رووداو قسەی بەغدا بۆ شاندی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لەبارەی مووچەی مانگی 7 ئاشکرا دەکات
رووداو دیجیتاڵ
کۆبوونەوەی شاندی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی عێراق کۆتاییهات. پەیامنێری رووداو لە بەغدا رایگەیاند، لەسەر مووچەی مانگی 7 نەگەیشتنە ئەنجام.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو کەوتوون، وەزارەتی دارایی عێراق بە شاندی هەرێمی کوردستانی گوتووە هیچ بڕە پارەیەکی دیکە بۆ مووچەی مانگی 7 خەرج ناکەن، جگە لەو 36 ملیار دینارەی پێشتر خەرج کراوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کۆبوونەوەکە بە رووداوی گوت، وەزارەتی دارایی عێراق داوای لە شاندی هەرێمی کوردستان کرد، "پێویستە ئەو مووچەخۆرانەی سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستانن، بەڵام دانیشتووی ناوچە جێناکۆکەکانن، مووچەکانیان بگوازرێتەوە سەر بەغدا."
پێشتر وەزارەتی دارایی عێراق، 36 ملیار و 105 ملیۆن دیناری بۆ مووچەی مانگی تەممووز خەرج کردووە. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، بەغدا بە شاندی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانی گوتووە هیچ پارەیەکی دیکە بۆ مووچەی مانگی 7 خەرج ناکەن.
ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان، رۆژی 27-08-2024 نووسراوی بۆ لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق کرد و تێیدا داوای کرد "رێکار بگرنەبەر بۆ راکێشانی بڕی 36 ملیار و 105 ملیۆن دینار لە پارەی تەرخانکراوی بودجەی هەرێمی کوردستان، ساڵی 2024 بەمەبەستی خەرجکردنی مووچەی مانگی حەوتی 2024 لە هەژمارەی وەزارەتەکە کە لە بانکەکە بە ژمارە 200115 کراوەتەوە".
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو یەکێک لە تەوەرەکانی گفتوگۆی شاندەکەی وەزارەتی دارایی لە بەغدا، راپۆرتەکەی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق کە بەگوێرەی ئەو راپۆرتە لە مانگی 2 تاوەکو مانگی 6 بڕی 600 ملیار دیناریان زیادە بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە.
دیوانی چاودێریی دارایی عێراق پێی وایە ئەو پارەیە لەگەڵ ئەو 36 ملیارەی رۆژانی رابردوو بڕیاری ناردنی دراوە لەگەڵ داهاتی نێوخۆی هەرێمی کوردستان بەشی مووچەی مانگی حەوت دەکات.
شاندەكە تەکنیکییە و پێکهاتووە لە بەڕێوەبەری گشتیی بودجە و بەڕێوەبەری گشتیی ژمێرکاری و رۆژی پێنجشەممەش لەگەڵ دیوانی چاودێریی دارایی عێراق کۆدەبێتەوە.
ئەوە لەکاتێکدا شەوی رابردوو لە راگەیێندرێکدا بەناونیشانی "بۆ بەرچاوڕوونی هاونیشتمانیان و مووچەخۆران، وەک بەڵگە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هۆکار نییە لە دواکەوتنی مووچە"، رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند 549 ملیار و 572 ملیۆن دینار لە بەغداوە خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بۆ مووچەی مانگی 8ـی فەرمانبەران.
پێشتر وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاندووە، تێبینیان لەسەر لیستی مووچەی مانگی حەوت هەبووە. رێباز حەملان لە روونکردنەوەکەیدا دەپرسێت، "کە تێبینیتان هەیە، ئەی چۆن لەسەر هەمان لیستی مووچەی مانگی حەوت، مووچەی مانگی هەشتتان نارد بێ ئەوەی هێشتا هەرێم [ـی کوردستان] داوای کردبێت."
سبەی (پێنجشەممە) هەر لە بەغدا دووەم کۆبوونەوەی شاندەکەی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی دارایی عێراق و دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکرێت، کۆبوونەوەکەش هەر لەبارەی مووچەی مانگی حەوت و هەشتی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە.