وەزارەتی دارایی: ئەو فەرمانبەرانەی خۆیان خانەنشین کردووە ناتوانن بگەڕێنەوە سەر کار
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینی هەرێمی کوردستان کە سەر بە وەزارەتی داراییە لەبارەی گشتاندنی دارایی ژمارە 20ـی تایبەت بە پاداشتی خانەنشینی رایگەیاند، تەنیا ئەو فەرمانبەرانە دەگرێتەوە کە گەڕاونەتەوە سەر کار و دووبارە خانەنشین بوونەتەوە.
رۆژی دووشەممە 27-2-2023، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی خانەنشینی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەکی لەبارەی گشتاندنی دارایی ژمارە 20 بڵاوکردەوە کە تایبەتە بە پاداشتی خانەنشینی و تێیدا هاتووە: "بەپێی یاسا بەرکارەکان و یاسایی چاکسازی ئەو فەرمانبەرانەی خۆیان خانەنشین کردووە مافی گەڕانەوەیان بۆ کار نییە و ناتوانن بگەڕێنەوە سەر کار."
هەروەها هاتووە: "گشتاندنی دارایی ژمارە (20) تەنیا ئەو فەرمانبەرانە دەگرێتەوە، کە گەڕاونەتەوە سەر کار و دووبارە خانەنشین بوونەتەوە، واتە گەڕانەوە بۆ سەر کار ناگرێتەوە."
لە روونکردنەوەکەدا ئاماژە بە دوو خاڵ دراوە، کە بریتین لە:
1- بەپێی یاسا بەرکارەکان و یاسای چاکسازی ئەو فەرمانبەرانەی بەپێی یاسا واتە تەواوکردنی تەمەنی خانەنشینی، یان خۆیان خانەنشینبوون یان بە هۆکاری تەندروستی، مافی گەڕانەوەیان بۆ سەر کار نامێنێت.
2- گشتاندنی دارایی ژمارە (20) تەنیا ئەو خانەنشینانە دەگرێتەوە کە خانەنشین بوون و گەڕاونەتەوە سەر کار و دووبارە خانەنشین بوونەتەوە سوودمەند دەبن لە پاداشتی خانەنشینی ساڵە زیادەکانی خزمەتکردنیان.
وەزارەتی دارایی لە رۆژی 21-12-2022 رێنمایی دارایی بە ژمارە 20ـی دەرکرد کە تایبەت بوو بە پاداشتی خانەنشینی و ئاراستەی سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەکانی نەبەستراو بە وەزارەتەکانی کردبوو.