بەهای لیرەی تورکی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی ئاستێکی پێوانەیی نوێی لە دابەزین تۆمارکرد

 
رووداو دیجیتاڵ

لە تورکیا و باکووری کوردستان بەهای لیرەی تورکی زیاتر دابەزی و ژمارەیەکی پێوانەیی نوێی تۆمار کرد، بەشێوەیەک ئێستا یەک دۆلاری ئەمریکی بە زیاتر لە 33 لیرە مامەڵەی پێوە دەکرێت.
 
لە تورکیا رۆژی پێنجشەممە 27ی حوزەیران یەک دۆلاری ئەمریکی بە 32.88 لیرە مامەڵەی پێوە کرا، ئەمڕۆ هەینی 28ی حوزەیران بەهای لیرەی تورکی زیاتر دابەزی و لە بازاڕی ئازادی ئیستەنبووڵ یەک دۆلار بە 33.04 لیرە مامەڵەی پێوە دەکرێت. لە هەمان کاتدا، یەک یۆرۆ بەرامبەرە بە 35.26 لیرە.
 
بانکی وەبەرهێنانی ئەمریکی مۆرگان ستانلی، هەفتەی رابردوو پێشبینییەکانی بۆ دۆلار و لیرەی تورکی راگەیاند و پێشبینیی کرد تاوەکو ناوەڕاستی ساڵی 2025 بەهای یەک دۆلاری ئەمریکی بگاتە 39 لیرەی تورکی.
 
بانکی ناوەندیی تورکیا هەفتەی پێشووتر پێشبینییەکانی بۆ بەهای دۆلار بۆ یەک ساڵ راگەیاند. بەپێی پێشبینییەکانی بانکەکە، لە ماوەی ساڵێکدا بەهای یەک دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر دەبێت بە 41.41 لیرەی وڵاتەکەی.