بانکی ناوەندیی عێراق هۆشداریی لە خراپ بەکارهێنانی کارتی ئەلیکترۆنی دەدات

رووداو دیجیتاڵ
 
بانکی ناوەندیی عێراق هۆشداری دەداتە ئەو کەسانەی کارتە ئەلیکترۆنییەکان "خراپ بەکاردەهێنن"، خاوەنەکانیان کارتەکەیان لێوەردەگیرێتەوە و زیندانی دەکرێن.
 
بانکەکە لە راگەیێندراوێکدا، کە رۆژی پێنجشەممە بڵاوی کردووەتەوە، دەڵێت، بەردەوامن لە ناردنی کارتە خراپ بەکارهێندراوەکان و خاوەنەکەی بۆ فەرمانگەی بەرەنگاربوونەوەی شوشتنەوە و بەقاچاخاخبردنی پارە.
 
بانکی ناوەندیی عێراق دەڵێت، بەپێی یاسای ژمارە 39ی ساڵی 2015ی بەرەنگاربوونەوەی شوشتنەوە و بەقاچاخابردنی پارە، لێپێچینەوە لەو کەسانە دەکرێت کە کارتە ئەلیکترۆنییەکان بەشێوەیەکی خراپ بەکاردەهێنن.
 
ئەو کەسانەی یاساکە دەیانگرێتەوە، دەست بەسەر کارتەکەیان دەگیرێت و ئەگەری زیندانیکردنی خاوەنەکەشی هەیە.
 
یەکەمجار نییە بانکی ناوەندیی هۆشداریی هاوشێوە بدات. هۆشدارییەکانی پێشووشی کاریگەریی نەرێنییان لەسەر نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلار داناوە، بەڵام هۆشدارییەکەی ئەمڕۆ نرخی دیناری دانەبەزاند.
 
کارتى ئەلیکترۆنیى پارە لە رێگەى بانکە حکومى و تایبەتییە مۆڵەتپێداوەکانى بانکى ناوەندیی عێراق دروست دەکرێت، کە هاووڵاتییان لە رێگەى پڕکردنەوەیان مامەڵەی داراییان پێوە دەکەن.
 
بەڵام هەندێک لە کارتەکان بۆ بە قاچاخبردنى دۆلار بۆ دەرەوەى عێراق بەکاردەهێندرێن، دواى ئەوەى بە نرخى فەرمى لە بانکى ناوەندى دەکڕدرێن کە 1310 دینارە، لەکاتێکدا بەهاکەى لە بازاڕ زیاتر لە 1470 دینارە.