ئەمریکا بۆ رووداو: داوامان لە تورکیا و عێراق کردووە بەردەوامی بە هەناردەکردنی نەوت بدەن
رووداو دیجیتاڵ
جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی راگرتنی هەناردەی نەوتی کوردستان رایدەگەیێنێت، داوایان لە حکومەتەکانی تورکیا و عێراق کردووە بەردەوامی بە هەناردەکردنی نەوت بدەن لە رێگەی بۆریی نەوتی نێوان عێراق و تورکیاوە. دەشڵێت: "پەکخستنی هەناردەکردنی وزە، سوود بە هیچ لایەنێک ناگەیێنێت."
ڤێدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیاری رووداودا لەبارەی ئەو پرسە ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێمە لەوەش تێدەگەین کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆدایە لەگەڵ حکومەتی عێراق بۆ ئەوەی بگەنە ئەنجامێک. وەکو ئەوەی لە مانگی شوباتدا باس کرا، عێراق و ئەمریکا کۆمیسیۆنێکیان لە واشنتن پێکهێناوە، بەرپرسانی ئەمریکا داوا لە بەرپرسانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەن کێشەی بودجە و هایدرۆکارۆبۆن چارەسەر بکەن تاوەکو سوود بە عێراقییەکان بگەیێنن."