سێ هەنگاو دەتكەنە ملیاردێر

رووداو- هەولێر

بەپێی لێكۆڵینەوەیەك كە رۆژنامەی تایمزی بەریتانی بڵاویكردەوە،  هەركەسێك ئاواتی ئەوەی هەبێت ببێت بە ملیاردێر، دەتوانێت بە جێبەجێكردنی سێ هەنگاوی ئاسان و ئاسایی ئاواتەكەی بهێنێتەدی.

بەپێی ئەنجامەكانی ئەو لێكۆڵینەوەیە، ئەوەی لەسەرتۆیە ئەنجامی بدەیت بۆ ئەوەی ببیت بە ملیاردێر ئەوەیە، بڕۆیت بۆ شاری هۆنكۆنگ لە وڵاتی چین و لەباشترین زانكۆكانی ئەو شارە بڕوانامەیەك بەدەستبهێنیت و  پاشان لەچوارچێوەی سیستەمێكی بەریتانیدا كار بكەیت، لەدوای ئەوەش سیستەمی یاسایی بەریتانیا كەفالەتی تۆ بكات كە تۆ ئەو بڕوانامەیەت بەدەستهێناوە، ئەوكات دەبیتە یەكێك لە كەسایەتییە دەوڵەمەندەكانی جیهان.

لێكۆڵینەوە بەریتانییەكە لەسەر هەزار  كەسایەتی دەوڵەمەندی جیهان لە ژنان و پیاوان ئەنجامدراوە، كە  ئەو سێ هەنگاوەیان پێشتر جێبەجێ كردووە و ئێستا بوونەتە دەوڵەمەندترین كەسانی جیهان.

لێكۆڵینەوەكە ئاشكراشیكردووە، ئەو وڵاتانەی كە هاووڵاتییان باجی كەمدەدەن و كاری بازرگانی بەرێك و پێكی رێكخراوە و دەزگای ئەكادیمی و پەروەردەیی ئاست بەرزی تێدایە، لەگەڵ سیستەمی یاسای ئەنگلۆسكسۆنی، ئەوا كەشی ئەو وڵاته ‌بە باشترین كەش دادەنرێت بۆ بوونی ملیۆنێرەكان تێیدا.

بەپێی لێكۆڵینەوەكە، هۆنگ كۆنگ باشترین كەشی هەیە بۆ زۆربوونی ملیۆنێر و ملیاردێرەكان و ئاشكراشیدەكات كە، لەنێو یەك ملیۆن هاووڵاتی هۆنگ كۆنگدا، سێ بازرگانی سەركەوتوو هەیە.

لێكۆڵینەوەكە باس لەوەش دەكات، كە باشترین ئەو وڵاتانەی بۆ كاركردن گونجاون و دەتكەنە كەسێكی دەوڵەمەند لەسەر ئاستی جیهان، هۆنگ كۆنگ لەپلەی یەكەمدایەو ئیسرائیل لە پلەی دووەمدایەو پاش ئەوانیش ئەمریكاو سویسراو پاشان سەنگافورە دێن.

ئاماژەی بەوەشكردووە، كە ئەمریكا بەبەراورد لەگەڵ وڵاتانی خۆرئاوای ئەوروپا بۆ كاری بازرگانی چوارجار باشترەو بەبەراورد لەگەڵ ژاپۆن سێ جار باشترە.

سەرەڕای ئەو ناوبانگەی كە بەریتانیا هەیەتی كە سەنتەری كارو پارەو وڵاتی وەبەرهێنەرانە، بەڵام لێكۆڵینەوەكە تەواو پێچەوانەیەو بەریتانیای لەپلەی یازدەهەمدا داناوە لە ریزی ئەو وڵاتانەی، كە باشن بۆ كاركردن، پاش ئەویش وڵاتی ئوستورالیا دێت، بەڵام وڵاتانی ئەڵمانیاو فەرەنسا لەدوای ئەو وڵاتانەی دیكەوە دێن.

لێكۆڵینەوەكە ئاشكراشیكردووە، كە لەماوەی ساڵانی 1996 تا ساڵی 2010 لەبەریتانیا 30 ملیاردێر پێگەشتوون كە توانیویانە كە ملیارێك دۆلار یان زیاتر كۆبكەنەوە، ئەو ژمارەیەش بەبەراورد بە وڵاتانی دیكە زۆر گەورە نییە.

تینۆسانانداجی، یەكێك لە بەشداربووانی  ئامادەكاری لێكۆڵینەوەكە، كە سەنتەری لێكۆڵینەوە سیاسییەكانی لەندەن ئامادەی كردووە، دەڵێت: لە هەندێك وڵاتی وەكو فەرەنسا زۆربەی كەسایەتییە دەوڵەمەندەكان موڵك و ماڵەكەیان لە باپیرانیانەوە بۆ ماوەتەوە، بەڵام لەبەریتانیا رێژەیەكی زۆر لە دەوڵەمەندەكان بۆ خۆیان پارەیان كۆكردووەتەوە و لەو رووەوە پێش ئەڵمانیاو فەرەنسا كەوتووە.

سانانداجی ئاماژە بەوەشدەكات، كە رێژەی دانی باج لە لەندەن كەمە، لەبەر ئەوەی پایتەختی پارەو كارەو ئەوەش یەكێكە لە هۆكارەكانی دەوڵەمەندبوون، بەڵام بەهەمان شێوە، بوونی سەنتەرەكانی ئۆكسفۆردو كامبریج ئەوانیش گرنگی خۆیان.

ئاماژە بەوەشدەكرێت، كە رێژەی  دانی باج لەسەر كەس و كۆمپانیاكان، گرنگی و كاریگەری خۆی هەیە لەسەر كەرتی بازرگانی لەسەرانسەری جیهاندا، هەروەها  پێدانی باجی زۆر لە ئەوروپا گرفت و قورساییەكی زۆر لەسەر ژیانی هاووڵاتیان دروستدەكات، جا ئەو هاووڵاتیانە بازرگان بن یان كارمەندی ئاسایی.