نەوت و کانزاکانی سلێمانی: دەبێت تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ دابەشکردنی نەوت لەنێو شاریش تەواو ببێت


رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسێکی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی رایگەیاند، نزیکەی 14 ملیۆن و 109 هەزار لیتر نەوت دابەشکراوە کە زیاتر لە 70 هەزار خێزان لێی سوومەندبوون. دەشڵێت، بەگوێرەی پلانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بێت، دەبێت تاوەکو 31ـی 12ـی 2023 دابەشکردنی نەوت لەنێو شاریش تەواوببێت. 
 
رۆژی سێشەممە 24-10-2023، سەلام عومەر، ئەندامی لیژنەی دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە 9ـی ئەم مانگەوە دابەشکردنی نەوت لە ناوچە شاخاوییەکان دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستا لە سنووری پارێزگای سلێمانی بە هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕینەوە زیاتر لە  70 هەزار و 500 خێزان سوودمەندبوون."
 
بڕیارە ئەمڕۆ لە چوارتا، ماوەت، حاجیاوا، بازیان و بەرزنجە نەوت دابەشدەکرێت. سەلام عومەر دەڵێت، "بۆ ئەوەی هەموو خێزانێکی سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەکانی راپەڕین و گەرمیان بەرمیلێک نەوتیان دەستبکەوێت نزیکەی 110 ملیۆن لیتر نەوتمان پێویستە."
 
تاوەکو دوێنێ دووشەممە، لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە نزیکەی 14 ملیۆن و 109 هەزار  لیتر نەوت دابەشکراوە. ئەو ئەندامەی لیژنەی دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی لەبارەی دابەشکردنی نەوت لە سەنتەری شارەکان گوتی، "بەگوێرەی پلانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دەبێت 31ـی 12 دەبێت نێو شاریش تەواوبووبێت."
 
لە هەڵەبجە زیاتر لە هەزار خێزان نەوتیان وەرگرتووە
 
ژیار ئەکرەم، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تەنیا یەک رۆژ لە پارێزگای هەڵەبجە نەوت دابەشکرا ئەویش شەش تانکەرێک بوو کە هەر یەکێکیان 36 هەزار لیتری تێدایە و نزیکەی هەزار و 80 خێزان لێ سوودمەندبوون."
 
ژیار ئەکرەم گوتیشی، "لەکاتی دابەشکردنی نەوت پێنج کاژێرێک هاووڵاتیمان راگرت، لەبەر ئەوەی ئامێرەکانمان کاری نەدەکرد، شۆفێرەکان هەریەک ئامێرێكیان بەدەستەوەیە کە کارتی هاووڵاتییان دەخوێنێتەوە ئەوانە کاری نەدەکرد ئەوەش چارەسەرکراوە و تەنیا دەمانەوێت دڵنیایی وەربگرین کە دووبارە نەبێتەوە و دابەشکردنی نەوت بەردەوام دەبێت."
 
لە پارێزگای هەڵەبجە لە سەنتەری شارەوە دەست بە دابەشکردنی نەوت کراوە. ژیار ئەکرەم دەڵێت، "نەوت بۆ هەمووانە سەنتەر و ناوچە شاخاوییەکان هەر ماڵێک 200 لیترە، بەڵام ئێمە ئەولەویەتمان بەو ماڵانە داوە کە لە سەنتەری شارن و سێ ساڵە وەریاننەگرتووە، دوای ئەوان دەچینە ناوچە شاخاوییەکان."  
 
بۆ ئەوەی هەر خێزانێک لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە یەک بەرمیل نەوتی 200 لیتری وەربگرێت، بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکان پێویستی بە 31 هەزار بەرمیلە. ژیار ئەکرەم دەڵێت، "بەڵێن دراوە ئەم ساڵ ئەو بڕەمان بۆ دابین بکرێت."
 
ئەمڕۆ لە قەزای کۆیە دابەشکردنی نەوت دەستپێدەکات 
 
دوێنێ دووشەممە، ئاری کاکەشین، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی هەولێر بە رووداوی گوت، لە رۆژی 4ـی تشرینی یەکەمەوە لە ناوچە شاخاوییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سۆران دەستیانکردووە بە دابەشکردنی نەوتی ماڵان بە نرخی پاڵپشتیکراو لەلایەن حکومەتەوە و پرۆسەی دابەشکردنی نەوت ئەم ساڵ زۆر بەخێرایی بەڕێوە دەچێت. 
 
ئاری کاکەشین ئاماژەی بەوەکرد، لە هەنگاوی یەکەمدا لە ناوچە شاخاوییەکانەوە لە قەزای پیرمام تاوەکو قەزای چۆمان دەستیانپێکردووە و ئێستا دابەشکردنی نەوت لە شەقڵاوە، چۆمان، سیدەکان و بەشێکی زۆری ناوچە شاخاوییەکان تەواو بووە.
 
لەبارەی بڕی ئەو نەوتەی تائێستا دابەشکراوە لە سنووری پارێزگای هەولێر، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی هەولێر دەڵێت، تائێستا 10 ملیۆن لیتر بەسەر 50 هەزار خێزاندا دابەشکراوە کە هەر خێزانی 200 لیتر نەوتی پێدەدرێت بە 100 هەزار دینار. گوتیشی: "سێشەممە دابەشکردنی نەوت لە قەزای کۆیە دەستپێدەکات و هەوڵدەدەین تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە لە دەوروبەری هەولێر دەستپێبکەین."
 
تاوەکو رۆژی یەکشەممە 15-10-2023 لە ناوچە شاخاوییەکانی سنووری پارێزگای دهۆکیش 4 ملیۆن و 469 هەزار لیتر نەوت بەسەر 22 هەزار و 345 خێزاندا دابەشکراوە. لەو بڕە، ملیۆنێک و 892 هەزار و 40 لیتری بەسەر ناوچە شاخاوییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆدا دابەشکراوە. 
 
ساڵی رابردوو، زۆرترین نەوت لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای هەولێر دابەشکرا، کە زیاتر لە 31 ملیۆن لیتر بوو، لە ناوچە شاخاوییەکانی سلێمانی زیاتر لە 24 ملیۆن لیتر، لە ناوچە شاخاوییەکانی دهۆک زیاتر لە 15 ملیۆن لیتر و لە ناوچە شاخاوییەکانی هەڵەبجەش زیاتر لە 639 هەزار لیتر نەوت دابەشکرا.