بانکی ناوەندیی تورکیا رێژەی سوود رادەگەیێنێت
رووداو دیجیتاڵ
بانکی ناوەندیی تورکیا ئەمڕۆ پێنجشەممە یەکەم بڕیاری سوودی بانکی ساڵ رادەگەییێنێت؛ پێشبینییەکان بەو ئاراستەیەن کە رێژەی سوودی بانکی زیاتر بەرزبکرێتەوە.
ئەنجوومەنی سیاسەتی نەختینەیی دراوی بانکی ناوەندیی تورکیا دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، بە سەرۆکایەتی حافیزە گایە، سەرۆکی بانکی ناوەندیی کۆدەبێتەوە و لە کاژێر 14:00ـدا بڕیاری خۆی لەبارەی سوودی بانکی رادەگەیێنێت.
بانکی ناوەندیی تورکیا لە دوایین کۆبوونەوەیدا، کە لە 21ـی کانوونی یەکەمی 2023 کرا، سوودی بانکی 500 خاڵ زیادکرد و رێژەی سوودی بانکی لە 40٪ بۆ 42.5٪ بەرزکردەوە.
بەگوێرەی راپرسییەکی ئانادۆڵ کە بە بەشداریی 14 شارەزای ئابووری ئامادەکراوە، پێشبینی دەکرێت بانکی ناوەندیی تورکیا سوودی بانکی 250 خاڵی دیکە زیاد بکات و رێژەکە بۆ 45٪ بەرز بکاتەوە.
بەر لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی تورکیا لە 14ـی ئایاردا یەک دۆلار بە 19 لیرە و 60 قروش مامەڵەی پێوە دەکرا؛ لە دووەم گەڕی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا کە لە 28ـی ئایار کرا، بۆ یەکەمینجار بەهای یەک دۆلار 20 لیرەی تێپەڕاند و دوای هەڵبژاردنەکان بۆ یەکەمجار لە 26ـی حوزەیراندا بەهای یەک دۆلار گەیشتە 26 لیرە. ئێستاش یەک دۆلار بە زیاتر لە 30 لیرە مامەڵەی پێوە دەکرێت.
رۆژی 22ی حوزەیرانی 2023، بانکی ناوەندیی تورکیا رێژەی سوودی بانکی بە 650 خاڵی بنەڕەتی یان بە رێژەی 6.50٪ زیادکرد و رێژەکەی گەیاندە 15٪، ئەوەش کەمتر بوو لە ئاستی پێشبینییەکان.
بانکی ناوەندیی تورکیا رۆژی پێنجشەممە 20ـی تەمموزی 2023، رێژەی سوودی بانکی بە زیادکردنی 250 خاڵی بنەڕەتی، رێژەی سوودی بانکی لە 15٪ بۆ 17.5٪ بەرزکردەوە. لە کۆبوونەوەی مانگی ئابدا بە زیادکردنی 750 خاڵی بنەڕەتی رێژەی سوودی گەیاندە 25٪ و لە کۆبوونەوەی مانگی ئەیلولدا رێژەکەی بۆ 30٪، لە تشرینی یەکەمدا بۆ 35٪ و لە تشرینی دووەمدا رێژەکەی گەیاندە 40٪.
بانکی ناوەندیی تورکیا لە دوایین کۆبونەوەی ساڵی 2023ـدا کە لە 21ـی کانوونی یەکەم کرا، رێژەی سوودی بانکی لە 40٪ بۆ 42.5٪ بەرزکردبووەوە.