بەکارهێنانی سامانی رووسیا بۆ ئۆکراینا؛ هەنگاوێک پەیوەندییەکانی نێوان مۆسکۆ و رۆژئاوا زیاتر تێکدەدات
رووداو دیجیتاڵ
رۆژئاوا دەیەوێت دەست بۆ گیرفانی مۆسکۆ ببات بۆ ئەوەی پارەکەی بە ئۆکراینا بدات، بەڵام بەکارهێنانی سامانی سڕکراوی رووسیا هێندە ئاسان نییە.
ئەم هەفتەیە، وەزیرانی دارایی کۆمەڵەی حەوت دەوڵەمەندەکە، کە بە جی 7 دەناسرێن، لە کۆبوونەوەکانیاندا ئەم بابەتە تاوتوێ دەکەن.
سەرەتا ئەمریکا بە ئاشکرا پشتگیری لە دەستبردن بۆ سامانی سڕکراوی رووسیای دەکرد، بەڵام ئێستا پشتیوانی لە پێشنیازێکی جیاوازی یەکێتیی ئەورووپا دەکات بۆ ئەوەی تەنیا ئەو سوودە ببەن کە لە رێگەی سامانەکەوە بەرهەم دێت.
جانێت یێڵن، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە کۆبوونەوەی G7 لە شاری سترێسای ئیتاڵیا پێشوازی لە پلانەکە کرد، بەڵام گوتیشی، پێویستە هاوپەیمانەکان بەردەوام بن لەسەر "کارکردنی پێکەوەیی بۆ دۆزینەوەی بژارەی باشتر."
بەڵام بەکارهێنانی ئەو ملیاران دۆلارەی رووسیا کە لە هەژمارە بانکییەکانی رۆژئاوادا کەوتووە چەند بەربەستێکی لە پێشە.
پارەکە چەندە؟
یەکێتیی ئەورووپا و وڵاتانی G7 دەستیان بەسەر نزیکەی 300 ملیار یۆرۆ (325 ملیار دۆلار)ی بانکی ناوەندیی رووسیادا گرتووە.
ئەوە جگە لەوەی کە دەستیان بەسەر چەندین ڤێلا و یەختی گەورە بازرگانانیی رووسیدا گرتووە کە گوایە لە کرێملنەوە نزیکن.
پەیمانگەیەکی توێژینەوەی ئۆکراینی بە ناوی "بیرۆکە یاساییەکان" پێیوایە، بەهای کۆی گشتیی سامانی سڕکراوی رووسەکان 397 ملیار دۆلارە.
فرێدریک دۆپەین، مامۆستای یاسای نێودەوڵەتی لە زانکۆی لۆڤەین لە بەلجیکا دەڵێت: "دەستبەسەرداگرتنی سامانەکە بیرۆکەیەکی فریودەرە".
بانکی جیهانی مەزەندە دەکات، ئاوەدانکردنەوەی ئۆکراینا پێویستی بە 486 ملیار دۆلار دەبێت.
برونۆ لومەیر، وەزیری دارایی فەرەنسا رۆژی چوارشەممە گوتی، بەشێکی زۆری ئەو پارەیە کە 185 ملیۆن یۆرۆیە، لە بانکی Euroclearـدا لە برۆکسل دەستی بەسەردا گیراوە.
هەبوونی ئەو پارەیە لەوێ وادەکات یەکێتیی ئەورووپا رۆڵێکی گرنگی هەبێت لە بڕیاردان لەوەی چۆن پارەی سڕکراوی رووسیا بەکاربهێنرێت.
بەشەکەی دیکەش لە لایەن ئەمریکا، ژاپۆن، بەریتانیا، ئوسترالیا و سویسراوە سڕکراوە.
کێ دەستی گرتوون؟
پارەی بانکە ناوەندییەکان پارێزبەندییان هەیە، واتە بە گوێرەی بنەمایەکی یاسایی، رێگە بە وڵاتێک نادرێت سامانی وڵاتێکی دیکە بۆ خۆی ببات.
هەروەها لە رووی بیردۆزییەوە، هەموو کەسێک مافی خاوەندارێتیکردنی سامانی تایبەتی هەیە، ئەو مافەش رێگە بە وڵاتان نادات بۆ تا هەتایە دەست بەسەر سامانەکەدا بگرن.
دۆپەین پێیوایە، ئەم دوودڵییەی رۆژئاواییەکان بۆ پێدانی پارەی سڕکراوی وڵاتێک بە وڵاتێکی دیکەی قوربانی، لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە ئەم کارە "هەرگیز پێشتر نەکراوە".
بەڵام هەندێ شارەزای دیکەی بواری یاسا دەڵێن، هەنگاوێکی لەم جۆرە رەوا دەبێت، ئەگەر وەک "وەڵامێک" دابنرێت بۆ ئەو کاریگەرییەی کە هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا لەسەر ئابووریی جیهان جێیهێشتووە.
نموونەیەکی نزیک لەمە، ئەو 52.4 ملیار دۆلارە بوو کە عێراق وەک قەرەبوو بە کوێتی دا لە دوای جەنگی ساڵی 1990ی کەنداو، بەڵام جیاوازییەکە ئەوەیە کە ئەو پارەیە لەلایەن دامەزراوەیەکی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە سەرپەرشتی دەکرا کە تایبەت بۆ ئەو مەبەستە دروستکرابوو.
نموونەیەکی تازەتر سڕکردنی پارەی بانکی ناوەندیی ئەفغانستان بوو لە لایەن ئەمریکاوە، دوای ئەوەی تاڵیبان گەڕایەوە سەر دەسەڵات، بەڵام ئامانجی ئەو هەنگاوە ئەوە بوو کە پارەکە هەر بە خەڵکی دیکەی وڵاتەکە بدرێتەوە، نەک وڵاتێکی دیکە.
نیکۆلاس ڤێرۆن، لێکۆڵینڤانی باڵا لە پەیمانگەی پیتەرسن بۆ توێژینەوە لە ئابووریی نێودەوڵەتی کە بارەگاکەی لە واشنتنە، هۆشداری دەدات کە دەستبەسەرداگرتنی سامانی رووسیا دەکرێت ببێتە پێشهاتێکی یاسایی مەترسیدار. ڤێرۆن دەڵێت: "ئەگەر [لەگەڵ رووسیا] لە جەنگدا بواین، هەموو شتێک جیاواز دەبوو، بەڵام لەگەڵ رووسیا لە جەنگدا نین."
هەندێکی دیکەش هۆشداری دەدەن کە دەکرێت وڵاتانی دیکەی وەک چین لە ترسی دەستبەسەرداگرتنیان، سامانیان لە وڵاتانی رۆژئاوا بکشێننەوە.
مۆسکۆ هەڕەشەی کردووە کە بە دەستبەسەرداگرتنی سامانی تایبەتی وڵاتانی رۆژئاوا لە رووسیا تۆڵەیان لێ دەکاتەوە.
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا رۆژی پێنجشەممە بڕیارێکی واژۆکرد کە رێگە بە دەستبەسەرداگرتنی سامانی حکومەت و هاووڵاتیانی ئەمریکا لە رووسیادا دەدات بۆ ئەوەی بیدەن بەو هاووڵاتییە رووسییانەی بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە زیانیان بەرکەوتووە.
چ هەنگاوێک نراوە؟
وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا رۆژی سێشەممە بڕیاریاندا قازانجی سامانی سڕکراوی بانکی ناوەندیی رووسیا بۆ چەکدارکردنی ئۆکراینا بەکاربێنن.
یەکێتیی ئەورووپا چاوی لەوەیە سامانە سڕکراوەکە ساڵانە 2.5 تاوەکو 3 ملیار یۆرۆی لێ بەرهەم بێت و بیدات بە کیێڤ.
ئەمریکا گوشار لە وڵاتانی G7 دەکات بۆ ئەوەی 50 ملیار دۆلار بۆ ئۆکراینا قەرز بکەن. هێشتا هەموو وردەکارییەکان دیارینەکراون، لە نێویاندا کە ئایا ئەمریکا بە تەنیا ئەو پارەیە بە ئۆکراینا دەدات یان هەموو وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت تێیدا بەشدار دەبن.