نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەرزبووەوە
رووداو دیجیتاڵ
نرخی ئۆنسەیەک زێڕ زیاتر لە 25 دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە نزیکەی 2200 دۆلار، لەگەڵیشیدا نرخی مسقاڵێك زێڕ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان 5 هەزار دینار بەرزبووەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 26-3-2024، نرخی ئۆنسەیەک زێڕ 28 دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە 2199 دۆلار، بەڵام دواتر کەمێک بۆ خوار ئەو ئاستە دابەزی.
لاوازیی نرخی دۆلار و چاوەڕوانیی بازرگان و وەبەرهێنەران بۆ داتای داهاتووی ئەمریکا لەبارەی هەڵاوسان لەم هەفتەیەدا هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕن.
لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ لەسەر ئاستی جیهان، نرخی مسقاڵێک زێڕ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستانیش 5 هەزار دینار بەرزبووەوە.
بەپێی سەندیکای زێڕینگەرانی هەرێمی کوردستان، بەیانیی ئەمڕۆ لەکاتی کردنەوەی بازاڕدا نرخی زێڕ بەمشێوەیە بوو:
مسقاڵێک زێڕی عەیار 24 بە 520,000 دینار
مسقاڵێک زێڕی عەیار 22 بە 475,000 دینار
مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە 455,000 دینار
مسقاڵێک زێڕی عەیار 18 بە 390,000 دینارە
ئەمڕۆ لەکاتی کردنەوەی بازاڕدا لە هەرێمی کوردستان، ئۆنسەیەک زێڕ بە 2173 دۆلار بوو، بەڵام دواتر گۆڕانی بەسەردا هات و ئێستا بەمشێوەیەیە:
مسقاڵێک زێڕی عەیار 24 بە 525,000 دینارە
مسقاڵێک زێڕی عەیار 22 بە 480,000 دینارە
مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە 460,000 دینارە
مسقاڵێک زێڕی عەیار 18 بە 395,000 دینارە
رۆژی هەینی، 29-3-2024، ئاماری خەرجیی بەکاربەر بۆ مانگی رابردوو لە ئەمریکا بڵاودەبێتەوە؛ پێشبینی دەکرێت رێژەکە لە ٪0.4ـەوە بۆ 0.3٪ دابەزێت.
کەمبوونەوەی خەرجیی بەکاربەر دەبێتە یەکێک لە ئاماژەکان کە هەڵاوسان لە ئەمریکا رووەو دابەزین هەنگاو دەنێت، ئەوەش ئەو پێشبینییانە بەهێز دەکات کە لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەست بە کەمکردنەوەی رێژەی سوود دەکات کە ئەوە بە زیانی دۆلار و قازانجی زێڕ دەشکێتەوە.
رۆژی 20-3-2024، جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا رایگەیاند، سوودی بانکییان لە 5.50٪ وەک خۆی هێشتەوە؛ گوتیشی، سەرەڕای بەرزبوونەوەی هەڵاوسان، ئەوان هێشتا پێیانوایە کە ئەم ساڵ سێ جار رێژەی سوود کەمدەکەنەوە.
دوای لێدوانەکەی پاوڵ، نرخی یەک ئۆنسەی زێڕ زیاتر لە 50 دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە لە 2222 دۆلار. ئەمە بەرزترین نرخی زێڕ بوو لە مێژوودا تۆمارکرابێت.
بەپێی پێشبینیی دامەزراوەی WisdomTreeی نێودەوڵەتی کە بارەگاکەی لە ئەمریکایە، دەکرێت لە چارەکی کۆتایی 2025ـدا نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بگاتە زیاتر لە 2350 دۆلار.