عێراق ئەم ساڵ تەنیا 54%ـی بودجەکەی خەرج دەکات و کورتهێنانی نابێت

رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، لە ماوەی 10 مانگی ئەم ساڵدا، لە کۆی 198 تریلیۆن دیناری خەرجییەکانی لە بودجەی ساڵی 2023، تەنیا 90 تریلیۆن دیناری خەرجکردووە، شارەزایەکی ئابووریش دەڵێت: "بەهۆی کەمیی خەرجی و زۆری داهاتەوە ئەو کورتهێنانەی لە بودجەدا هەیە کە زیاتر لە 64 تریلیۆن دینار دەبێت، نامێنێت."
 
وەزارەتی دارایی عێراق راپۆرتی دارایی 10 مانگی یەکەمی ئەم ساڵی بڵاوکردەوە، کە بڕی خەرجی و داهاتەکانی ئەو مانگانەی ئەمساڵی تێدایە، لەگەڵ خەرجیی وەزارەت و دەستە و فەرمانگەکان و داهاتەکانیان.
 
بەپێی راپۆرتەکەی وەزارەتی دارایی عێراق، خەرجیی کردەیی لە سەرەتای کانوونی دووەمی ساڵی 2023 تاوەکو تشرینی دووەمی 2023 بەمشێوەیە بووە:
 
کۆی گشتی: 90 تریلیۆن و 642 ملیار دینار
بودجەی بەردەوام: 80 تریلیۆن و 505 ملیار دینار 
بودجەی وەبەرهێنان: 10 تریلیۆن و 137 ملیار دینار
 
بەپێی ئەو ژمارانە بێت، تێكڕای خەرجیی مانگانەی عێراق 9 تریلیۆن و 64 ملیار و 281 ملیۆن دینار بووە، ئەگەر دوو مانگی کۆتاییش ئەو ژمارەیە بە بنەما وەربگرین، ئەوا خەرجییەکانی عێراق لە ساڵی 2023دا دەگاتە 108 تریلیۆن و 771 ملیار و 374 ملیۆن دینار، بەمەش 90 تریلیۆن و 138 ملیار دینار لەو پارەیە دەمێنێتەوە کە بڕیاربوو عێراق لە ئەم ساڵدا خەرجیبکات، واتە عێراق لە ئەمساڵدا تەنیا 54٪ـی پارەی بودجەکەی خەرج دەکات.
 
رۆژی سێشەممە، 26-12-2023 مەحموود فایز، شارەزای ئابووری بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "لەماوەی 10 مانگدا عێراق 90 تریلیۆن دینار خەرجیی هەبووە، 106 تریلیۆن دیناریش داهاتەکانییەتی، واتە بڕی 16 تریلیۆن دینار داهاتی زێدەی هەبووە لەو خەرجییەی کردوویەتی، ئەگەر هەمان خەرجییەکانی مانگەکانی رابردووش بۆ ئەو دوو مانگەی کۆتایی ئەم ساڵ هەژماربکەین، ئەوە کۆی خەرجییەکان هێشتا کەمترە لەو بڕەی لە یاسای بودجەدا دیاریکراوە، ئەو خەرجنەکردنەش دەبێتە بەشێک لە پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجە."
 
زۆرترین خەرجیی وەزارەتەکانی و دامەزراوەکانی عێراق لە 10 مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا:
 
- وەزارەتی دارایی: 23 تریلیۆن و 134 ملیار دینار
- وەزارەتی ناوخۆ: 10 تریلیۆن و 174 ملیار دینار 
- وەزارەتی پەروەردە: 8 تریلیۆن و 322 ملیار دینار
- وەزارەتی بازرگانی: 6 تریلیۆن و 682 ملیار دینار
- وەزارەتی بەرگری: 5 تریلیۆن و 971 ملیار دینار
- ئەنجوومەنی وەزیران: 5 تریلیۆن و 883 ملیار دینار
- وەزارەتی تەندروستی: 4 تریلیۆن و 974 ملیار دینار 
- وەزارەتی کار و کارووباری کۆمەڵایەتی: 3 تریلیۆن و 502 ملیار دینار
- وەزارەتی گەیاندن: 3 تریلیۆن و 64 ملیۆن دینار
- وەزارەتی کارەبا: 2 تریلیۆن و 110 ملیار دینار
 
یاسای بودجەى گشتیی عێراق لە 12ـى حوزەیران لە پەرلەمان پەسند کرا و لە 26ـى هەمان مانگ لە رۆژنامەى وەقائیعی عێراقى بڵاوکرایەوە؛ قەبارەی پارەکەى 198.9 تریلیۆن دینارە و پشکى هەرێمى کوردستان تێیدا زیاتر لە 16 تریلیۆن دینارە. بەپێی یاساکە لەساڵی 2023دا داهاتی عێراق 134 تریلیۆن و 552 ملیار دینار دەبێت.
 
٪70.6ـی خەرجییەکان بۆ مووچە دەڕوات
 
بەپێی داتاکانی نێو راپۆرتەکەی وەزارەتی دارایی، زۆرترین خەرجیییەکانی وەزارەتەکە بۆ مووچەی فەرمانبەران بووە، بەجۆرێک مووچە 70٪ـی خەرجییەکانی بردووە.
 
مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆران، 56 تریلیۆن و 887 ملیار و 764 ملیۆن دینارە، بەمشێوەیە: 
 
- مووچەی فەرمانبەران: 37 تریلیۆن و 667 ملیار و 236 ملیۆن دینار
- چاودێری کۆمەڵایەتی: 19 تریلیۆن و 220 ملیار و 409 ملیۆن دینار
- بەخشین و یارمەتییەکان و سوود و خەرجییەکانی دیکە: 12 تریلیۆن و 697 ملیار و 122 ملیۆن دینار
 
مەحموود فایز، شارەزای ئابووری دەڵێت، زۆریی ئەو کەسانەی لە ساڵی 2023 دامەزران بووەتە هۆکارێکی دیکە بۆ بارگرانی لەسەر بودجە، بەگوتەی ئەو "عێراق لە ساڵی 2023ـدا 394 هەزار فەرمانبەری گرێبەستی کرد بە هەمیشەیی و دایمەزراندن کە ساڵانە یەک تریلیۆن و 113 ملیار دینار لەسەر وڵات دەکەوێت، جگە لەوە 138 هەزار  و113 کەس لەوانەی گرێبەست هەڵوەشاوە بوون و ساڵانە 988 ملیار دینار مووچەیان پێویستە، هەروەها دامەزراندنی 38 هەزار و 756 کەس بە گرێبەست کە 200 ملیار دینار مووچەی ساڵانەیان دەبێت، جگە لە دامەزراندنی یەکەمەکان و خاوەن بڕوانامە باڵاکان کە 34 هەزار و 728 کەس بوون و ساڵانە 811 ملیار دیناری پێویستە."
 
بەپێی یاسای بودجەی ساڵی 2023، زۆرترین فەرمانبەر لە وەزارەتى پەروەردەی عێراقن کە 963 هەزار و 949 فەرمانبەرن؛ دواتر وەزارەتى ناوخۆ دێت، کە 704 هەزار و 446 فەرمانبەرى هەیە؛ وەزارەتى بەرگرى لە پلەى سێیەمدایە بە 453 هەزار و 951 فەرمانبەر؛ وەزارەتى تەندروستى لە پلەى چوارەمدایە بە 488 هەزار و 550 فەرمانبەر؛ دەستەى حەشدی شەعبیش کە 238 هەزار و 75 کارمەندى هەیە لە پلەی پێنجەم دێت. حەشدی شەعبی لە یاسای بودجەی ساڵی 2023ـدا بڕی زیاتر لە سێ تریلیۆن و 914 ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە.
 
د. نەبیل مەرسوومی، شارەزای ئابووری و مامۆستای زانکۆی بەسرە، رۆژی سێشەممە،26-12-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "زۆریی ژمارەکانی فەرمانبەران و مووچەخۆران لە عێراق یەکێکە لە بارگرانییەکانی بودجە، ناکرێت زیاتر لە 5 ملیۆن مووچەخۆر و فەرمانبەرت هەبێت کە بەشی هەرە زۆریان بێکاری داپۆشراون و کەمترین بەرهەمی رۆژانەیان هەیە، کە ناگاتە 10٪ـی پێویستی."
 
نەوت 94.8٪ـی داهاتەکان پێکدەهێنێت
 
لە راپۆرتی تایبەت بە 10 مانگی یەکەمی ساڵی 2023ـی وەزارەتی دارایی عێراق، داهاتەکان 106 تریلیۆن و 843 ملیۆن دینار بوون، زۆربەی داهاتەکان و بە رێژەی 94.8٪یان داهاتی نەوتی بوون، داهاتەکانی عێراق بەپێی راپۆرتەکە بەمشێوەیە بوون:
 
کۆی داهاتەکان: 106 تریلیۆن و 843 ملیار و 96 ملیۆن دینار
 
داهاتە نەوتییەکان: 101 تریلیۆن و 365 ملیار و 536 ملیۆن دینار
داهاتە نانەوتییەکان: 5 تریلیۆن و 477 ملیار و 559 ملیۆن دینار
 
داهاتە نانەوتییەکان بەمشێوەیە بوون: 
 
- داهاتی باج و سامانەکان: 4 تریلیۆن و 49 ملیار و 131 ملیۆن دینار
- داهاتی شمەک و رسوماتی بەرهەمهێنان: 763 ملیار و 775 ملیۆن دینار 
- رسومات: یەک تریلیۆن و 32 ملیار و 204 ملیۆن دینار 
- پشکی بودجە لە قازانجی کەرتی گشتی: 563 ملیار و 224 ملیۆن دینار 
- داهاتەکانی بەدەستهاتوو لە کۆمپانیاکان و وەبەرهێنان: یەک تریلیۆن و 676 ملیار و 486 ملیۆن دینار
- داهاتی دیکە: 978 ملیار و 574 ملیۆن دینار
 
رێژەی داهاتە نەوتییەکان: 94.8٪
 
بەپێی یاسای بودجەی 2023 ئەم ساڵ عێراق 64 تریلیۆن و 357 ملیار دینار کورتهێنان لە بودجەکەی دەبێت، بەڵام نەبیل مەرسوومی پێیوایە ئەم ساڵ بەهۆی زۆریی داهات، کە هۆکارەکەی بەرزیی نرخی نەوت بووە، هەروەها خەرجنەکردنی بەشێک لە پارەکانی نێو بودجە، عێراق کورتهێنانی نابێت.
 
هەروەها مەحموود فایز، شارەزای ئابووری، لەبارەی کورتهێنانەوە، گوتی "بەهۆی بەرزبوونەوەی بەهای نەوت و تاڕادەیەک سەقامگیری لە دۆخی عێراق، جگە لە دواکەوتنی پەسەندکردنی بودجەی عێراق و درەنگ چوونە بواری جێبەجێکردنەوە، هەروەها خەرجکردنی بەشێکی ئەو پارەیەی بۆ بودجەی وەبەرهێنان تەرخانکراوە، داهاتی عێراق زیادبووە، بۆیە پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ کورتهێنانی لە بودجەی گشتییدا نەبێت."