100 دۆلار بۆ خوار 145 هەزار دینار دابەزی

رووداو دیجیتاڵ 

دوای زیاتر لە مانگێک، بەهای 100 دۆلار لە هەولێر و سلێمانی خوار 145 هەزار دینار دابەزی. لە سلێمانی گەیشتە 144 هەزار و 500 دینار.
 
ئەمڕۆ دووشەممە ئەحمەد حاجی سابیر، ئاڵوگۆڕکاری دراو لە هەولێر بە رووداوی گوت، لە کاتی داخستندا 100 دۆلار بە 144 هەزار و 800 دینار مامەڵەی پێوەکراوە.
 
بە گوتەی ئاڵوگۆڕکارەکە، لە کاتی کردنەوەی بازاڕدا لە بەیانیی ئەمڕۆدا، 100 دۆلار بە 145 هەزار و 200 دینار بووە.
 
ئەمە بەرزترین ئاستی بەهای دینارە بەرامبەر بە دۆلار لە زیاتر لە مانگێکی رابردوودا. لەبارەی هۆی بەرزبوونەوەی بەهای دینارەوە دەڵێت، "ئەمڕۆ حەواڵەیەکی زۆر زۆر کراوە".
 
بۆ حەواڵەکردن، دەبێت بازرگانان دینار بخەنە سەر هەژمارەکانیان، ئەوەش وا دەکات دینار لە بازاڕ کەمبێت و خستنەڕووی دۆلار زیاد دەبێت و خواست لەسەری کەمبێت.
 
لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانییش دۆخەکە هاوشێوەیە.
 
محەممەد حاجی قادر، ئاڵوگۆڕکاری دراو لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی بە رووداوی گوت، لە کاتی داخستنی بازاڕدا 100 دۆلار بە 144 هەزار و 500 دینار بووە.
 
دەشڵێت، لە کاتی کردنەوەدا 100 دۆلار بە 145 هەزار و 100 دینار بووە.
 
ئەو ئاڵوگۆڕکارە دەڵێت، زیادبوونی خستنەڕووی دۆلار بە شێوەی کاش و حەواڵە لە لایەن بانکی ناوەندییەوە، هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی بەهای دینارە.
 
ئەمڕۆ بانکی ناوەندیی عێراق 276 ملیۆن و 887 هەزار و 116 دۆلاری خستە بازاڕەوە؛ لەو بڕە، 251 ملیۆن و 787 هەزار و 116 دۆلاری بە شێوەی حەواڵە و، 25 ملیۆن و 100 هەزار دۆلاریشی بە کاش بووە.
 
لە کۆتاییەکانی ئاداری ئەم ساڵەوە بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار بەرزبووەتەوە و 100 دۆلار بە کەمتر لە 150 هەزار دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت.
 
سەردانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەمریکا و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک و بەرپرسانی وەزارەتی گەنجینەی وڵاتەکە، گەشبینییان لەبارەی لێكنزیکبوونەوەی هەردوو وڵات و هاوئاهەنگییان لەبارەی سیستمی بانکی دروستکرد.
 
هەردوولاش لیژنەیەکی هاوبەشیان بۆ پێداچوونەوە بە سزای سەر بانکە عێراقییەکان پێکهێنا.
 
لەدوای سەردانەکەوە، بانکی ناوەندیی عێراق خستنەڕووی دۆلاری زیادکردووە و رۆژانە زیاتر لە 250 ملیۆن دۆلار دەخاتە بازاڕەوە کە بەشی زۆری حەواڵەیە.