100 دۆلار گەیشتەوە سەرووی 150 هەزار دینار

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ لە کاتی داخستنی بازاڕدا، نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلار دابەزی و 100 دۆلار لە هەولێر گەیشتەوە 150 هەزار و 500 دینار.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 25-12-2023، حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراوی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ لەکاتی کردنەوەی بازاڕدا، 100 دۆلار بە 149 هەزار و 500 دینار مامەڵەی پێوەکراوە.
 
بەگوتەی حاجی سابیر، لە سەرەتای مامەڵەکانی رۆژدا، نرخی دینار لە بەرزیدا بووە و 100 دۆلار بۆ ئاستی 148 هەزار و 500 دیناریش دابەزی، بەڵام لەکاتی داخستندا نرخی دینار دابەزی و 100 دۆلار گەیشتە 150 هەزار و 500 دینار.
 
بەم پێیە، ئەمڕۆ لە هەولێر نرخی هەر 100 دۆلارێک، هەزار دینار بەرزبووەتەوە.
 
ئەمڕۆ بانکی ناوەندیی عێراق 199 ملیۆن و 905 هەزار و 896 دۆلاری خستە بازاڕەوە؛ لەو بڕە، 187 ملیۆن و 265 هەزار و 896 دۆلاری بە شێوەی حەواڵە و، 12 ملیۆن و 640 هەزار دۆلاریشی بە شێوەی کاش بووە. حاجی سابیر دەڵێت، ئەمە هۆکاری سەرەکیی دابەزینی نرخی دینار بوو بەرامبەر بە دۆلار.
 
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراوی هەولێر دەشڵێت، خواست لەسەر دۆلار هەیە، ئەگەر سبەی بانکی ناوەندیی دۆلاری کەم بە شێوەی کاش بدات [کەمتر لە 15 بۆ 20]، ئەوە رەنگە نرخی دینار کەمێک زیاتر دابەزێت.
 
هاوکات، رەوەز میرزا، ئاڵوگۆڕکاری دراو لە شاری سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ لە کاتی کردنەوەی بازاڕی دۆلارەکە، 100 دۆلار بە 149 هەزار دینار مامەڵەی پێوەدەکرا، بەڵام لەکاتی داخستندا 100 دۆلار بە 150 هەزار و 100 دینار مامەڵەی پێوەکراوە.
 
بەم پێیە، ئەمڕۆ لە سلێمانی نرخی هەر 100 دۆلارێک، هەزار و 100 دینار بەرزبووەتەوە.
 
ئەو ئاڵوگۆڕکارە بە هەمانشێوە پێیوایە خستنەڕووی کەمیی دۆلار بە شێوەی کاش لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە، هۆکاری سەرەکیی دابەزینی نرخی دینارە.
 
رەوەز میرزا دەشڵێت، هۆکارێکی دیکەی دابەزینی نرخی دینار، فرۆشتنی دۆلارە لەلایەن بەشێکی زۆر لە کۆمپانیاکانەوە، چونکە حکومەتی عێراق داوای لێکردوون بۆ ساڵی نوێ سەرمایەکانیان بکەنە دینار.
 
بەگوتەی رەوەز میرزا، ئەمەش وایکرد دۆلارێکی زۆر بکەوێتە بازاڕەوە و خواستیش لەسەری بەهێزە، بەوپێیەی خەڵکێکی زۆر چاوەڕوانن بە نرخێکی هەرزانی وەکو ئێستا دۆلار بکڕن.
 
وەک ئەو ئاڵوگۆڕکارە دەڵێت، لە ساڵی نوێدا، ئەگەر رێکارەکانی بانکی ناوەندی وەکو خۆیان جێبەجێ بکرێن، نرخی دینار بەرزدەبێتەوە، بەپێچەوانەشەوە دادەبەزێت.
 
دابەزینی نرخی دینار لەکاتێکدایە، زیاتر لە هەفتەیەکە شەپۆلێکی بەرزبوونەوەی نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلار لە بازاڕەکانی دراوی هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە.
 
متمانەی بەشێکی خەڵک بە رێکارەکانی بانکی ناوەندیی عێراق لە سەرەتای ساڵی نوێوە بۆ گۆڕینی مامەڵە نێوخۆییەکان لە دۆلارەوە بۆ دینار، هاوشان لەگەڵ راپۆرتەکانی ناردنی دۆلاری پێویست لە لایەن ئەمریکاوە بۆ عێراق لە ساڵی نوێدا، هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی ئەمدواییەی نرخی دینارن.
 
رۆژی شەممە، 16-12-2023، نرخی هەر 100 دۆلارێک بە 156 هەزار و 400 دینار بوو، بەوپێیە، لە 9 رۆژی رابردوودا، نرخی هەر 100 دۆلارێک نزیکەی 6 هەزار دینار دابەزیوە.
 
بانکی ناوەندیی عێراق رۆژانە نزیکەی 200 ملیۆن دۆلار بە نرخی فەرمی دەفرۆشێت کە بۆ 100 دۆلار 132 هەزار دینار وەردەگرێت. ئاڵوگۆڕکارانی دراو دەڵێن، ئەو پارەیە بەشی زۆری بۆ دەرەوەی وڵاتە؛ بۆیە بەهای دینار بەرامبەر دۆلار ناجێگیرە.