پێگەیشتنی سەوزەی خۆماڵی نرخەکانی لە عەلوەکان دابەزاندووە
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی پێگەیشتنی بەرهەمی سەوزەی نێوخۆ، عەلوەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک پڕبوون لە بەرهەمی خۆماڵی و نرخیان هەرزان بووە.
لەو بەرهەمانەی نێوخۆ کە پێگەیشتوون، لەم کاتەدا تەنیا بەرهەمی خەیار لە عەلوەی سلێمانییەوە دەنێردرێتە پارێزگانی دیکەی عێراق، کە نرخی کۆفرۆشیی کیلۆیەکی نزیکەی 400 دینارە.
ئێستا لە عەلوەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک بەرهەمەکانی وەک تەماتە، خەیار، شووتی، کاڵەک، بامێ، باینجان و سەوزە گەڵادارەکان 100٪ خۆماڵین.
سەروەر عەلی، سەرۆكی لیژنەی سەندیكای عەلوەی سلێمانی کە میوانی بووڵتەنی ئابووریی رووداو بوو، دەڵێت "هێشتا میوەی خۆماڵی پێنەگەیشتووە."
پێشەوا بەختیار، پەیامنێری رووداو، لە بووڵتەنی ئابووریی رووداو باسی لەوە کرد، 'هێشتا بۆنی میوەی خۆماڵی لە عەلوەی سلێمانی نایەت.'
عەلی هەورامی، بازرگانە لە عەلوەکە و گوتی، "بەهۆی پێگەیشتنی بەرهەمی خۆماڵی، نرخەکان دابەزیون؛ نرخی کیلۆیەک تەماتە نزیکەی 350 دینارە، کیلۆیەک بامییەش بۆ 2000 دینار دابەزیوە."
دیاریکردنی نرخ بەندە بە خواستی بازاڕەوە لەگەڵ خستنەڕوودا، واتا بازاڕەکە ئازادە. سەروەر عەلی ئاماژەی بەوەکرد، بە نموونە بەیانی هەبووە لەگەڵ کردنەوەی عەلوە، نرخی کیلۆیەک تەماتە 500 دینار بوو، نزیکی کاژێرێک دواتر کە خستنەڕوو کەم بوو، نرخەکەی بۆ 650 دینار بەرزبووەتەوە.
عەلوەی سلێمای 184 بەشە و نزیکەی 1500 کەس تێیدا کاردەکەن، نرخی کرێ و فرۆشتنی بەشەکان بەراورد بە ساڵانی دیکە بۆ نیوە دابەزیوە. ئێستا کرێی بەشەکانی عەلوەی سلێمانی لە یەک ملیۆن دینارەوە بۆ سێ ملیۆن دینار دەبێت.