یەک دۆلار بە زیاتر لە 26 لیرە مامەڵەی پێوە کرا

رووداو دیجیتاڵ 

بەهای دراوی نیشتمانیی تورکیا بەرامبەر بە دۆلار بەردەوامە لە دابەزین و یەک دۆلار بە 26 لیرە مامەڵەی پێوە دەکرێت.
 
کاژێر 8:45 خولەکی بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، 27ـی حوزەیرانی 2023 بەر لە کرانەوەی بۆرسە و بازاڕە داراییەکانی تورکیا، یەک دۆلاری ئەمریکی بە 26.01 لیرە مامەڵەی پێوەکرا و دواتر زیاتر دابەزی و نرخی یەک دۆلار گەیشتە 26.25 لیرە.  هەر لەو کاژێرەدا یەک یۆرۆ سەرەتا بە 28.40 لیرە مامەڵەی پێوەکرا و دواتر گەیشتە 28.61 لیرە. 
 
نرخی یەک گرام زێر رۆژی دووشەممە گەیشتە یەک هەزار و 617 لیرە و ریکۆردێکی نوێی لە بەرزبوونەوە تۆمارکرد، ئەمڕۆ سێشەممە یەک گرام زێر بە یەک هەزار و 623 لیرە مامەڵەی پێوەدەکرێت. 
 
بەرلە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا لە 14ـی ئایاردا یەک دۆلار بە 19.60 لیرە مامەڵەی پێوە دەکرا. لە دووەم گەڕی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا کە لە 28ـی ئایار کرا، بۆ یەکەمینجار بەهای یەک دۆلار 20 لیرەی تێپەڕاند و دوای هەڵبژاردنەکان بۆ یەکەمجار دوێنێ دووشەممە بەهای یەک دۆلار گەیشتە ئاستی 26 لیرە. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 22ی حوزەیرانی 2023، بانکی ناوەندیی تورکیا رێژەی سوودی بانکی بە 650 خاڵی بنەڕەتی، یان بە رێژەی 6.50٪ زیادکرد و رێژەکەی گەیاندە 15٪، ئەمەش کەمتر بوو لە ئاستی پێشبینییەکان. ئابووریناسان پێشبینییان دەکرد بانکی ناوەندیی تورکیا رێژەکە بۆ زیاتر لەو ئاستە بەرز بکاتەوە. لە ماوەی یەک مانگ لە دوای هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتە، لیرەی تورکی نزیکەی 30٪ـی بەهاکەی لەدەستدا. 
 
ئەمە لە کاتێکدایە، بانکی ناوەندیی تورکیا ساڵی رابردوو چوار جار لەسەر یەک سوودی بانکی کەمکردەوە و لە کۆبوونەوەی شوباتی ئەمساڵیدا سوودی بانکی لە 9٪ بۆ 8.5٪ کەمکردبووەوە.
 
وەزیری گەنجینە و دارایی تورکیا پێنجشەممەی رابردوو لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر، دڵنیایی دا کە بەهای لیرەی تورکی جێگیر دەبێت.