بیتکۆین لە کەمتر لە 2 رۆژدا زیاد لە 6 هەزار دۆلار دابەزیوە
رووداو دیجیتاڵ
لە دوێنێ دووشەممەوە نرخی هەر بیتکۆینێک زیاد لە 6 هەزار دۆلار دابەزیوە. تەنیا ئەمڕۆش نرخی هەر بیتکۆینێک هەزار دۆلار دابەزیوە و بە 92 هەزار دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
هەڵگرتنەوەی قازانج لە لایەن وەبەرهێنەر و بازرگانانی بیتکۆینەوە دوای سەرکەوتنی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، هۆکاری سەرەکیی دابەزینی نرخەکەیەتی.
بەهۆی دابەزینەکەی نرخی بیتکۆین و دراوە دیجیتاڵییەکانی دیکەوە، قەبارەی بازاڕی دراوە دیجیتاڵییەکان بۆ 3 تریلیۆن و 350 ملیار دۆلار دابەزی. تەنیا ئەمڕۆ 182 ملیار دۆلار دابەزی.
سەرەڕای ئەو دابەزینە، شارەزایان پێیانوایە هێشتا ئاراستەی داهاتووی بیتکۆین بەرزبوونەوەیە.
جۆش گیڵبێرت، شارەزای بازاڕە داراییەکان لە دامەزراوەی دارایی eToro Australia دەڵێت، "گومان لەوەدا نییە کە گەیشتنی بیتکۆین بە نرخی مێژوویی 100 هەزار دۆلار دەبێتە ئاستێکی گرنگی سایکۆلۆژی. لە رێگەی گەیشتن بەو ئاستەش دەکرێت هەڵگرتنەوەی قازانج ببینین [کە ببێتە هۆی دابەزینی نرخەکەی]".
لە سەرەتای ئەم ساڵەوە نرخی بیتکۆین 122٪ بەرزبووەتەوە. پەسندکردنی سندووقی وەبەرهێنانی بیتکۆین لە لایەن ئەمریکا، کەمکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی لە لایەن بانکە ناوەندییەکانی جیهان و پرۆسەی هاڵڤینگ [کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی بیتکۆین] هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەکەی بوون.
سەرەڕای دابەزینە گەورەکەی ئەمڕۆی بیتکۆین، هێشتا لەدوای سەرکەوتنی ترەمپەوە نرخەکەی زیاتر لە 30٪ بەرزبووەتەوە.
گەشبینی بە رێکخستنی سێکتەری دراوە دیجیتاڵییەکان و بەیاساییکردنیان لە سەردەمی ئیدارەی داهاتووی ئەمریکا هۆکاری سەرەکییە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی بیتکۆین.
ئەوەی گەشبینییەکانی زیاتر کردووە، راگەیاندنی دەستلەکارکێشانەوەی گاری گێنسلەرە لە پۆستی سەرۆکی لیژنەی ئاڵوگۆڕی کاڵا و پشکەکانی ئەمریکا لە کانوونی دووەمی ساڵی داهاتوودا لەگەڵ دەستبەکاربوونی ئیدارەی نوێ بە سەرۆکایەتیی ترەمپ.
گاری سیاسەتێکی تووندی هەبوو و لە سەردەمی ئەودا چەندین کۆمپانیای گەورەی دراوە دیجیتاڵییەکان رێوشوێنی یاسایی تووندیان بەرامبەر گیرایەبەر.