هەناردەی تورکیا بۆ سعودیە 600٪ زیادبووە


رووداو دیجیتاڵ

هەناردەی تورکیا بۆ سعودیە لە چارەکی یەکەمی 2023ـدا بۆ نزیکەی 800 ملیۆن دۆلار بەرزبووەتەوە.

ئەنجوومەنی هەناردەکارانی تورکیا رۆژی چوارشەممە، 24-05-2023، رایگەیاند، هەناردەی تورکیا بۆ سعودیە لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا بە رێژەی زیاتر لە 600% گەشەی کردووە و لەو ماوەیەدا بە بەهای 780.5 ملیۆن دۆلار کاڵایان هەناردەی سعودیە کردووە. لەکاتێکدا لە هەمان ماوەی ساڵی رابردوودا، بە بەهای 107.4 ملیۆن دۆلار کاڵایان هەناردەی سعودیە کردبوو.
 
لەو ماوەیەدا سعودیە نزیکەی 1٪ـی کۆی هەناردەی تورکیای پێکهێناوە و 22ـەمین وڵاتە لەڕووی هاوردەی کاڵای تورکیاوە.
 
بەپێی ئامارەکەی ئەنجوومەنی هەناردەکارانی تورکیا، لە چارەکی یەکەمی 2023ـدا زۆرترین کاڵای تورکیا هەناردەی ئەڵمانیا کراوە بە بەهای 6.27 ملیار دۆلار، لەدوای ئەو ئەمریکا دێت بە بەهای 3.86 ملیار دۆلار، دوای ئەویش ئیتاڵیا دێت بە 3.75 ملیار دۆلار.
 
هەرچی عێراقیشە، بەپێی ئامارەکەی ئەنجوومەنی هەناردەکارانی تورکیا لە پلەی هەشتەمینی ئەو وڵاتانە دێت، کە زۆرترین کاڵای لە تورکیاوە هاوردە کردووە؛ لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بە بەهای 2.77 ملیار دۆلار کاڵای لە تورکیاوە هاوردە کردووە.