بەهۆی سزادانی بانکەکانی عێراقەوە حەواڵەکردن سنووردارکراوە


رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی رێکارەکانی بانکی ناوەندیی عێراق و بێبەشکردنی بەشێک لە بانکەکان لە مامەڵەکردن بە دۆلار، حەواڵەکردن لە رێگەی سەکۆی وێستن یونیەنەوە راگیراوە. ئەو حەواڵەیەشی لە دەرەوە دێت، بە دینار و بە 132 هەزار دینار دەدرێت.
 
رۆژی چوارشەممە، 28-02-2024، تیشکۆ شێرکۆ، خاوەنی نووسینگەی دراو بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سنوورداربوونی حەواڵە لە رێگەی نووسینگەکانەوە و بەتایبەتی لە رێگەی سەکۆی وێستن یونیەن، بەهۆی رێکارەکانی بانکی ناوەندییەوەیە.
 
تیشکۆ شێرکۆ دەڵێت، حەواڵەکردن لە رێگەی وێستن یونیەن (Western Union)ـەوە ناکرێت و تەنیا پارەی حەواڵەکراو لە دەرەوە وەردەگیرێت، ئەویش بە دینار و بە نرخی بانکی ناوەندی.
 
بەو جۆرە، ئەگەر کەسێک هەزار دۆلاری لە دەرەوە بۆ حەواڵە بکڕێت، بە کۆی گشتی زیاتر لە 200 هەزار دینار کەمتر وەردەگیرێت، بەراورد بە نرخی 100 دۆلار لە بازاڕەکانی دراو.
 
وەک ئەو خاوەن نووسینگەیە دەڵێت، وەستانی ناردنی حەواڵە بۆ دەرەوە بەهۆی سزاکانی بانکی ناوەندییەوە بۆ سەر بەشێک لە بانکەکان و بێبەشکردنیانە لە مامەڵەکردن بە دۆلار.
 
5ـی ئەم مانگە، بانکی ناوەندیی عێراق لیستێکی نوێی ئەو بانکانەی بڵاوکردەوە کە بێ بەشکراون لە مامەڵەی دۆلار، لیستەکە ناوی هەشت بانکی نوێی عێراقی و کوردستانی تێدایە.
 
ئەو هەشت بانکە نوێیەی بۆ لیستی بانکە بێبەشکراوەکان لە دۆلار زیادکراون بریتین لە بانکی ئاشوور بۆ وەبەرهێنان، بانکی وەبەرهێنانی عێراق، بانکی یەکێتیی عێراق، بانکی ئیسلامیی نێودەوڵەتیی کوردستان، بانکی هودا، بانکی ئیسلامیی باشوور، بانکی ئیسلامیی عەرەبی و بانکی بازرگانیی حامورابی.
 
وەک تیشکۆ شێرکۆ دەڵێت، پێشتر حەواڵەی پارە زیاتر لە رێگەی بانکی ئیسلامیی نێودەوڵەتیی کوردستانەوە دەکرا کە کەوتە بەر رێکارەکەی بانکی ناوەندی، بەڵام لە شارەکانی دیکەی عێراق لە رێگەی بانکەکانی دیکەوە دەکرێت.
 
تیشکۆ شێرکۆ دەشڵێت، خەڵک دەتوانێت لە رێگەی ماستەرکاردەوە لە بانکە حکومییەکانی وەکو بانکی رافیدەین، پارە بۆ دەرەوە حەواڵە بکات.
 
بێبەشکردنی بانکە عێراقییەکان لە مامەڵەکردن بە دۆلار ''بۆ کەمکردنەوەی ساختەکاری، شووشتنەوەی پارە و کاری دیکەی نایاساییە بە دۆلاری ئەمریکی'' و لە چوارچێوەی هەوڵەکانی گەنجینەی فیدراڵیی ئەمریکایە بۆ رێگریکردن لە گواستنەوەی پارە بۆ ئەو وڵاتانەی لە لیستی گەمارۆکانی ئەمریکادان، وەک ئێران، سووریا و لوبنان.
 
وێستن یونیەن، کۆمپانیایەکی ئەمریکیی بواری خزمەتگوزاریی داراییە و بارەگای سەرەکیی کۆمپانیاکە لە ناوچەی دێنڤێرە لە ویلایەتی کۆلۆرادۆ، بەڵام کۆمپانیاکە لە 40 وڵاتی جیهان لقی هەیە، لەنێویاندا عێراق.