ئاسۆی نۆژەنکردنەوەی قەیسەریی هەولێر دیارنییە؛ 'ناتوانین خۆڵی بەردەم دووکانەکانیشمان فڕێبدەین'

رووداو دیجیتاڵ 

دوای 20 رۆژ لە سووتانی، ئاسۆی نۆژەنکردنەوەی بازاڕی قەیسەریی هەولێر روون نییە و دووکانداران تەنانەت ناتوانن خۆڵی بەردەم دووکانەکانیشیان فڕێ بدەن.
 
بانکی جیهان بۆ ئەوەی هاوکاری دووکاندارەکان بکات، بەبێ قازانج و بۆ ماوەی ساڵێک، 10 ملیۆن دینار دەداتە زیانلێکەوتووان. بەڵام دووکاندارەکان ترسیان هەیە قەرزەکە وەربگرن، بازاڕەکەش ئەو بەشەی هەر بە وێرانەیی بمێنێتەوە و نەتوانن پارەکە بەکاربهێن و ساڵی بەسەردا بڕوات.
 
محەممەد شێخ فاتیح، چووە بازاڕە تەمەن 200 ساڵەکەی هەولێر، لە کۆڵانێکی بازاڕەکە دووکاندارەکان لە دەوری کۆبوونەوە. حەیدەر، دووکانی جلوبەرگی ژنان هەیە، لە کاتی سووتانی بازاڕی قەیسەری تەنیا چەند پارچەیەکی بۆ ماوەتەوە.
 
ئەو دەڵێت "نزیکەی 400 هەزار دۆلار زیانم بەرکەوتووە." لەگەڵ ئەوەشدا ئێستا بەرچاوی روون نییە کە داهاتووی دووکانەکەی چی دەبێت، رێگەش نادرێت خۆڵ و خاشاکی بازاڕەکە فڕێبدەن.
 
حەیدەر گوتی: داوا لە حکومەت دەکەین تەنیا بۆمان خاوێن بکەنەوە، بەهۆی ئەو خۆڵ و خاشاکەوە سووتانی دووکانەکەم هەر بیرچووەتەوە، خاوێنی بکەنەوە بۆ ئەوەی ئێمەش دەست بە نۆژەنکردنەوەی دووکانەکانمان بکەین، ماڵ و منداڵمان هەیە، پێویستمان بە بژێوییە.
 
بەشێک لە دووکانەکان بەتەواوی سووتاون، هەندێکیشیان سەقفەکانیان کەوتووە، محەممەد شێخ فاتیح، لەگەڵ دووکانداران گفتوگۆی ئەوەی کرد ئەوان دەتوانن چۆن سوود لەو قەرزە وەربگرن کە بانکی جیهان دەستپێشخەریی کردووە و بەبێ سوود پێیان دەدات. هێمنی زێڕنگر، نزیکەی کیلۆیەک زێڕی لە کاتی سووتانی قەیسەری لەنێوچووە (زێڕەکەی بە ئاگر قاڵاوەتەوە و لەگەڵ پاشماوەی دووکانەکەی تێکەڵ بووە). ئەو دەڵێت ئامادەیە یەکەم کەس بڕوات قەرزەکە وەربگرێت. "ئێمە سوپاسیان دەکەین کە سوودیان نەخستووەتە سەر قەرزەکە." 
 
دووکانداران نیگەرانن لە ماوەی گەڕاندنەوەی قەرزەکە، داوادەکەن کاتەکەی زیادبکەن، چونکە زەحمەتە بۆ ئەوان لەوماوەیەدا بتوانن قەرزەکە بگەڕێننەوە. 
 
حەیدەر، کە زیانەکەی بە 400 هەزار دۆلار باسکرد، دەڵێت "من نازانم کەی دەگەینە ئەو دۆخەی دەست بە ئیش بکەینەوە، تاوەکو ساڵێک زیاتر ناتوانین بگەڕێینەوە دۆخی ئاسایی خۆمان، چۆن دەتوانین قەرزەکە لەو ماوەیەدا بدەینەوە."
 
کێشەی دووکاندارەکان ئەوەیە؛ بەرچاویان روون نییە کەی دەتوانن دەست بەکار بکەنەوە. دیدار تەها، یەکێکە لە دووکاندارە زیانلێکەوتووەکان، باس لەوە دەکات حکومەت هەرچی داواکارییەکی هەبێت لەسەر شێوازی نۆژەنکردنەوەکە ئەوان جێبەجێی دەکەن، چونکە بژێویی ژیانیان لەسەر ئەو کارەیە، گوتی "خاوەن خێزانم و منداڵم هەیە، دایکم دوو کوڕی کەمئەندامی هەیە. ئاخر چۆن من بڕۆم بۆ خەرجیی رۆژانە لەو پارە وەربگرم. ئێمە شوکرین بەوەی سووتاوە، بەڵام تووشی حاڵەتێکی دەروونی بووین."
 
دەشڵێت "پێش سووتانی بازاڕەکە، رۆژانە یەک پاکەت جگەرەم دەکێشا، ئێستا رۆژانە چوار پاکەت دەکێشم، دۆخێکی سەختمان هەیە. گوتمان قەرەبوو دەکرێینەوە، ئەوە هیچ کە نییە، (بەڵام) بهێڵن دەست بە ئیش بکەین."
 
یەکێک لە دووکاندارەکان کە لەسەر ئەو کێشەیە چووەتە کۆبوونەوەی پارێزگای هەولێر، باسی لەوەکرد پارێزگار پێی گوتوون ''ئێوە ناوەوەی دووکانەکانی خۆتان نۆژەنبکەنەوە، دەرەوەی بۆ ئێمە جێبهێڵن."
 
ئەو دووکاندارە پیشەی بەرگدرووە و دەپرسێت "بۆچی نایەن نۆژەنی بکەنەوە؟ ئێمە دووکانی خۆمان نۆژەندەکەینەوە، چونکە لە ساڵێکدا دووکات بازاڕمان باشە، کە کاتی جەژنەکانە، ئەگەر ئەم جەژنە فریانەکەوین، زیانی زۆر دەکەین".
 
سووتانی دەفتەرقەرز
 
سووتانی دەفتەری قەرز هێندەی دیکە قەبارەی زیانەکانی بۆ دووکانداران زیاد کردووە، بەتایبەت ئەوانەی کۆفرۆش بوون. یەکێک لە دووکاندارەکان لە دەفتەری قەرزەکەی نزیکەی 60 ملیۆن دینار هەبووە کە سووتاوە، هاوبەش موعتەسەم، دەڵێت "ئێمە، قەرزاری خەڵک بووین، خەڵکیش لە ئێمە قەرزی کردبوو. زیانەکانی دووکانەکانمان کە پێنج دووکان بوون زیاتر لە 300 هەزار دۆلار بووە."
 
لەگەڵ ئەوەشدا دووکاندارێکی دیکە باسی لەوەکرد، 19 ملیۆن دیناری لە دەفتەری قەرزەکەی هەبووە ئەویش سووتاوە و کەسیش تەلەفۆنی نەکردووە "بڵێ قەرزەکەت بۆ دەگەڕێنمەوە."
 
لەدوای بینینی دۆخی بازاڕەکە و قسەکردن لەگەڵ دووکاندارە زیانلێکەوتەکان و باسکردنی پێدانی قەرز بەبێ سوودی بانکی لە لایەن بانکی جیهانەوە، محەممەد شێخ فاتیح، پرسیاری کاسبکارەکانی بردە بانکی جیهان و ئاراستەی ئەحمەد عەبدولخالق، بەڕێوەبەری لقی هەولێری بانکی جیهانی کردن.
 
بە گوتەی ئەحمەد عەبدولخالق، هەر دووکاندارێک کە بەڵگەی سووتانی دووکانەکەی هەبێت، بە ناوی یەک کەس دەتوانێت 10 ملیۆن دینار لە بانکی جیهان قەرزبکات، بە بێ ئەوەی سوودی بانکی و عمولەیان لێ وەربگرێت، بڕی قەرزەکەش بۆ ماوەی 12 مانگە و بۆ پێدانیشی چاوەڕێی رێنمایی بانکی ناوەندین.
 
لە بارەی پێویستییەکانی کەسێک بۆ ئەوەی بتوانێت قەرزەکە وەربگرێت، بەڕێوەبەری بانکی جیهان لقی هەولێر گوتی: دەبێت بەڵگەی سووتانی دووکانەکەی، فایلی ناساندنی کەسی لەگەڵ بەڵگەنامەی خاوەنداریێتی دووکانەکەی یان کرێنشینی لەگەڵ خۆی بباتە بانکەکە "پاشان ئێمە دەست بە پرۆسەی پێدانی قەرزەکە دەکەین."
 
ئەو کەسانەی قەرزەکە وەردەگرن، ئازادن لە یەک ملیۆن تا 10 ملیۆن دینار بە گوێرەی پێویستیی خۆیان وەریبگرن. لەبارەی کاتی دانەوەی قەرزەکەش، ئەگەر کەسێک قەرزەکە نەگەڕێنێتەوە، ئەحمەد عەبدولخالق، گوتی لە کاتی وەرگرتنی قەرزەکە ''فۆرمی چۆنیێتیی دانەوەی قەرزەکەمان هەیە بەگوێرەی داهاتی ئەو کەسە رێکدەکەوین لەسەر گەڕاندنەوەی و کەسێک دەکەینە کەفیلی کە مووچەی مانگانەی لە حکومەتەوە بێت."
 
بۆ ئەوانەشی کە دەیانەوێت زیاتر لە 10 ملیۆنەکە وەربگرن، گوتی: ئەو کات سوودی بانکی دەچێتە سەر بە رێژەی 7٪ بۆ 8٪.
 
کاژێر 09:30ـی شەوی دووشەممە 5ـی ئایار، ئاگر لە بازاڕی قەیسەریی شاری هەولێر کەوتەوە و بەگوێرەی راگەیێندراوی پارێزگای هەولێر، لە کۆی 4000 دووکانی نێو بازاڕەکە، 227ـیان سووتان، یان زیانیان بەرکەوتووە.
 
بازاڕی قەیسەریی هەولێر لەسەر رووبەری 50 هەزار مەتر چوارگۆشە بنیاتنراوە و تەمەنی زیاتر لە 200 ساڵە، لەبەردەم قەڵای هەولێرە و دەکەوێتە جەرگەی شارەکە.