وەزارەتی کشتوکاڵ: هەفتەی داهاتوو بنەتۆو دەدرێتە جووتیارانی هەرێمی کوردستان
رووداو - هەولێر
هەفتەی داهاتوو بنەتۆو دەدرێتە جووتیارانی هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەری بەرهەمهێنان و پەسندکردنی بنەتۆو لە وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت: هەر تۆنێک بە 800 هەزار دینار دەدرێتە جووتیاران.
رۆژی سێشەممە 25-10-2022، رێژین سدیق، بەڕێوەبەری بەرهەمهێنان و پەسندکردنی بنەتۆو لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەگوێرەی ئەو پلانەی دامانناوە بڕیارە هەفتەی داهاتوو بنەتۆو بدرێتە جووتیارانی هەرێمی کوردستان."
بە گوتەی رێژین سدیق تێچووی بەرهەمهێنانی یەک تۆن بنەتۆوی گەنم لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان ملیۆنێك و 14 هەزار و 750 دینار دەکەوێت، بەڵام ئەوان بە 800 هەزار دینار دەیدەنەوە جووتیاران.
ساڵی رابردوو، یەک تۆن بنەتۆوی گەنم بە 530 هەزار دینار دراوەتە جووتیاران، بەڕێوەبەری بەرهەمهێنان و پەسندکردنی بنەتۆو لە وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت: "نرخی ساڵی پار و ئەمساڵ زۆر جیاوازە، نەک تەنیا لە هەرێمی کوردستان و عێراق، بە گشتی لە جیهانیش ئێستا هیچ بنەتۆیەک بەوانەش کە لە دەرەوە دێت لە یەک ملیۆن دینار کەمتر نییە؛ کاتی خۆیشی بنەتۆومان بە 880 هەزار دینار لە جووتیاران کڕیوە."
ئەمساڵ حکومەت بڕی 322 هەزار تۆن گەنمی لە جووتیاران کڕیوەتەوە. رێژین سدیق گوتی: "ئەمساڵ وەزارەتی کشتوکاڵ حەوت هەزار تۆن بنەتۆوی بەرهەمهێناوە، ئەوەش بەشی پێویستی ناوخۆ ناکات، بۆ ئەوەی هەموو جووتیارێک بنەتۆو وەربگرێت دەبێت بەرهەمهێنان لە 65 تاوەکو 70 هەزار تۆن بێت، بەڵام زۆرجار ئەگەر ئێمە بگەینە 30 هەزار تۆن دەتوانین بڵێن بەشێوەیەکی باش پێویستی ناوخۆمان پڕکردووەتەوە."
لە هەرێمی کوردستان 26 جۆر بنەتۆوی گەنمی تۆمارکراو هەن کە سەرجەمیان بەرهەمهێنراوی وەزارەتی کشتوکاڵن، رێژین سدیق گوتی: "کۆمپانیا هەیە بنەتۆوی خۆی هاوردە دەکات، جووتیار هەیە لەوان دەیکڕێت و هەشە لە وەزارەت دەیکڕێت."
ساڵی رابردوو، یەک تۆن بنەتۆوی گەنم بە 530 هەزار دینار دراوەتە جووتیاران، رۆژی 20-9-2022، بەڕێوەبەری بەرهەمهێنان و پەسندکردنی بنەتۆو لە وەزارەتی کشتوکاڵ لەوبارەوە گوتبووی: "35٪ی تێچووی بەرهەمهێنانەکەی لەلایەن حکومەتەوە پاڵپشتی کرابوو، حکومەت بنەتۆوی بە 630 هەزار دینار لە جووتیارانی بەرهەمهێنی بنەتۆو کڕییەوە و بەو نرخە بە جووتیارانی هەرێمی کوردستان درا."