بازاڕی خانووبەرە لە ئەمریکا رووی لە دابەزین کردووە

 
رووداو - ئەمریکا

لە ماوەی چوار مانگی رابردوودا بە شێوەیەکی بەردەوام بازاڕی خانووبەرە لە ئەمریکا رووی لە دابەزین بووە و بەپێی دوایین راپۆرتی کۆمەڵەی نیشتمانی بریکارەکانی خانووبەرەی ئەمریکاش، ئاستی مامەڵەکردن بە خانووبەرە لە مانگی ئایار بەراورد بە مانگی نیسان بە رێژەی 3.4% دابەزیوە.
 
سەنتەری خانووبەرەی ئەمەریکان ئینتەرپڕایز توێژینەوەیەکی لەبارەی بازاڕی خانووبەرە کردووە و بۆیان دەرکەوتووە، هۆکاری سەرەکیی سستبوونی بازاڕی خانووبەرە، بەرزبوونەوەی رێژەی سووی بانکییە کە بەراورد بە ساڵێک بەر لە ئێستا، رێژەکە دوو هێندە بەرزبووەتەوە.
 
تۆبیاس پیتەر، بەڕێوەبەری توێژینەوە لە سەنتەری خانووبەرەی ئەمەریکان ئینتەرپڕایز دەڵێت، ''لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا گۆڕانکاریی گەورەمان لە بازاڕی خانووبەرەدا بینیوە، ئەمەش بەهۆی بەرزبوونەوەی رێژەی سووی بانکی، ساڵی رابردوو رێژەی سوو نزیکەی 3% بوو، بەڵام ئێستا دەبینین سووی وەرگرتنی قەرز بووە بە 6% ئەمەش واتە دوو هێندە بووە. دەرئەنجامەکەشی ئەوەیە کە بازاڕی خانووبەرە خاو بووەتەوە، بەجۆرێک خاو بووەتەوە کە گەیشتووەتە ئاستی ساڵی 2019، ئەمەش واتە هێشتا بازاڕێکی بەهێزی خانووبەرە هەیە.''
 
یەکێک لە هۆکارەکانی دیکەی بەرزبوونەوەی نرخی خانووبەرە و سستبوونی بازاڕەکەش کەمبوونەوەی خستنەڕووە، هاوکات بازاڕی خانووبەرەش لە ویلایەتێکەوە بۆ ویلایەتێکی دیکە جیاوازە، خاوەن کۆمپانیاکانی خانووبەرەش لە واشنتن دی سی بە گەشبینییەوە لە بازاڕەکەیان دەڕوانن و دەڵێن، "بازاڕەکە بەو شێوەیەش خراپ نییە کە راپۆرتی ناوەندەکان باسی دەکەن." چاویشیان لەوەیە لە چەند مانگی داهاتوودا بازاڕیان باشتر ببێت.
 
کریس کەچنیکی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای خانووبەرەی کریس کەی لە دی سی دەڵێت، ''ئەگەر بازاڕی خانووبەرە لە ساڵی رابردوو بەراورد بکەیت بە ئێستا، دەبینیت کە لەڕووی فرۆشتنەوە دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام داڕووخانی بازاڕەکەش نییە کە هەموو کەس قسەی لەبارەوە دەکات، بازاڕەکەی ئێمە تاوەکو ئاستێک جێگیرە، چونکە حکومەتی فیدراڵی لێرەیە و ژمارەیەک کۆمپانیا کاریان بۆ دەکەن، هەروەها ئەمازۆنیش بارەگای سەرەکیی دووەمی لە ئارلینگتن دەکاتەوە، ئەمەش نەک وادەکات نرخی کرێ بەرز ببێتەوە، هاوکات بازاڕەکەش ئاسایی دەکاتەوە."
 
ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو، بەهای خانووبەرە نزیکەی 15% بەرزبووەتەوە، ناوەندەکانی توێژینەوەش لە واشنتن دەڵێن، تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ، بەهای خانووەکان زیاتر دادەبەزێت و رەنگە ئەم رێژەیە بۆ نزیکەی 6% دابەزێت.
 
تۆبیاس پیتەر، بەڕێوەبەری توێژینەوە لە سەنتەری خانووبەرەی ئەمەریکان ئینتەرپڕایز ئاماژە بەوە دەکات، ''پێشبینیی ئەوە دەکەین بەهای خانووبەرە، کە ساڵ بە ساڵ بە رێژەی 15% بۆ 17% لە سەرانسەری وڵاتدا بەرزبووەتەوە، بەرەو نزمبوونەوە بچێت، پێشبینی دەکەین لە دوو مانگی داهاتوودا بۆ 12% دابەزێت، بۆ کۆتایی ساڵیش پێشبینی دەکەین بە رێژەی 8% بۆ 6% ساڵانە دابەزێت."
 
لە ئەمریکا، بەشێکی زۆری خەڵک لەڕێگەی قەرزی بانکییەوە خانوو دەکڕن، بۆیەش بەرزبوونەوەی سووی بانکی کاریگەریی زۆری لەسەر ئەو قەرزە دەبێت کە خەڵک لە بانکەکانی وەردەگرن، ئەمەش وادەکات خواست لەسەر کڕینی خانوو کەم ببێتەوە.