شاندێکی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق گەیشتە هەرێمی کوردستان
رووداو دیجیتاڵ
شاندێکی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق گەیشتە هەرێمی کوردستان و لە سبەیەوە بە هاوبەشی لەگەڵ دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان، دەست بە کۆبوونەوەکانیان دەکەن.
شەممە، 24-02-2024، هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەمەبەستی وردبینیکردن لە خەرجی و داهاتەکانی هەرێمی کوردستان، شاندەکەی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق هاتوون و دەیانەوێت وردبینی بۆ شەش مانگی دووەمی ساڵی رابردوو بکەن."
هونەر جەمال گوتیشی "سبەی، کۆبوونەوەکان بە هاوبەشی لەگەڵ دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکەن و، سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووری و سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن."
دیوانی چاودێریی دارایی عێراق لە مانگی هەشتی پار، وردبینی لە خەرجی و داهاتەکانی شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2023 کرد.
هونەر جەمال دەڵێت "ئەم رێکارانە بەشێکن لە جێبەجێکردنی یاسای بودجەی گشتی، کە دەبێت هەموو سێ مانگ جارێک بە هاوبەشیی هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان و عێراق وردبینی بۆ داهات و خەرجییەکان بکەن."