نرخی بیتکۆین 31 هەزار دۆلاری تێپەڕاند
رووداو دیجیتاڵ
نرخی بیتکۆین زیاتر لە هەزار دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە سەرووی 31 هەزار دۆلار، هۆکاری سەرەکییش هەوڵی کۆمپانیاکانە بۆ بەیاساییکردن و رێکخستنی دراوە دیجیتاڵییەکان.
ئێوارەی دووشەممە، 23.10.2023، نرخی بیتکۆین 1650 دۆلار بەرزبووەوە و هەر بیتکۆینێک بە 31 هەزار و 540 دۆلارە.
ئەمە بەرزترین ئاستی نرخی بیتکۆینە لە 4 مانگی رابردوودا.
هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی بیتکۆین گەشبینییە بە هەوڵەکانی رێکخستنی دراوە دیجیتاڵییەکان.
لەم ساڵدا بیتکۆین چەند جارێک گەیشتووەتە ئاستی 30 هەزار دۆلار، بەڵام نەیتوانیوە درێژە بە مانەوە لەو ئاستەدا بکات، ئەوەش بەهۆی رێکارەکانی ئەمریکا و تۆمەتبارکردنی دوو گەورەترین سەکۆی دراوە دیجیتاڵییەکان لە ئەمریکا و جیهان بە تێکەڵکردنی پارەی وەبەرهێنەران لەگەڵ سەرمایە تایبەتەکانیان.
وەبەرهێنەران ئێستا چاوەڕوانی لیژنەی ئاڵوگۆڕی ئەمریکان کە لە کۆتایی ئەم ساڵ، یان نیوەی یەکەمی ساڵی 2024ـدا داواکاریی چەند کۆمپانیایەک پەسند بکات لەوەی ببنە سەکۆی بۆرسەی دراوە دیجیتاڵییەکان.
ئێستا بیتکۆین و دراوە دیجیتاڵییەکان لە سەکۆی تایبەت بە خۆیان مامەڵەیان پێوە دەکرێت بەبێ ئەوەی وڵاتان پشتگیریی بکەن.
بەڵام ئێستا بەشێک لە کۆمپانیاکانی ئەو بوارە لە هەوڵدان هاوشێوەی کاڵا، کانزا و دراوەکانی بۆرسەی جیهانی مامەڵەیان پێوە بکرێت و ببنە سەکۆی بۆرسەی جیهانیی تایبەت بە دراوە دیجیتاڵییەکان و بۆ ئەو مەبەستە داواکاریی فەرمییان پێشکەش بە لیژنەی ئاڵوگۆڕی ئەمریکا کردووە، کە لایەنی پەیوەندیدارە بە بازرگانی و مامەڵەکردن لە بازاڕە داراییەکان.
بەپێی دوایین ئاماری لیژنەکە، 10 کۆمپانیا داواکارییان پێشکێشکردووە و ئێستا پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێت.
بەشێک لە کۆمپانیاکانیش لە دوو هەفتەی رابردوودا بەشێک لە نێوەڕۆکی داواکارییەکانیان گۆڕیوە بە مەبەستی رەواندنەوەی نیگەرانییەکانی لیژنەی ئاڵوگۆڕی ئەمریکا، ئەوەش لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە بە ئاماژەیەکی ئەرێنی لێکدەدرێتەوە کە پەیوەندییەکی ئەرێنی و تەندروست لەنێوان دامەزراوەکە و کۆمپانیاکان دروست ببێت.