سۆران عومەر: بەهۆی تەواونەبوونی وردبینی لە لیستی مووچە تائێستا پارە نەنێردراوە

رووداو دیجیتاڵ
 
وردبینیکردن لە لیستی مووچە و گرفتی تەکنیکی هۆکاری دواکەوتنی ناردنی پارەی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانە، بەگوتەی سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی عێراق.
 
سۆران عومەر، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی عێراق لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات گوتی: "وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بۆ مووچەی مانگی چوار داوای 969 ملیار دیناری کردووە، لە کاتێکدا لە کۆتایی ساڵی رابردوو پارەی مووچە 913 ملیار دینار بوو".
 
بڕیاربوو دوای دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی رووداو بەهۆی تەواونەبوونی وردبینی لیستی مووچە پارە نەنێردراوە. سۆران عومەر، رایگەیاند: وردبینی لە لیستی مووچەی فەرمانبەران بەردەوامە، جیاوازی لە نێوان لیستی مووچەی مانگەکاندا هەیە.
 
بە گوتەی سۆران عومەر، 23 هەزار ناو لە لیستی وەزارەتی پێشمەرگە جیاوازی هەیە لە نێوان دوو لیست لە بەڕێوەبەرایەتی بودجە و بەڕێوەبەرایەتی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی، ژمارەی خانەنشینان لەنێوان بەڕێوەبەرایەتی خانەنشین و وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان 12 هەزار ناو جیاوازی هەیە.
 
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق گوتی: "لە لیستی مووچە 67 هەزار ناو هەیە، زانیاری لەسەریان نییە و وەزارەتی دارایی عێراق داوای زانیاری دەکات."
 
سۆران عومەر باسی هۆکاری ئەو جیاوازییەی کرد و گوتی: "حکومەتی هەرێمی کوردستان خەڵک دادەمەزرێنێت و ئەمەش هۆکاری جیاوازی لیستەکانە، ئێستا سەرقاڵی دامەزراندنی 6 هەزار کەسن. لە سەرەتای ئەمساڵەوە 54 ملیار دینار پارەی مووچە لە هەرێمی کوردستان زیادیکردووە."
 
حکومەتی عێراق داوای داهاتی نێوخۆ لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، سۆران عومەر گوتی: "دەبێت هەموو داهاتی نێوخۆ بگەڕێنرێتەوە تەنیا نیوەی داهاتی گومرگ بۆ ئەو شارەیە کە دەروازەکەی تێدایە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە شەش مانگی رابردوودا هیچ بڕە پارەیەکی لە داهاتی نێوخۆ بۆ بەغدا نەگەڕاندووەتەوە."
 
لە کۆبوونەوەى 24ى نیسانى 2024 ئەنجووومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان، وەزارەتى دارایی و ئابوورى و شاندى دانوستانکارى راسپارد بەشی بەغدا لە داهاتی نانەوتی بەدەستهاتوو، بخرێتە سەر هەژمارى وەزارەتی دارایی فیدراڵ.
 
یاساى بودجەى گشتیی عێراق، حکومەتى هەرێمى کوردستانى پابەندکردووە، بە رادەستکردنى داهاتى نانەوتى، بەڵام تاوەکو ئێستا بەغدا و هەولێر نەگەیشتوونەتە رێککەوتن لەبارەى ئەوەى ئەو داهاتە چى دەگرێتەوە.