رووسیا لە مانگی داهاتووەوە دراوە دیجیتاڵییەکان لە بازرگانی دەرەوە بەکاردەهێنێت
رووداو دیجیتاڵ
رووسیا ئامادەکاری دەکات بۆ تاقیکردنەوەی بەکارهێنانی دراوە دیجیتاڵییەکان لە مامەڵە بازرگانییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە.
رۆژی 30ـی تەممووز، پەرلەمانی رووسیا پڕۆژەیاسای بەیاساییکردنی دروستکردنی دراوە دیجیتاڵییەکان و چوارچێوەیەکی بەکارهێنانیانی لە بواری بازرگانی و پارەدان پەسندکرد.
8ـی ئەم مانگەش ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا پڕۆژەکەی پەسندکرد و بوو بە یاسا.
بەپێی دوو سەرچاوە، بەکارهێنانی دراوی دیجیتاڵی بۆ مامەڵە بازرگانییە نێودەوڵەتییەکانی رووسیا لە 1ـی مانگی داهاتوو دەستپێدەکات و مەبەست لێی دەربازبوونە لە کاریگەریی سزاکانی رۆژئاوا.
لەکاتی بەکارهێنانەکەدا رووسیا سیستمی پارەدانی کارتی نێوخۆیی بەکاردەهێنێت بۆ گۆڕینەوەی دراوی رۆبڵی وڵاتەکە بە دراوە دیجیتاڵییەکان. بانکی ناوەندیی رووسیا سەرپەرشتیی پرۆسەکە دەکات.
پەنابردنەبەر دراوە دیجیتاڵییەکان لەکاتێکدایە کۆمپانیاکانی رووسیا بەهۆی سزاکانی رۆژئاواوە دووچاری ئاستەنگ بوونەتەوە لە پێدانی پارەی کاڵا هاوردەکراوەکان و وەرگرتنی پارەی کاڵا هەناردەکراوەکانیان.
ئاستەنگەکان حوزەیرانی ئەم ساڵ زیاتر بوون کاتێک ئەمریکا سزاکانی فراوانکرد و بڕیاریدا هەر بانکێک سزابدات کە مامەڵە لەگەڵ رووسیا بکات.
ئەنتوان سیلوانۆڤ، وەزیری دارایی رووسیا 14ـی ئەم مانگە رایگەیاند، بەنیازی ئەوەن سەکۆیەکانی دراوە دیجیتاڵییەکانیش بەیاسایی بکەن، بەڵام هێشتا چارەسەری کۆتاییان بۆ ئەو کارە نەدۆزیوەتەوە.
بەپێی چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەگەر تاقیکردنەوەکە سەرکەوتوو بێت، رەنگە رووسیا لە سەرەتای ساڵی داهاتوودا رێگە بە بازاڕەکانی ئاڵوگۆڕی دراوی مۆسکۆ و سەینت پترسبۆرگ بدات سەکۆی تایبەت بە دراوە دیجیتاڵییەکان دابمەزرێنن.