وێبسایتێکی دراوە دیجیتاڵییەکان بیدزکۆین پشتڕاستدەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
دراوی بیدزکۆین لە لایەن وێبسایتێکی رەسمیی دراوە دیجیتاڵییەکانەوە پشتڕاستکرایەوە [ڤێریفای کرا]. خاوەنەکەی بۆ رووداو دەڵێت، دوای دوو ساڵ هەوڵەکانیان بە ئامانج گەیشت.
بەیانیی ئەمڕۆ وێبسایتی 'کۆین مارکێتکاپ' بە فەرمیی دراوی دیجیتاڵیی بیدزکۆینی پشتڕاستکردەوە.
شڤان جەلال موراد، خاوەن و دامەزرێنەری بیدز ئی-ستۆر بۆ رووداو دەڵێت، "لە دوو ساڵی رابردوودا کارمان لەسەر ئەو بابەتە کردووە، بەیانیی زووی ئەمڕۆ کۆین مارکێتکاپ پشتڕاستی کردووینەتەوە".
کۆینمارکێت وێبسایتێکی تایبەت بە داتای دراوە دیجیتاڵییەکانە. شڤان جەلال دەڵێت: "کۆمپانیاکە لێکۆڵینەوەی لە دراوی بیدزکۆین کردووە و بۆی دەرکەوتووە کە راستەقینەیە؛ کڕین و فرۆشتن پێوەی لەڕێگەی بۆتەوە نییە. لەنێو پلاتفۆڕمی تایبەتی بە دراوە دیجیتاڵییەکانیشە. ئامادەشە بۆ چوونە نێو پلاتفۆڕمی زیاترەوە".
بە گوتەی دامەزرێنەرەکەی، لە جیهاندا دوو وێبسایتی لەوشێوەیە هەن کە تایبەت بن بە لێکۆڵینەوە لە دراوە دیجیتاڵییەکان؛ کۆینمارکێتکاپ و کۆینگێکۆ. ئێستا بیدزکۆین لە هەردووکیان پشتڕاستکراوەتەوە. گوتیشی، "ئامانجی سەرەکیمان کڕین و فرۆشتن بە بیدزکۆین نییە، بەڵکوو ئەوەیە بەکاربهێندرێت لە پڕۆژەکان لە چوارچێوەی ئیکۆسیستمی بیدز ئی-ستۆر".
شڤان جەلال موراد ئاماژەی بەوەدا دەیانەوێت لە رێگەی پڕۆژەکانیانەوە دراوی بیدزکۆین لە ژیانی رۆژانەدا بەکاربهێندرێت بۆ کڕینی کاڵا و خزمەتگوزاری. شڤان جەلال گوتیشی، "بیدزپەی پڕۆژەیەکی تایبەتی بیدز ئی-ستۆرە. لەنێو پڕۆژەکە KYC هەیە کە رێگایەکی خۆتۆمارکردنی رەسمییە. بەبێ ئەوە ناتوانیت مامەڵە بە پارەوە بکەیت. بەڵام لە رێگەی سیستمێکی تایبەتەوە دەزانین چەند پارە دێت و دەچێت. لەو رێگەیەشەوە ئەو ترسە [سپیکردنەوەی پارە] دەڕەوێنینەوە".
پشتڕاستکردنەوەی هەر دراوێکی دیجیتاڵی چەند واتایەک لەخۆدەگرێت:
- زانیاری و داتاکانی بەوردی بەردەست دەبن، وەک بڕی ئەو دراوەی مامەڵەی پێوە دەکرێت، سەرمایەی بازاڕەکە، قەبارەی مامەڵەکان و هەموو داتاکانی دیکە.
- وەبەرهێنەر و خەڵکیش ئەو پڕۆژانە پەسەند دەکەن کە ڤێریفای کراون و شەفافن، چونکە مەترسی زانیاریی ناڕاست و ساختەکاریی تێدا نییە.
- دەرفەتی زیاتر دێتە پێش تاوەکو دراوەکە بتوانێت بچێتە نێو پلاتفۆڕمی گەورە و دیارەوە، ئەوەش پێگەی لە بازاڕی دراوە دیجیتاڵییەکان بەهێزتر دەکات.
- متمانە بە پڕۆژەکانی دراوەکە دروستدەکات کە راستەقینەن.
بیدزکۆین دراوێکی دیجیتاڵییە کە بە سیستمی ئەمریکی لە ساڵی 2022 لەلایەن هاونیشتمانییەکی دانیشتووی ئەو وڵاتە [شڤان جەلال موراد] دروستکراوە.
بیدز ئی-ستۆر کە پشتیوانی دراوەکەیە، لە شاری ناشڤیل لە ئەمریکا، هەولێر و دهۆک لە هەرێمی کوردستان لقی هەیە.
رەیان عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری تەکنیکیی کۆمپانیای بیدز ئی-ستۆر بە رووداوی راگەیاند، ئێستا قەبارەی بازاڕی بیدزکۆین 2 ملیۆن و 63 هەزار و 119 دۆلارە.