جێگری سەرۆکی کۆمپانیای HKN: راگرتنی هەناردەکردنی نەوت لە بەرژەوەندیی عێراقدا نییە
رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی کۆمپانیای ئێچ کەی ئێن بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، راگیرانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان زیان بە هەموو لایەک دەگەیێنێت و "هەوڵدەدەین قەیرانی هەناردەی نەوت چارەسەر بکەین."
ماتیۆ زەیس، جێگری سەرۆکی کۆمپانیای ئێچ کەی ئێن بە دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداوی لە واشنتن راگەیاند، پرسی هەناردەی نەوت لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا تاوتوێدەکەن. دەشڵێت، "هێشتا لە بەرهەمهێنانی نەوت نەوەستاوین، بەڵام شوێنمان نییە بۆ کۆگاکردنی نەوتی بەرهەمهێندراو."
بە گوتەی ماتیۆ زەیس، "ئەم هەنگاوانەی ئێستا لە بەرژەوەندیی عێراقدا نین."
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ماتیو زەیس، جێگری سەرۆکی کۆمپانیای HKN:
رووداو: زۆر سوپاس ماتیو کە لەگەڵ ئێمەی، دەمەوێت ئەوە بپرسم لێرە لە ئەمریکا کێتان بینیوە و لەگەڵ کێ کۆبوونەتەوە، باسی چیتان کرد، سەرنجی گفتوگۆکانتان لەسەر چی بوو؟
ماتیو زەیس: هیوای چارەسەرێک بۆ کێشەکە دەخوازین کە نەک تەنیا سوودی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان، عێراق و تورکیا هەبێت، بەڵکو سوودی بۆ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی وەکو ئێمەش هەبێت کە گرێبەستیان هەیە.
رووداو: ئەندامانی کۆنگرێس چییان لەبارەی ئەم کێشەیەوە پێگوتی؟ ئایا ئەوان هیچ ئاگادارکردنەوەیەک دەدەنە وەزارەتی دەرەوە و کۆشکی سپی؟ دەتانەوێت چ جۆرە دەستوەردانێک لەلایەن بەرپرسانی ئەمریکاوە ببینن بۆ چارسەرکردنی ئەم کێشەیە لە نێوان عێراق، تورکیا و حکومەتی هەرێمی کوردستان؟
ماتیو زەیس: پێموایە کە ئەمریکا دەتوانێت رۆڵێکی گەورە ببینێت لە دۆزینەوەی چارەسەرێک، ئەوەش لەبەر ئاڵۆزیی دۆخی سیاسی لە عێراق و ناوچەکە. پێموایە کە ئەمریکا ناچار دەبێت هەڵوێستێکی تووند لەسەر چارەسەرەکە بنوێنێت کە دوو شت بۆ پیشەزازییەکە بکات؛ یەکەم، پارێزگاریکردن لە شکۆی گرێبەستەکەیە و دووەمیش دڵنیایی پارەدانە. ئێمە گرێبەستمان هەیە و بۆ ماوەی 15 ساڵە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەین، بۆیە هەر چارەسەرێک دەتوانێت ئەم دوو شتە بپارێزێت.
رووداو: پێشبینیی هیچ کۆبوونەوەیەک لەنێوان بەرپرسانی حکومەتەکانی ئەمریکا، تورکیا و عێراق دەکەن بۆ بەردەوامیدان بە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بازاڕی جیهانی؟
ماتیو زەیس: بەڵێ، مەبەستم گوشارەکان لە زیادبوون بەردەوام دەبن و تاوەکو ئەو کاتەی هەناردەی نەوت وەستابێت و کاریگەری بخاتە سەر بازاڕی جیهانی و زۆر لایەنی دۆڕاو لەم پرسەدا هەن، تورکیا دەدۆڕێت، لەم دۆخەدا عێراق خۆیشی دەدۆڕێت و قەبارەیەکی بەرچاوی داهات لەدەستدەدات. بەتایبەتیش لەدوای ئەوەی بودجە [ی 2023] پەسند کرا. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش دەدۆڕێت، چونکە قەبارەیەکی گەورە لە هەرێمی کوردستانەوە دەچووە ئەوروپا کە قەرەبووی نەوتەکەی رووسیای دەکردەوە. لەبەر ئەوەشی کە ئەمە بەشێوەیەکی راستەوخۆ ئاسانکاری بۆ هەناردەی نەوت بۆ ئەوروپا دەکرد لەکاتی جەنگی ئۆکراینادا، بۆیە ئەمە کاریگەری لە هەموو کەسێک دەکات و گوشارەکان تا ئەوکاتەی چارەسەرێک دەدۆزرێتەوە زیاتر دەبن.
رووداو: ئایا بە تەواوی کارکردنتان لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان وەستاندووە؟ چەند کاتتان پێویستە تاوەکو بتوانن بەردەوامی بە کارکردن لەسەر ئەم کێڵگانەی نەوت بدەن؟
ماتیو زەیس: ئێمە نەوەستاوین، بەڵام لەڕاستیدا کار لەسەر کۆگاکردن دەکەین و لە چەند شوێنێکی دیکە دەتوانین نەوت بفرۆشین و پێموایە ئەوە دەرهاوێشتەیەکی دیکەیە کە دەبێت بیری لێبکەینەوە: ئەم نەوتە بۆ کوێ دەڕوات ئەگەر نەتوانێت بچێتە بۆریی نەوتەوە؟ ئەوەی لە بازاڕی جیهانیدا دەبینین ئەوەیە کە رێگەیەک بۆ نەوت دەدۆرزێتەوە، بەڵام وەکو ئەوەی لە هەواڵەکاندا دەبینین، ژمارەیەک کۆمپانیا وەستاون و کاتی ئێمەش بۆ وەستان بە کۆگەکردن و فرۆشتنی جێگرەوەوە بەندە، بەڵام ئەگەر نەتوانین لە رێگەی بۆرییەوە بنێرین، تەنیا چەند رۆژکمان لەبەردەستدەبێت پێش ئەوەی بەتەواوەتی لەکارکردن بوەستین.
رووداو: ئاستی زیانەکانی ئێوە چەند دەبێت ئەگەر لەکارکردن لە هەرێمی کوردستان بوەستن؟
ماتیو زەیس: زیانەکە بەرچاوە و دەرهاوێشتەی دەبێت. قەرزێکی بەرچاوی کۆمپانیا بازرگانییەکان هەیە و ئێمەش ناتوانین بەبێ بوونی داهات و بەرهەمهێنان بەردەوام بین. زیانەکە بۆ هەموو لایەک گەورە دەبێت. بۆ کۆمپانیاکان و ئەو حکومەتانەی کە تێوەگلاون.
رووداو: هەرێمی کوردستان چەند قەرزاری ئێوەیە؟
ماتیو زەیس: من بڕە دیاریکراوەکە نازانم، بەڵام ئێمە تەنیا نین و کۆمپانیاکانی دیکەش هەمووی وەکو یەکن و پرسەکە پەیوەندیی بە نەبوونی رێککەوتنی بودجەیە لەنێوان هەولێر و بەغدا لە چوارچێوەی دەستووردا. ئێمە هەموومان رووبەڕووی چەقبەستووییەکی سیاسی بووینەتەوە کە هاتووەتە ئاراوە. پێموایە دەبێت بگوترێت کە هێزە دەرەکییەکانیش هەن کە لە عێراق کاردەکەن و دەبێت ئەوانیش لە ئەگەری هەبوونی چارەسەرێک بۆ ئەم پرسە ئاگاداربکرێنەوە بۆ ئەوەی پێشڤەچوون رووبدات.
رووداو: باشترین چارسەر بۆ ئەو کۆمپانیایانە چییە کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن؟
ماتیو زەیس: باشترین چارەسەر ئەوەیە کە هەروەکو گوتم، پارێزگاری لە دوو شت بکات: شکۆی گرێبەست و دڵنیاییدان لە پارەدان. ئێمە گرێبەستی بەرهەمهێنانمان هەیە و دەبێت دڵنیاییمان پێدرێت بەرهەمهێنان و وەبەرهێنانەکەمان قەرەبوو دەکرێتەوە.
رووداو: ئایا وردەکاریی بڕیارەکەی ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتیتان لە پاریس بینیوە؟
ماتیو زەیس: نەخێر، ئێمە خودی بڕیارەکەمان نەبینیوە. تەنیا قسەمان لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرس کردووە کە بڕیارەکەیان بینیوە.
رووداو: چ وردەکارییەکتان لەبارەی ئەم بڕیارەوە لایە؟
ماتیو زەیس: پێموایە زۆر لە کەیسەکانی دیکەی نێوبژیوانییەوە نزیکە کە هەواڵی سەرەتایی زۆر ورد نییە و هەردوو لایەنەکە دەیانەوێت سەرکەوتن رابگەیێنن. پێموایە ئەوەی روونە ئەوەیە کە بڕیارەکە لە یەک دوو شتدا لە بەرژەوەندیی عێراقدا بوو کە دەبێت حکومەتی عێراق رێگە بە هەناردەی هەرێمی کوردستان بدات و دەبێت قەرەبووی ئەو جیاوازیی نرخە بکرێتەوە کە لەنێوان فرۆشتنی نەوتی عێراق و هەرێمی کوردستاندا هەبووە. هەموو شتێکی دیکە لە بەرژەوەندیی عێراقدا نەبوو. بۆیە پێموایە هەر رێککەوتنێک بۆ پێشڤەچوون دەبێت رەنگدانەوەی بڕیارەکە و دۆزینەوەکانی بێت و هەروەکو گوتم کە دەبێت شکۆی گرێبەست دەبێت بۆ هەموو ئەو کۆمپانیایانەی لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا کاردەکەن بپارێزرێت.
رووداو: پرسیاری کۆتاییم، ئەمریکا چی دەکات بۆ ئەوەی عێراق و هەرێمی کوردستان لەسەر یەک مێز کۆبکاتەوە و رێککەوتنێک لە نێوان هەردوو حکومەتەکە بکرێت؟
ماتیو زەیس: من نازانم ئەوان چی دەکەن، بەڵام دەزانم کە چالاکانە لەگەڵ یەک کاردەکەن و پێموایە کە ئەوان دەزانن کە دەبێت رۆڵێکی تایبەت بگێڕن بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک کە شکۆی گرێبەست بپارێزێت و پارەدانیش مسۆگەر بکات و دڵنیایی بدات کە بازاڕی جیهانی و هەرێمی سەقامگیردەبێت.
رووداو: زۆر سوپاس ماتیو.
ماتیو زەیس: سوپاس.