هەفتەی داهاتوو لە هەولێر دەست بە دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگی ئاب دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراکی هەولێر دەڵێت، لە رۆژانی داهاتوودا دەست بە دابەشکردنی بەشەخۆراک دەکرێت. بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراکیش لە سلێمانی دەڵێت، چاوەڕوانی بڕیاری بەغدان بۆ دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگی هەشت.
رۆژی چوارشەممە 30-08-2023، دلێر عەبدولواحید، بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراک لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوێنێ 29ـی ئاب دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگی حەوت کۆتایی هات. خۆراکی پێویست لەبەردەستە بۆ دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگی هەشت؛ بۆیە هەفتەی داهاتوو داوا لە بریکارەکان دەکەین بۆ ئەوەی بێن و بەشەخۆراک وەربگرن. سەرەتاش لە بنکە دوورەکانەوە دەستپێدەکەین."
دلێر عەبدولواحید گوتیشی، "بریکارێکی زۆرمان هەیە؛ نزیکەی 20 رۆژی دەوێت بۆ ئەوەی هەموو هەولێر بەشەخۆراک وەربگرن؛ بۆیە چاوەڕێ ناکەین هەموویان پێکەوە بێن و بنکە بنکە دەستپێدەکەین. پێشبینی دەکەین کۆتایی هەفتەی داهاتوو لە هەندێک بنکە دەست بە دابەشکردن بکرێت و هاونیشتمانی بتوانێت بەشەخۆراکەکەی وەربگرێت."
بەگوتەی بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراک لە هەولێر، ئەم مانگە لە بری فاسۆلیا نۆک و نیسک دابەش دەکرێت، هەروەها شەکر، دۆشاوی تەماتە، رۆنی شل و برنجیش دابەشدەکرێت و دەشڵێت، "لە دابەشکردنی بەشەخۆراک لەگەڵ بەغداین؛ لەوێش هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشکردنی خۆراکی مانگی هەشت دەکەن."
لە پارێزگای سلێمانی دابەشکردنی بەشە خۆراکی مانگی تەممووز تەواو نەبووە. شەوکەت محەممەد، بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراک لە سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "رەنگە ئەم هەفتەیە دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگی حەوت تەواو بکەین و کاتێکیش تەواو بوو، دەست بە دابەشکردنی بەشە خۆراکی مانگی هەشت دەکەین. هەفتەی داهاتوو بریکارەکان بانگ دەکەین بۆ ئەوەی پارە بهێنن و دواتر چاوەڕێی فەرمانی بەغدا دەبین بۆ دابەشکردنی خۆراک."