دادگەی باڵای فیدراڵی لەبارەی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران کۆدەبێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق رۆژی سێشەممە لەبارەی سکاڵایەکەوە دژی پاشەکەوتکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کۆدەببێتەوە. سکاڵاکە لەلایەن سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ، خوشکێکی، سێ پەرلەمانتاری جووڵانەوەکە و پەرلەمانتارێکی سەربەخۆ تۆمارکراوە.
بەپێی خشتەی دانیشتنەکانی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، بڕیارە رۆژی سێشەممە، 1ـی ئابی 2023، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بۆ تاوتوێکردنی سکاڵایەکی تایبەت بە بڕیاری لێبڕینی رێژەی 21٪ـی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان کە ساڵانی پێشتر لەلایەن حکومەتی کوردستانەوە گیرایەبەر، کۆببێتەوە.
سکاڵاکە بەپێی سکاڵانامەکە ژمارە 123ـی فیدراڵیی 2023ـی هەیە و لەلایەن سروە عەبدولواحید، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق، شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ، باسم خەشان، پەرلەمانتاری سەربەخۆی عێراق، رووناک عەبدولواحید (خوشکی شاسوار عەبدولواحید)، ڤیان عەبدولعەزیز و وەزیرە ئەحمەد ئیبراهیم، پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق تۆمار کراوە.
رووناک عەبدولواحید پیشەی مامۆستایە و لەو بڕیارەی حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆی بە زەرەرمەند دەزانێت، بۆیە لە سکاڵانامەکەدا ناوی هاتووە.
سکاڵاکاران، داوایان لە دادگەی فیدراڵیی عێراق کردووە بڕیاری ژمارە 61ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان هەڵبووەشێنێتەوە، کە لە 21-6-2020 دەرچوو و تایبەت بوو بە لێبڕینی 21٪ـی مووچە و شایستە داراییەکانی مووچەخۆران و خانەنشینان.
سکاڵاکارەکان داوادەکەن لێکەوتەکانی ئەو بڕیارەش هەڵبووەشێتەوە، لەنێویاندا گێڕانەوەی ئەو پارەیەی بڕاوە.
رۆژی یەکشەممە 30-7-2023، پەرلەمانتارێکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ لەبارەی سکاڵاکە بە رووداوی گوت، "پاشەکەوتکردنی مووچە یەکێک بوو لەو بڕیارانەی نەدەبوو بدرایە، بەڵام ئێستا ئەو هۆکارە نەماوە کە کرابووە پاساو، بۆیە دەبێت بگەڕێندرێتەوە. ئەو پارەیە نزیکەی 15 تریلیۆن دینار دەبێت، ئەوە جگە لە راگرتنی پلەبەرزکردنەوە کە لەسەر ئەمەش سکاڵا دەکەین، چونکە ئەوەش پێشێلکردنی مافی فەرمانبەرانە و دەبێت بگەڕێندرێتەوە. ئەو بڕیارانە بە ناڕەوا دراون و دەبێت راستبکرێنەوە."
بڕیاری ژمارە 61ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان لە دانیشتنی ژمارە 31ـی ساڵی 2020 درا، لە 4 خاڵ و 8 بڕگە پێکدێت و بەپێی بڕیارەکە؛ رێژەی تەمویلکردنی پارە بۆ مووچە لە 100٪ـەوە بۆ 79٪ کەمکرایەوە، واتە رێژەی لێبڕینی مووچە کرایە 21٪.