لە هەولێر 210 کۆمپانیا لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی پیشەسازی و بیناسازی بەشدارن
رووداو دیجیتاڵ
پێشانگەی نێودەوڵەتیی پیشەسازی و بیناسازی لە هەولێر بەڕێوەچوو، پێشانگەکە دەرفەتێکی بۆ بەیەکگەیاندنی بازرگانانی نێوخۆیی و بیانی و ئاشاناکردنی بازرگانە بیانییەکان بە بازاڕی کار و بازرگانی هەرێمی کوردستان رەخساند.
خالد بە کۆمپانیایەکی گەورەی دروستکردنی بەربەستی ئاسنین بۆ شەقامەکان لە ئەنقەرەوە چووەتە پێشانگەکە، دەیەوێت دەرفەت لە هەولێر بدۆزێتەوە و ساڵانە بە نزیکەی 30 ملیۆن دۆلار سەرمایەگوزاریی بکات و هەلیکار بدات بە نزیکەی 60 گەنج.
خالد ئەکێل، خاوەنی کۆمپانیای ئاکزەمین بە رووداوی گوت، "بەکردنەوەی لقی کۆمپانیاکەمان، بەشدار دەبین لە پرۆسەی تەندەرکردن، داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین ئاسانکاریمان بۆ بکات لەڕێگەی دروستکردنی ژینگەی کێبڕکێ بۆ کارکردنی زیاتر."
12 کۆمپانیای هیندی بەشدارییان لە پێشانگەکەدا کرد، کۆمپانیاکەی ئاناند پاندێی تایبەتە بە بەهەمهێنانی کاشی، خاوەنی سێ کارگەن لە هیندستان و هاوبەش و لقیان لە زۆربەی وڵاتانی جیهان هەیە، بەگوتەی ئەو بازرگانە، هێشتا بازرگانە هیندییەکان ئاشنای هەرێمی کوردستن نین، بەڵام ئەو لەو چەند رۆژەی لە هەولێرە، بڕیاریداوە هاوبەش لێرە بدۆزێتەوە و وردە وردە هەنگاوەکانی کارکردنی بەرەو بازاڕی بازرگانیی هەرێمی کوردستان بێت.
ئاناند پاندێی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای رێی باسی لەوە کرد، "ئێمە هاتووین تاوەکو شارەزای کوردستان و بازاڕەکەی بین، چونکە هیچکات نەهاتووین بۆ ئێرە، دەمانەوێت هەست بەشوێنەکە بکەین کە چۆنە، من زۆر پێشکەوتن لێرە دەبینم، باڵەخانەی زۆر بەرز لەم شارە دروستکراون، پێشانگەی گەورە و جوان دروستکراون، وا هەستدەکەم کە شوێنێکی باشە بۆ بازرگانی و سەرمایەگوزاری."
پشکی شێری ئەو پێشانگەیە، کۆمپانیا ئێرانییەکانن، موجتەبا سەفاری بەو ئەزموونە 14 ساڵییەی لە دنیای بازرگانی و بازاڕدا هەیەتی، زۆر گەشبینە بە داهاتووی بازاڕی بازرگانیی هەرێمی کوردستان.
موجتەبا سەفاری، بەڕێوەبەری فرۆشتنی نێودەوڵەتیی کۆمپانیای ئۆفمان ئاماژەی بەوە کرد، "ئێمە ساڵانە 25 هەزار تۆن PVC بەرهەم دەهێنین، بەرهەمەکانمان بۆ زۆر وڵات دەنێرین و لە نێوەڕاستی عێراقیش کار دەکەین، کوردستان تایبەتمەندییەکی خۆی هەیە، هەرچەندە بەشێکە لە عێراق، بەڵام هەولێر بۆخۆی وەکو پایتەختێکی تەواو سەربەخۆیە، لێرە چەند شتێکی باش هەیە، چونکە پەیوەندی هەولێر لەگەڵ دەرەوە زۆر باشە و بۆ بیناسازی ستانداردی تەواو بەکاردەهێنن، پێموایە هەرێمی کوردستان پێشکەوتنی زۆر زیاتریش بەخۆیەوە دەبینێت لە ساڵانی داهاتوو، ئەگەر کۆمپانیاکەی ئێمە یان هەر کۆمپانیایەکی دیکە بەشداربێ لەو پێشکەتنە، ئەوا هەردوولامان دەتوانین سودمەندبین."
لەو پێشانگەیەدا 210 کۆمپانیا بەشداربوون؛ 30 کۆمپانیای کوردی و عێراقی بوون، ئەوانی دیکەش 40 کۆمپانیای چینی، 64 ئێرانی، 58 تورکی، پێنج میسری و 13 کۆمپانیای هیندیش بەشدار بوون.