کرێی خانووبەرە لە ئیستەنبووڵ 46.82% بەرزبووەوە


رووداو دیجیتاڵ 

لە مانگی تەممووزی ئەم ساڵەوە، کرێی یەکەی نیشتەجێبوون لە تورکیا بەهۆی رێژەی هەڵاوسان بەرزبووەتەوە. لە ئیستەنبووڵ رێژەکە گەیشتە 46.82٪ و پێشبینی دەکرێت تاوەکو کۆتایی ساڵ بەرزتر ببێتەوە. 
 
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی دامەزراوەی ئەندێکسا Endeksa، کە پەیوەندیدارە بە دیاریکردنی بەهای زەویوزار لەڕووی فرۆشتن و بەکرێدان، پار رێژەی کرێی یەکەی نیشتەجێبوون لە تەواوی ساڵدا 25٪ بەرزبووەوە، کەچی لە حەوت مانگی ئەم ساڵ رێژەی کرێی یەکەی نیشتەجێبوون بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە. لە یەکی تەممووزەوە رێژەکە گەیشتە 46.82٪. 
 
لە ئیستەنبووڵ 39 ناوچە هەیە. نرخی کرێی هەر ناوچەیەک جیاوازە لەگەڵ ناوچەیەکی دیکە. بەوپێیە هەرزانترین کرێ لە ئیستەنبووڵ 13 هەزار و 800 لیرەیە (نزیکەی 530 هەزار دینار) گرانترینیشیان بە 44 هەزار لیرەیە (نزیکەی 1 ملیۆن و 700 هەزار دینار). 
 
بەپێی ستانداردی وەزارەتی ژینگە و شارسازیی، نرخی کرێی هەر مەتر دووجایەک لە ئیستەنبووڵ بە تێکڕا 244 لیرە (نزیکەی 9 هەزار و 500 دینار) دەستنیشان کراوە. بەوپێیە بێت کرێی مانگانەی شوقەیەکی 100 مەتری، بە تێکڕا 24 هەزار و 400 لیرەیە (نزیکەی 935 هەزار دینار). 
 
بەڵام خاوەن موڵکەکان ستانداردی وەزارەت و نرخەکانی شارەوانیی پەسند ناکەن و خۆیان بە پاساوی هەڵاوسانی مانگانە و ساڵانە کرێی شوقەکان دیاری دەکەن. ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی داوا یاساییە پەیوەندیدارەکان بە کرێی یەکە نیشتەجێبووەکان دادگەکانیان تەنیووە.