سندووقی نەختی نێودەوڵەتی هۆشداری لە بەرزبوونەوەی نرخی برنج دەدات


رووداو دیجیتاڵ

سندووقی نەختی نێودەوڵەتی، هۆشداری دەدات لە بڕیاری هیندستان بۆ قەدەخەی هەناردەی برنج و دەڵێت، هەڵاوسانی خۆراک لە جیهاندا زیاد دەکات.

پییەر ئۆلیڤێر گۆرینچاس، ئابووریناسی باڵا لە سندووقی نەختی نێودەوڵەتی، رۆژی سێشەممە، 25-07-2023، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییدا رایگەیاند، سنووردارکردنی هەناردەی هەندێک جۆری برنج لە لایەن هیندستانەوە کاریگەرییەکەی هاوشێوەی هەڵپەساردنی رێککەوتنی هەناردەی دانەوێڵەیە و نرخی برنج لە وڵاتانی دیکە بەرزدەکاتەوە.
 
ئەو ئابووریناسە هۆشداریش دەدات و دەڵێت، رەنگە ئەمساڵ نرخی دانەوێڵە لەسەر ئاستی جیهان 10٪ بۆ 15٪ بەرزبێتەوە. گۆرینچاس دەڵێت، لەم ژینگەیەی ئێستادا "ئەم جۆرە رێکارانە رەنگە نرخی خۆراک لە تەواوی جیهاندا ناجێگیر بکەن و ئەگەری رێکاری تۆڵەکارانەش زیادبکەن". گوتیشی، "هانی لابردنی ئەو جۆرە سنووردارکردنانەی هەناردە دەدەین، چونکە دەکرێت لەسەر ئاستی جیهاندا لێکەوتەی خراپیان هەبێت".
 
هۆشداریی سندووقی نەختی نێودەوڵەتی لەکاتێکدایە، پێشبینی دەکرێت بەم زووانە نرخی برنج بەرزبێتەوە، دوای ئەوەی هیندستان کە گەورەترین هەناردەکاری برنجە، جگە لە برنجی بەسمەتی، هەناردەی زۆرینەی جۆرەکانی برنجی قەدەخەکرد، ئەمەش گوشارێکی زۆری لەسەر بازاڕەکانی خۆراک لە جیهاندا دروستکردووە، بەتایبەتیش کە تووشی خراپیی کەشوهەوا و کاریگەرییەکانی شەڕی ئۆکراینا بوونەتەوە.
 
چۆکیات ئۆڤاسۆنگسێ، سەرۆکی کۆمەڵەی هەناردەکارانی برنجی تایلاند کە یەکێکە لە گەورەترین هەناردەکارانی دانەوێڵە لە جیهاندا دەڵێت، "بەدڵنیاییەوە نرخی برنج لە ماوەی کورتخایەندا بەرز دەبێتەوە، بەڵام کەس نازانێت چەند بەرز دەبێتەوە".