ئابووریی ئەمریکا لە چارەکی دووەمی ئەمساڵدا 2.4٪ گەشەی کردووە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بازرگانی ئەمریکا رۆژی پێنجشەممە، 27.7.2023 رایگەیاند، لە چارەکی دووەمی ئەمساڵدا ئابووریی ئەمریکا 2.4٪ گەشەی کردووە، ئەوەش زیاتر لە پێشبینییەکان کە شارەزایان پێشبینیی رێژەیەکی کەمتریان دەکرد.
لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا ئابووریی ئەمریکا 2٪ گەشەی کردبوو. هەرچەندە بەهۆی زیادکردنی بەردەوامی سوودی بانکییەوە بە مەبەستی دابەزاندنی هەڵاوسان، ئابووریناسان هۆشدارییان لە ئەگەری خاوبوونەوەی ئابووریی ئەمریکا دەدا، بەڵام ئابووریی ئەمریکا پتەوتر بووە وەک لەوەی پێشبینی دەکرا.
وەزارەتی بازرگانیی ئەمریکا دەڵێت، بەرزبوونەوەی گەشەی بەرهەمی نێوخۆیی ئەمریکا بەهۆی زیادبوونی خەرجیی بەکاربردنەوەیە هاوشان لەگەڵ زیادبوونی خەرجییەکانی حکومەت.
ئەمە لەکاتێکدایە، دوێنێ چوارشەممە بانکی ناوەندیی ئەمریکا بڕیاریدا سوودی بانکی 0.25٪ زیادبکات.
لەدوای راگەیاندنی بەرزکردنەوەی سوودی بانکی، جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "پابەند دەبین بە کەمکردنەوەی هەڵاوسان بۆ 2٪ کە ئامانجمانە، هاوشان لەگەڵ هێشتنەوەی پێشبینیی درێژخایەن لە ئاستێکی نزم."