سندووقی نێودەوڵەتیی نەخت بۆ چین: خۆت نوێ بکەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری سندووقی نێودەوڵەتیی نەخت هۆشداری دەداتە چین لەوەی رووبەڕووی کاتێکی چارەنووسساز بووەتەوە و دەڵێت، دەبێت "خۆی نوێ بکاتەوە"، ئەوکات دەتوانێت سێ ترلیۆن و 500 ملیار دۆلاری دیکە بخاتە سەر ئابوورییەکەی.
رۆژی یەکشەممە 24-3-2024، کریستالینا جۆرجێڤا، بەڕێوەبەری سندووقی نێودەوڵەتیی نەخت رایگەیاند، "چین رووبەڕووی کاتێکی چارەنووسساز بووەتەوە؛ یان دەبێت پشت بەو سیاسەتانە ببەستێت کە لە رابردوودا سوودیان هەبووە؛ یان خۆی نوێبکاتەوە بۆ سەردەمێک لە گەشەی کوالیتیی باڵا."
گوتەکانی جۆرجێڤا لە کاتی بەشداریکردنی لە "کۆڕبەندی گەشەپێدانی چین" هات کە بەرپرسانی باڵای چین تێیدا بەشدارن.
جۆرجێڤا دەڵێت، بەرپرسانی پەکین متمانەیان بەوە هەیە کە چین ئامانجە ئابوورییەکانی دەپێکێت، لەنێویشیاندا گەشەی ئابووری 5٪ لەمساڵدا و، بەڵێنیشیان داوە پاڵپشتیی زیاتری ئەو کۆمپانیایانە بکەن لەو سێکتەرانە کاردەکەن کە لە رووی ستراتیژییەوە گرنگن.
بەڵام ئێستا، سندووقی نێودەوڵەتیی نەخت داوای گۆڕانکاریی زیاتر لە بەرپرسانی چین دەکات.
جۆرجێڤا باس لەوە دەکات، بەپێی شرۆڤەیەکی سندووقەکەیان، ئەگەر چین سیاسەتێکی ئابووری پەیڕەو بکات کە زیاتر تیشک بخاتە سەر بەکاربەران، ئەوە دەکرێت لە 15 ساڵی داهاتوودا 3 ترلیۆن و 500 ملیار دۆلار بچێتە سەر ئابوورییەکەی.
وەک سەرۆکی سندووقەکە دەڵێت، ئەگەر چین ئەو گەشەیە بەدیبهێنێت، ئەو قەبارەیە یەکسان دەبێت بە دووهێندەی قەبارەی ئابووریی کۆریای باشوور.
بە بڕوای کریستالینا جۆرجێڤا، دەبێت چین هەنگاوی "یەکلاییکەرەوە" بنێت بۆ چارەسەری قەیرانی خانووبەرە و کەمکردنەوەی ئەو مەترسییانەی بەهۆی قەرزەکانی حکومەت تووشی کۆمپانیا چینییەکانی ئەو بوارە دەبنەوە.
جۆرجێڤا گوتیشی، سیمایەکی سەرەکیی گەشەی بەرچاو و بە کوالێتیی ئابووری ئەوەیە؛ زیاتر پشت بە بەکاربردنی نێوخۆیی ببەسترێت، کردنی کارێکی لەو شێوەیەش دەوەستێتە سەر زیادکردنی توانای کڕینی تاک و خێزانەکان.
بەپێی دوایین ئامار کە رۆژی هەینی 22-4-2024 لە لایەن وەزارەتی بازرگانیی چینەوە بڵاوکراوەتەوە، لە دوو مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، قەبارەی وەبەرهێنانی راستەوخۆی بیانی لەو وڵاتە نزیکەی 20٪ دابەزیوە و بە بەهای 215 ملیار یوان (30 ملیار دۆلار) وەبەرهێنانی بیانیی راستەوخۆ لە چین کراوە.
هەوڵەکانی بەرپرسانی چین بۆ راکێشانی وەبەرهێنەرانی بیانی لەکاتێکدایە بەشێک لە کۆمپانیاکان، بەهۆی قەیرانی خانووبەرەوە خۆیان لە وەبەرهێنان لە چین بەدوور دەگرن.