سەرچاوەیەک بۆ رووداو: وەزارەتی دارایی عێراق رازی بوو مووچەی مانگی 7 خەرجبکرێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەک لە شاندی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بە رووداوی راگەیاند، وەزیری دارایی عێراق لە رێگەی شاندی وەزارەتی داراییەوە رازی بووە بە خەرجکردنی مووچەی مانگی حەوتی مووچەخۆران.
کۆبوونەوەی شاندی هەرێمی کوردستان و دیوانی چاودێریی دارایی عێراق، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 29-8-2024) لە بەغدا لە ماڵی د. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق بەڕێوەچوو.
بەپێی سەرچاوەکەی رووداو، "لە کۆبوونەوەکەدا دوای ئەوەی دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان و عێراق راپۆرتی خۆیان خستەڕوو، لەسەر ئەو بنەمایە شاندی دارایی عێراق رەزامەندییان نیشانداوە بە خەرجکردنی مووچەی مانگی حەوت، کە بەم زووانە رێکارەکان تەواو بکرێن."
هەرچەندە بڕیاربوو تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق لە کۆبوونەوەکە بەشداربێت، بەڵام ئامادەی وردەکاریی کۆبوونەوەکە نەبووە، تەنیا چووەتە شوێنی کۆبوونەوەکە و دواتر بەجێی هێشتووە.
سەرچاوەکەی رووداو ئاماژەی بەوەکرد، وەزیری دارایی عێراق "لە رێگەی شاندی وەزارەتی دارایی عێراقەوە رەزامەندی نیشانداوە بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگی حەوت." ئەوەش دەکرێتە راپۆرتێک تاوەکو لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رەزامەندی بەدەستبهێنێت.
رۆژی چوارشەممەش، کۆبوونەوەی شاندی هەرێمی کوردستان و دیوانی چاودێریی دارایی عێراق کۆبوونەوە. بە گوتەی سەرچاوەکەی رووداو، "کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ هیوابەخش بووە و باشتر بووە،" چونکە لە کۆبوونەوەکانی رابردوو وەزارەتی دارایی جەختی لەوە کردووەتەوە کە مووچەی مانگی 7 خەرج ناکەن.
ئەمڕۆ کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەکرێت، کۆبوونەوەکە لە بنەڕەتدا رۆژانی سێشەممە دەکرێت، بەڵام بەهۆی گەشتکردنی سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە ئەمڕۆ دەکرێت. بڕیارە لەو کۆبوونەوەیەدا باسی پرسی مووچەی مانگی تەممووز بکرێت.
ئەگەر سەرۆکوەزیرانی عێراق لەسەر ئەو راپۆرتە رەزامەندی بدات کە لەبارەی مووچەی مانگی حەوت دەخوێندرێتەوە، ئەوکات وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی مانگی تەممووزیش رەوانە دەکات و دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت.