100 دۆلار گەیشتەوە 146 هەزار دینار
رووداو دیجیتاڵ
100 دۆلاری ئەمریکی بە 146 هەزار دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت. ئەندامێکی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراوی هەولێر دەڵێت، ئێستا خستنەڕووی دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندییەوە زیادی کردووە.
رۆژی سێشەممە، 30-04-2024، حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراوی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لەگەڵ کردنەوەی بازاڕی دراو نرخی 100 دۆلار بە 145 و 850 دینار بوو، ئێستا بە 146 هەزار دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
لە 2023 نرخی 100 دۆلار زیاتر لە 170 هەزار دیناری تێپەڕاند. حاجی سابیر باواجی رایگەیاند، ئەوکات بانکی ناوەندی کە دۆلاری دەخستەڕوو، لە بازاڕەکان نەدەبینرا، ئێستا ئەو کێشەیە چارەسەر بووە و دۆلار لەبازاڕدا هەیە، بۆیە نرخی دینار لە هەفتەی رابردووەوە بەرزبووەوە.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراوی هەولێر پێشبینی ناکات نرخی دینار زیاتر بەرزببێتەوە و دەڵێت: "ئەگەر زۆر بەرزببێتەوە 100 دۆلار دەگاتە 144 هەزار دینار".
دوێنێ لەکاتی داخستنی بازاڕدا 100 دۆلار بە 145 هەزار و 800 دینار مامەڵەی پێوە کرا.
دوای 10ـی نیسانی 2024ـەوە بەهای 100 دۆلار بۆ خوار 146 هەزار دینار دابەزی.