دینار دابەزی؛ 100 دۆلار بە زیاتر لە 161 هەزار 500 دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەمڕۆ بەهای دینار بەرامبەر دۆلار دابەزی و 100 دۆلار لەکاتی داخستنی بازاڕدا نزیکەی هەزار دینار بەرزبووەوە و گەیشتە زیاتر لە 161 هەزار و 500 دینار.
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 24.10.2023، حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراوی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ لەکاتی کردنەوەی بازاڕدا 100 دۆلار بە 160 هەزار و 700 دینار بوو، بەڵام لەکاتی داخستندا 100 دۆلار بە 161 هەزار و 650 دینار مامەڵەی پێوەکرا.
 
ئەمە لەکاتێکدایە دوێنێ دووشەممە لەکاتی داخستنی بازاڕدا 100 دۆلار گەیشتە 160 هەزار و 600 دینار.
 
لەبارەی هۆکاری دابەزینی بەهای دینارەوە، حاجی سابیر دەڵێت، گرژییەکانی نێوان گرووپە چەکدارەکانی غەززە و ئیسرائیل، کاریگەریی نەرێنی هەبووە و ترسی فراوانبوونی شەڕەکە، خواستی لەسەر دۆلار زیادکردووە.
 
حاجی سابیر دەشڵێت، دۆخە سیاسییەکە کاریگەری هەیە، بەتایبەتی کشاندنەوەی بەشێک لە کارمەندانی ئەمریکا لە باڵیۆزخانە و کۆنسوڵخانەکانیان.
 
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراوی هەولێر دەشڵێت، ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، ئەگەری بەرزبوونەوەی 100 دۆلار بۆ 162 تاوەکو 163 هەزاریش کراوەیە.
 
ئەمڕۆ بانکی ناوەندیی عێراق 193 ملیۆن و 446 هەزار و 293 دۆلاری خستە بازاڕەوە؛ لەو بڕە 41 ملیۆن و 830 هەزار دۆلاری بە کاش و 151 ملیۆن و 616 هەزار و 283 دۆلاریشی بە شێوەی حەواڵە بوو.
 
لە کاتێکدا لە بازاڕەکاندا 100 دۆلار بە زیاتر لە 160 هەزار دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت، رۆژانە بانکی ناوەندیی عێراق 100 دۆلار بە 132 هەزار دینار دەفرۆشێت، بەڵام فرۆشتنەکەی سنووردارە و زۆرینەی بۆ حەواڵەیە و نایەتە نێو بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە.
 
رۆژی سێشەممە، 17-10- 2023، عەلی عەللاق، پارێزگارى بانکى ناوەندیی عێراق رایگەیاند، دزەپێکردنى دۆلار بۆ وڵاتانى دراوسێ و کۆنترۆڵنەکردنى تەواوەتى دەروازەکان، هۆکارى ناجێگیرى بەهاى دینارە بەرامبەر بە دۆلار.