانی دەوڵەت و کەرتی تەندروستی نییە.