سۆران عومەر لە زاری وەزیری دارایی عێراقەوە: مووچە گرفتی نەماوە

رووداو  دیجیتاڵ
 
ئەندامێکی لیژنەی ئابووریی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، وەزیری دارایی عێراق پێی گوتووە، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان گرفتی نەماوە و پابەندی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵین.
 
لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ لیژنەی دارایی کە ئەمڕۆ دووشەممە بەڕێوەچوو، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند، لە مانگی ئادارەوە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بانکەوە دەدرێت.
 
سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی ئابووریی پەرلەمانی عێراق و یەکێک لە بەشدارانی کۆبوونەوەکەی رۆژی دووشەممە، لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، گوتی، "وەزیری دارایی عێراق بە روونی پێی گوتین کە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان گرفتی نەماوە. ناردنی پارە بە ناوی قەرز نەماوە. من پابەندی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵیم و پەیوەندیم بە گرفتەکانی دیکەوە نییە".
 
ئەو پەرلەمانتارە گوتیشی، "وەزیری دارایی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم مانگە بە لیست مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەنێرێت، بەڵام بۆ مانگی داهاتوو لە رێگەی بانکە فیدراڵییەکانەوە مووچە دەنێرێت. لە وەزیری داراییم پرسی ئێوە بە حەوت ساڵ پێدانی مووچەتان کرد بە ئەلیکترۆنی، ئیدی ئێمە چۆن بە مانگێک بیکەین؟ وەزیری دارایی گوتی، لە چەندین بانک دەتوانن ئەو کارە بکەن".
 
سۆران عومەر باسی لەوەشکرد، "کردنەوەی هەژمار دەبێت لە رێگەی بانکە حکومییەکانەوە بێت، چونکە دەکرێت بانکە ئەهلییەکان سزا بدرێن یان کارتەکانیان بلۆک بکرێت. بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵیی عێراق دیاری کردووە کە مووچە دەبێت لە رێگەی بانکە حکومییەکانەوە بێت".
 
ئەو پەرلەمانتارە گوتیشی، "پێویستە شاندی هەرێمی کوردستان بچێتە بەغدا و ئەوە بڕەوێنێتەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان دژی ئەوەیە مووچە بخرێتە سەر بەغدا".
 
 
"بڕیاری دیکە دژی هەرێمی کوردستان لە رێگەیە"
 
بریکارێکی پێشووتری وەزیری دارایی عێراقیش لەبارەی رێکارەکانی وەزارەتی دارایی عێراق بۆ ناردنی مووچە دەڵێت، "کارێکی ئاسان نییە و ناکرێت بە مانگێک پێدانی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکرێتە ئەلیکترۆنی و هەژماری بانکی بکرێتەوە. لە بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵیدا کات دیارینەکراوە بۆ ئەوەی مووچە مانگی سێ لە رێگەی بانکەکانەوە بدرێت".
 
د. فازڵ نەبی، بریکاری پێشووتری وەزیری دارایی عێراق لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا گوتی، "حکومەتی عێراق دەیەوێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بخاتە سەر عێراق. پلانێکی دوور و درێژ لەسەر هەرێمی کوردستان لە بەغدا هەیە. دۆخی خۆیشمان لە نێوخۆ باش نییە بۆ ئەوەی دژی ئەو بڕیارانە بوەستینەوە. شتی دیکە دژی هەرێمی کوردستان لە رێگەیە".
 
لەبارەی کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ فەرمانبەران لە ماوەی مانگێکدا، د. فازڵ نەبی گوتی، "کارێکی ئاسان نییە و ناکرێت بە مانگێک پێدانی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکرێتە ئەلیکترۆنی و هەژماری بانکی بکرێتەوە. ئەگەر هەردوو وەزارەتی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی پتەو و هاوئاهەنگییەکی باش لە نێوانیاندا هەبێت، ئەو کات رەنگە بە سێ مانگ بتوانن ئەو کارە بکەن".
 
بریکارەکەی پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق باسی لەوەشکرد، "پێویستە شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان بچێتە بەغدا و لەگەڵ لایەنەکان قسە بکات و پێیان بڵێت ئەوەی داواتان کردووە بەو ماوەیە ناکرێت. دەبێت وادەیەک دیاری بکرێت و دەستبکرێت بە دروستکردنی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان. دەکرێت بە هاوئاهەنگی، ئەو کەسانەی لە هەژماری من تۆمار کراون بخرێنە سەر بانکە حکومییەکان".