ئێران و رووسیا رێککەوتن دۆلار لە مامەڵە بازرگانییەکانیان لابدەن

 
رووداو دیجیتاڵ

ئێران و رووسیا رێککەوتنی کۆتاییان کردووە بۆ لادانی دۆلار لە مامەڵە بازرگانییەکانی نێوانیان و تەنیا ماوە لەسەر بابەتە تەکنیکییەکان رێکبکەون.
 
ئاژانسی هەواڵی ئێران لە زاری سەرچاوەیەک لە بانکی ناوەندیی وڵاتەکەیەوە رایگەیاند، دامەزراندنی پلاتفۆڕمی بانکی و دارایی نوێ لاپەڕەیەکی نوێیان کردووەتەوە لە پەیوەندییە بانکییەکانی نێوان ئێران و رووسیا، کاتێک ئەو دوو وڵاتە رێککەوتوون لەسەر بەکارهێنانی دراوی نێوخۆییان لە مامەڵە بازرگانییەکانیان لە بری دۆلار.
 
ئاژانسەکە دەشڵێت، ئێستا پلاتفۆڕمەکانی وەک سیستمی پارە ناردن لە دەرەوەی سیستمی سویفت و بانکی نێوەندگیری دوولایەنە بە تمەنی ئێرانی و رۆبڵی رووسی لە لایەن بانکەکان و ناوەندە بازرگانییەکانی هەردوو وڵات بەکاردەهێنرێت.
 
لە کۆبوونەوەکانی ئەمدواییەی نێوان محەممەدڕەزا فەرزین، پارێزگاری بانکی ناوەندیی ئێران و ئێلڤێرا نابیۆلینا، هاوتا رووسییەکەی، رێککەوتنی کۆتایی کراوە لەبارەی ئەوەی لەبری دۆلار، تمەن و رۆبڵ لە ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئێران و رووسیا بەکاربهێنرێت.
 
هەروەها فەرزین پێشنیاری بەکارهێنانی تواناکانی گرووپی بریکسی کردووە بۆ ئاسانکاری مامەڵەکان لە ماوەی سەرۆکایەتی رووسیا لە گرووپەکە. ئەم پێشنیازە لەلایەن نابیۆلیناوە پێشوازیی لێکراوە.
 
بەگوێرەی راپۆرتەکە، بڕگە تەکنیکییەکانی ئەو رێککەوتنە لە کۆبوونەوەکانی داهاتووی نێوان پارێزگارانی بانکە ناوەندییەکانی ئێران و رووسیا دەخرێنە بەرباس.
 
ئێران و رووسیا کە هەردووکیان لە ژێر گەمارۆی تووندی رۆژئاوا و ئەمریکان، چەندین جار رەخنەیان لە ئەمریکا و هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی گرتووە کە دۆلاریان وەک ئامرازێک بۆ گوشارخستنە سەر وڵاتانی دیکە بەکارهێناوە.