بەرپرسێکی دیوانی چاودێریی دارایی: دروستکردنی کارتی بانکی بۆ فەرمانبەران نزیکەی ساڵێکی پێویستە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتی لە دیوانی چاودێری دارایی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، دروستکردن و دەرهێنانی کارتی بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کارێکی ئاسان نییە و رەنگە زیاتر لە ساڵێکی پێویست بێت.
محەممەد زراری، بەڕێوەبەری گشتی لە دیوانی چاودێریی دارایی ھەرێمی کوردستان لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا، کە زانا کایانی پێشکێشیکرد، باسی پرۆسەی دروستکردن و دەرهێنانی کارتی بانکی بۆ فەرمانبەران، ژمارەی مووچەخۆران و سەردانی شاندی چاودێری دارایی عێراق لە هەولێر کرد.
بەڕێوەبەری گشتی لە دیوانی چاودێریی دارایی ھەرێمی کوردستان نموونەی بە پرۆژەی "هەژماری من" هێنایەوە و گوتی: "تاوەکو ئێستا لە پڕۆژەی هەژماری من نزیکەی 200 هەزار کەس تۆمارکراون."
دەشڵێت، لەو ژمارەیەش نزیکەی 100 هەزاریان کارتەکەیان وەرگرتووەتەوە لە کاتێکدا ئەو پڕۆژەیە ماوەیەکی زۆرە دەستیپێکردووە.
ژمارەی فەرمانبەران کە لە یاسای بودجەدا جێگیر کراوە 658 هەزارە، بەڵام ئەوەی لای حکومەتی هەرێمی کوردستانە 682 هەزارە و جیاوازییەکە 23 هەزارە.
محەممەد زراری لەبارەی ئەو جیاوازییە، گوتی: "ئەو جیاوازییەی کە هەیە ئەوەیە دەگوترێت خراوەتە سەر بودجەی 'سیادی'، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ بودجەیەکی بۆ نەهاتووە."
جگە لە فەرمانبەرانی میلاک، 242 هەزار خانەنشینی سەربازی و مەدەنی 76 هەزار چاودێری کۆمەڵایەتی، 86 هەزار مووچەی شەهیدان و ئەنفالکراوان و نزیکەی 30 فەرمانبەری گرێبەست هەن.
لەبارەی ئەو شاندەی چاودێری دارایی عێراق کە لە هەولێرە، بەڕێوەبەری گشتی لە دیوانی چاودێریی دارایی ھەرێمی کوردستان گوتی: "شاندەکە لەگەڵ دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان وردبینی لە داهات و خەرجیی شەش مانگی دووەمی ساڵی رابردوو دەکات. وردبینییەکەش نزیکەی هەفتەیەکی پێویستە".
بە گوتەی محەممەد زراری، وردبینییەکە بۆ زانینی خەرجی و داهاتی حکومەتی هەرێمی کوردستانە لە ماوەی ئەو شەش مانگەدا، خەرجی و داهاتەکان روونە و هیچ گرفتێکی نییە و چاودێری دارایی دەستی بە هەموو دیکۆمێنتەکان گەیشتووە.
ئەوەی لە وردبینییەکە دەکرێت "تەنیا نووسینی تێبینییە، چونکە ئەوەی هەیە روویداوە و خەرجییەکان کراوە و ئەو خەرجییانەی کراوە خەرجی راستەقینە بووە."
ئەمڕۆ 26/2/2024 کۆبوونەوەی لیژنەی دارایی پەرلەمان و وەزیری دارایی عێراق بەڕێوەچوو. وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند، دەبێت تەواوی مووچەخۆران هەژماری بانکیی بکەنەوە، ئەگەرنا مووچەی مانگی ئاداریان بۆ خەرج ناکرێت.
نەرمین مەعرووف، ئەندامی لیژنەی دارایی و بەشداربووی کۆبوونەوەکە گوتی: "مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەبێت لەو شارانەی ئەو بانکانەی عێراقی تێدان هەژماری بانکیی بکەنەوە. بۆ نموونە؛ بچنە لقەکانی بەغدا، یان هەر پارێزگایەکی دیکەی عێراق کە ئەو بانکانەی تێدان، چونکە لە هەرێمی کوردستان هیچ لقێکیان نییە. بەڵام دواتر دەتوانن داوا بکەن مووچەکەیان لە بانکەکانی هەرێمی کوردستان وەربگرن، بۆ ئەوەش بانکە عێراقییەکە راستەوخۆ رەوانەی دەکات بۆ سەر بانکێکی کوردستان بۆیان."