بەهۆی بڕیاری لێخۆشبوونەوە یەک ملیار دیناری قەرزی بچووك دراوەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری قەرزی بچووك لە وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی رایگەیاند، بەسوودبینین لە لێخۆشبوونی 15%، زیاتر لە ملیارێك دینار لە قەرزی بچووك لە ماوەی دوو مانگدا گەڕێنراوەتەوە و دەشڵێت "داوا دەكەین ماوەی لێخۆشبوونی 15% تاوەكو كۆتایی ئەمساڵ درێژ بكرێتەوە".
ئارام ئەنوەر، بەڕێوەبەری قەرزی بچووك، لە وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، لە ماوەی دوو مانگی رابردوو بە سوودبینین لە لێخۆشبوونی 15%، نزیکەی 200 گەنج هەموو قەرزەكانیان بە یەك گوژمە گەڕاندووەتەوە بۆ گەنجینەی حكومەتی هەرێمی كوردستان".
ئارام ئەنوەر بڕی ئەو پارەیەی ئاشکرا کرد کە ئەو 200 گەنجە گەڕاندوویانەتەوە و گوتی: "هەموو ئەو پارەی لە ماوەی ئەو 15% لێخۆشبوونە گەڕاوەتەوە، دەكاتە زیاتر لە یەک ملیار دینار ئەوەش پارەیەكی باشە".
بەڕێوەبەری قەرزی بچووك، لە وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی ئەوەشی خستەڕوو ئێستا سەرقاڵی ئەوەن نووسراوێك بۆ سەرووی خۆیان بكەن بۆ درێژكردنەوەی ماوەی لێخۆشبوونەکە بۆ كۆتایی ئەمساڵ ، چونكە ماوەكە لە یەکەم رۆژی مانگی داهاتوو كۆتاییدێت.
ئارام ئەنوەر دەڵێت ئەگەر ماوەكەش درێژ نەكرێتەوە پێشنیاز دەكەن سزای دواكەوتن تاوەكو كۆتایی ئەمساڵ هەڵبگیرێت، چونكە وەك ئەو دەڵێت: "تائێستا 623 ملیۆن دینار تەنیا سزای دواكەوتن لەو گەنجانە وەرگیراوە كە لە كاتی خۆیدا قەرزەكانیان نەگەڕاندووەتەوە".
قەرزی بچووك پڕۆژەیەكی حكومەتی هەرێمی كوردستانە 8 هەزار و 136 گەنج سوودیان لێبوەرگرتووە، كۆی ئەو قەرزەی دراوە 76ملیار و 865 ملیۆن دینار بوو، لەو پارەیە 43 ملیار و 319 ملیۆن دیناری گەڕاوەتەوە كە دەكاتە 57%ی كۆی قەرزەكان.
لەمانگی حەوتی ئەمساڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا ئەو گەنجانەی هەموو قەرزەكە بەیەك گوژمە بگەڕێننەوە، حکومەت لە 15%ی قەرزەکانیان خۆشدەبێت. ئەو لێخۆشبوونەش تاوەكو 1-9-2020ە، ئێستا داوای درێژكردنەوەی ئەو ماوەیە دەكرێت.