ملیاردێرەکانی جیهان لە 2022ـدا نزیکەی دوو تریلیۆن دۆلار زیانیان کردووە
رووداو دیجیتاڵ
ساڵی 2022 ساڵێکی پڕ هەوراز و نشێو بوو بۆ ملیاردێرەکانی جیهان؛ بەهۆی دۆخی ئابووریی جیهان، دابەزینی بەهای پشکەکانی کۆمپانیاکانیان و کەمبوونەوەی داهاتی رێکلامەکانیان، سامانی زۆر لە ملیاردێرەکانی جیهان دابەزیوە و نزیکەی دوو تریلیۆن دۆلار زیانیان کردووە. دیارترینیان ئیلۆن مەسکە کە ئەمساڵ پلەی دەوڵەمەندترین کەسی جیهانی لەدەستدا، بەڵام سامانی بەشێکیشیان زیادیکردووە.
بەپێی گۆڤاری فۆڕبس، لە ساڵی 2022ـدا لەسەر ئاستی جیهان ملیاردێرەکان بەیەکەوە نزیکەی دوو تریلیۆن دۆلار زیانیان تۆمارکردووە، لەنێویشیاندا کۆی زیانەکانی ملیاردێرە ئەمریکییەکان 660 ملیارە، کە بەرزترین ئاستە لەنێو ملیاردێرەکانی وڵاتێکی جیهان.
ملیاردێرەکانی ناوچەی "سیلیکۆن ڤالی" کە ناوەندی تەکنەلۆژیا و داهێنانە لە ویلایەتی کالیفۆرنیا لە ئەمریکا، زۆرترین گۆڕانکاری لە سامانەکانیان روویداوە.
ئیلۆن مەسک
دوای ئەوەی لە ساڵی 2021ـدا بووە دەوڵەمەندترین کەسی جیهان، ئەمساڵ ئیلۆن مەسک، خاوەنی کۆمپانیای تێسلا و سپەیس ئێکس زیاتر لە نیوەی سامانەکەی لەدەستدا، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی بێرنارد ئارنۆڵت، خاوەنی کۆمپانیای لوکس لە فەرەنسا شوێنی بگرێتەوە و ببێتە دەوڵەمەندترین کەسی جیهان.
بەپێی پێنوێنی بلومبێرگ بۆ دەوڵەمەندترین کەسانی جیهان، مەسک لە ساڵی 2022ـدا بەهۆی داڕمانی بەهای پشکەکانی تێسلا 140 ملیار دۆلاری لەدەستداوە، بەمەش کۆی سامانەکەی بۆ 130 ملیار دۆلار دابەزیوە.
تێسلا کە ماوەیەکی زۆر ئازیزەکەی وەبەرهێنەرانی وۆڵ ستریت بوو، ئێستا داهاتووی کۆمپانیاکە کەوتووەتە ژێر پرسیارەوە، ئەمەش دوای کڕینی تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر بە 44 ملیار دۆلار کە زۆر لە چاودێران بە گرانی دەزانن.
مەسک بەشێکی زۆری پارەی کڕینی توویتەری لە رێگەی فرۆشتنی پشکەکانی کۆمپانیای تێسلا دابینکرد، ئەوەش بەهای پشکەکانی کۆمپانیای ئۆتۆمبێلە کارەباییەکەی زیاتر دابەزاند.
مارک زۆکەربێرگ
مارک زۆکەربێرگ، دامەزرێنەری تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک هەموو هەوڵەکانی خۆی ئاراستەی پەرەپێدانی مێتاڤێرس کردووە، بەڵام وەبەرهێنەران ئەوەندە دڵنیانین لەوەی کە جیهان بەمزووانە بە تەواوی بەرەو ڤێرچواڵ هەنگاوبنێت.
لە ساڵی 2022ـدا، بەهای پشکەکانی کۆمپانیای مێتا کە کۆمپانیای خاوەنی فەیسبووکە، بەشێوەیەکی لەناکاو و بەرچاو دابەزی.
بەهۆی نەبوونی متمانەی وۆڵ ستریتەوە 81 ملیار دۆلاری لە سامانی زۆکەربێرگ کەمکردووەتەوە و تاوەکو 28ـی ئەم مانگە، سامانی دامەزرێنەرەکەی فەیسبووک 44.4 ملیار دۆلار بووە.
مێتا رووبەڕووی پێشبڕکێیەکی تووند بووەتەوە لەلایەن تیکتۆکەوە و بەهۆی بازاڕێکی خراپی رێکلامەوە تووشی کێشە بووەتەوە، چونکە ئابووریی جیهان بەهۆی هەڵاوسانەوە رووی لە دابەزین و پاشەکشە کردووە.
جێف بێزۆس
دوای ئەوەی لە مانگی تەممووزی ساڵی 2021 دەستی لە پۆستی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئەمازۆن کێشایەوە، جێف بێزۆس بەشێکی زۆری کاتەکانی بۆ پەرەپێدانی پڕۆژەکانی گەڕان بەدوای بۆشایی ئاسمان تەرخانکردووە، ئەوەش لە رێگەی کۆمپانیاکەی بەناوی بلو ئۆریجن.
سامانی بێزۆس بەشێوەیەکی زۆر پەیوەستە بە بەهای پشکەکانی کۆمپانیای ئەمازۆنەوە کە لە ساڵی 2022ـدا بە رێژەی زیاتر لە %49 دابەزیوە.
جێف بێزۆس کە وەک سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای ئەمازۆن ماوەتەوە، لە ئەمساڵدا زیاتر لە 86 ملیار دۆلار سامانەکەی کەمبووەتەوە و ئێستا سامانەکەی بە 106 ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت.
ئەو خاوەنکارە تەمەنی 58 ساڵە و خاوەنی رۆژنامەی واشنتن پۆستە، هەروەها لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا بە کەناڵی CNNـی راگەیاندووە کە پلانی هەیە لە ماوەی ژیانیدا زۆربەی سامانەکەی ببەخشێتە رێکخراوە خێرخوازییەکان.
لاری پەیج و سێرجی برین
لاری پەیج و سێرجی برین، دوو دامەزرێنەری گووگڵ لە ساڵی 2019ـەوە سەرپەرشتی کۆمپانیاکەیان نەکردووە، بەڵام تائێستاش ئەندامی دەستەی کارگێڕیی کۆمپانیای باوکی ئەلفابێتن کە خاوەنی کۆمپانیاکانی تەندروستی و زیرەکی دەستکرد و کۆمپانیاکانی بواری دیکەن.
بەهای پشکەکانی کۆمپانیای ئەلفابێت لە مانگی یەکی ئەمساڵەوە بە رێژەی 39٪ دابەزیوە، ئەوەش بەهۆی دابەزینی داهاتی رێکلامە ئۆنلاینەکان و زیادبوونی کێبڕکێی کۆمپانیای ئەپڵ و ئەمازۆن.
بەگوێرەی پێنوێنی بلومبێرگ، سامانی پەیج بۆ 46.1 ملیار دۆلار و سامانی برین بۆ 44.8 ملیار دۆلار دابەزیوە. تائێستاش لە ریزبەندی 10ـیەم و 11ـیەمی دەوڵەمەندترین کەسانی جیهانن.
ژانگ یمینگ
بە پێچەوانەی ملیاردێرەکانی دیکەوە، ژانگ یمینگ، ملیاردێری چینی خۆی لە زیانەکانی تەکنەلۆژیا پاراستووە و سامانەکەی زیادبووە. ژانگ یمینگ دامەزرێنەری کۆمپانیای بایتێدانسی خاوەنی تیکتۆکە لە ساڵی 2022ـدا سامانەکەی بە بڕی 10.4 ملیار دۆلار زیادبووە.
ئێستا سامانی یمینگ کە گەیشتووەتە 55 ملیار دۆلار، دەیکاتە دووەم دەوڵەمەندترین کەسی چین و 23ـیەمین دەوڵەمەندترین کەسی جیهان.
بەڵام ئێستا گوشاری سیاسی لەسەر تیکتۆک دروستبووە و واشنتن بەوە تۆمەتباری دەکات کە سەرکەوتنەکانی ئاپەکە ئەمریکا دەکاتە قوربانیی چین بە سەرکردایەتیی پارتی کۆمۆنیستی ئەو وڵاتە.
بەرپرسانی حکومەتی ئەمریکا تیکتۆکیان لە مۆبایلە حکومییەکان قەدەخەکردووە و بەپێی زانیارییەکانیش، بیر لەوە دەکەنەوە بایتێدانس ناچار بکەن وەشانی ئەمریکی خۆی لە ئەپەکە بفرۆشێت.
بیڵ گەیتس
بەپێی گۆڤاری فۆڕبس، بیڵ گەیتس، دامەزرێنەری مایکرۆسۆفت کە لە ساڵی 1995ـەوە تاوەکو 2017 نازناوی دەوڵەمەندترین پیاوی جیهانی لێنرابوو، لە ساڵی 2022ـدا لە پلەی چوارەمی دەوڵەمەندترین کەسی جیهاندا دێت و سامانەکەی 109 ملیار دۆلارە.
تائێستا بیڵ گەیتس بڕی 28.6 ملیار دۆلاری لە سامانەکەی بەخشیوە، بەڵام هەفتەی رابردوو رایگەیاند کە پێشبینی دەکات لە ماوەیەکی نزیکدا لە لیستی دەوڵەمەندترین کەسانی جیهاندا نەمێنێت.
لە مانگی تەممووزی ئەمساڵدا، بیڵ گەیتس رایگەیاند کە بەشی زۆری سامانەکەی بۆ رێكخراوی "بیڵ و مێلیندا گەیتس" تەرخان دەکات کە رێکخراوێکی خێرخوازییە و لە ساڵی 2000ـدا لەگەڵ هاوسەری پێشووی دایانمەزراند.
بیڵ گەیتس ئاماژەی بەوەش کردووە، تاوەکو ساڵی 2026 پارەی تەرخانکراوی ساڵانە بۆ رێکخراوەکە لە شەش ملیار دۆلارەوە بۆ 9 ملیار دۆلار زیاد دەکات.