لە 8 مانگدا هەناردەی دەروازەی سنووریی مێهران زیاتر لە یەک ملیار دۆلار بووە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گومرکی پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت، لە 8 مانگدا لە دەروازەی سنووریی مێهرانەوە بە بەهای زیاتر لە ملیارێک دۆلار شتومەک هەناردەی وڵاتان کراوە.
رۆژی 26-11-2024 سوهراب کەمەری، بەڕێوەبەری گومرکی پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان لەبارەی هەناردەی کاڵا لە دەروازەی سنووریی مێهرانەوە رایگەیاند، لە 21-03-2024ەوە تاوەکو 20-11-2024، بە بەهای زیاتر لە ملیارێک و 52 ملیۆن دۆلار شتومەک، لەو دەروازە سنوورییەوە هەناردەی عێراق و وڵاتانی دیکە کراوە.
سوهراب کەمەری ئاماژەی بەوە دا، بڕی هەناردە بەراورد بە ساڵی رابردوو زیادی کردووە، بەو پێیەی ساڵی پار لە ماوەی ساڵێکدا بایی ملیارێک و 811 ملیۆن دۆلار شتومەک لەو دەروازە سنوورییەوە هەناردە کرابوو.
بە گوتەی بەڕێوەبەری گومرکی ئیلام، یەک ملیۆن و 800 تۆن کاڵا و شتومەک لە دەروازەی سنووریی مێهرانەوە هەناردە کراوە، ئەو شتومەکانە بریتیین لە کەرەستەی کشتوکاڵی، چیمەنتۆ، کاشی، بەرد، شیش و ئاسن هەناردەی عێراق دەکرێت.
دەروازەی سنووریی مێهران کەوتووەتەوە 85 کیلۆمەتریی باشووری رۆژئاوای شاری ئیلام کە بەهۆی نزیکیی زیاتری لە شوێنە پیرۆزەکانی شیعە لە عێراق، زۆرترین زیارەتکار هاتووچۆی پێدا دەکەن و یەکێک لە دەروازە سەرەکییەکانی نێوان ئێران و عێراقیشە بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی.